ڕۆژانه له دوای ته‌واوبوونی ده‌وامی فه‌رمی، له به‌رده‌م مزگه‌وتی گه‌وره‌ی سلێمانی له‌ناو بازاڕ، ده‌ستگێڕ و عاره‌بانه‌كان ده‌ست به فرۆشتنی شیرینی و موعه‌له‌بات و شه‌ربه‌ت و خواردنه‌وه گازی و خۆراكه شیرینه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌شی زۆری ئه‌و خۆراكانه له نێوان سێ ڕۆژ بۆ هه‌فته‌یه‌ك ماوه‌ی به‌سه‌رچوونیان ماوه.
به‌شێك له‌و هاووڵاتییانه‌ی ده‌چنه بازاڕه‌كه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌زانن خۆراكه‌كان ته‌نیا چه‌ند ڕۆژێك ماوه‌یان ماوه، به‌ڵام ده‌یكڕن و هه‌ندێكیش گومانیان له كاتی ماوه‌به‌سه‌رچوونیان هه‌یه و به ساخته‌ی ده‌زانن.
له سه‌عات دوو و نیوی پاش نیوه‌ڕۆ، ئه‌وكاته‌ی ده‌وامی فه‌رمانگه‌كان ته‌واو ده‌بێت و لیژنه‌كانی چاودێری بازاڕ به‌جێده‌هێڵن، ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی كه له‌سه‌ر عاره‌بانه خۆراك و كه‌لوپه‌لی شیرینی و خواردنه‌وه گازییه‌كان ده‌فرۆشن، له به‌رده‌م مزگه‌وتی گه‌وره‌ی سلێمانی كۆ ده‌بنه‌وه بۆ ساغكردنه‌وه‌ی كاڵاكانیان.
به‌پێی یاسا ئه‌گه‌ر خۆراكه‌كه رۆژێكیشی مابێت بۆ به‌سه‌رچوون، ئه‌وا كه‌س ناتوانێ لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات
یه‌كێك له‌و فرۆشیارانه هه‌رچه‌ند پێی باش نه‌بوو وێنه‌ی خۆراكه‌كانی بگیرێت، گوتی، ئه‌و خۆراكانه تا ڕۆژی به‌سه‌رچوونیان گرفتیان نییه، بۆیه لێره‌ش ساغیان ده‌كه‌نه‌وه تا به‌خێرایی پێش به‌سه‌رچوونیان بفرۆشرێن و زیان نه‌كه‌ن.
ئه‌و گوتیشی، به‌شێك له‌وانه‌ی لێره كارده‌كه‌ن و كه‌لوپه‌ل و خۆراك ده‌فرۆشن، بۆ كه‌سی تر، یان خاوه‌ن كۆگاكه كارده‌كه‌ن و به پاره ئه‌و خۆراكانه ساغ ده‌كه‌نه‌وه و به‌شێكیشیان بۆ خۆیان كڕیویانه و ساغی ده‌كه‌نه‌وه، بۆیه نرخیشیان هه‌رزانه به‌راورد به هیی دووكانه‌كان، چونكه كاتی به‌سه‌رچوونیان كه‌م ماوه.
بڕیار عومه‌ر، هاوڵاتیه‌ك كه به‌رده‌وام سه‌ردانی ئه‌م بازاره ده‌كات گوتی هاوڵاتیان زۆر ئه‌م خۆراكانه ده‌كڕن و هۆكاره‌كه‌ش هه‌رزانیی نرخیانه، به‌تایبه‌ت كه‌سانێك كه به‌ته‌مه‌نن و خوێنده‌وارییان نییه نازانن چه‌ند ڕۆژی ماوه به‌سه‌ر بچێت ده‌چن ده‌یكڕن و ده‌یبه‌نه‌وه ماڵ. ئه‌و به پێویستی ده‌زانێت لێپرسینه‌وه بكرێت و سه‌رچاوه و شوێنی ئه‌و خۆراكانه دیاری بكرێت و ئه‌گه‌ریش كێشه‌یان نه‌بێت با لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان هاوڵاتیان دڵنیا بكه‌نه‌وه.
هاووڵاتییه‌كی تر كه دوو زه‌رف خۆراكی كڕیبوو گوتی "بۆ ئه‌و خۆراكانه‌ی له ماركێته‌كان ده‌فرۆشرێن زۆر سه‌لامه‌تن، ئێمه گوێی ناده‌ینێ و گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌رزانتر ده‌ستمان بكه‌وێت."
هه‌ریه‌ك له چاودێری بازرگانی سلێمانی و قایمقامییه‌تی سلێمانی ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌وان به‌پێی یاسا ناتوانن هیچ مامه‌ڵه‌یه‌ك بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و خواردن و خواردنه‌وانه‌ی كه ماوه‌یان به‌سه‌ر نه‌چووه .
سۆران غه‌فوور به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری بازرگانی سلێمانی، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌و خۆراك و كه‌لوپه‌ل و خواردنه‌وه و موعه‌له‌بات و شیرینییانه‌ی كه له ناو بازاڕ له دوای ته‌واوبوونی ده‌وام ده‌فرۆشرێن و ساغ ده‌كرێنه‌وه، به‌پێی یاسا ناتوانن هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كی خراپ له‌گه‌ڵ فرۆشیاره‌كان بكه‌ن، چونكه تا ئه‌وكاته‌ی خواردنه‌كه به‌سه‌ر ده‌چێت، ناكرێ هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌ك بكه‌ن.
ئه‌و گوتی، چه‌ندان جار لیژنه‌كانیان به شه‌و كه‌وتوون به‌سه‌ر خۆراك و خواردنه‌وه گازییه‌كان كه ته‌نیا چه‌ند سه‌عاتێك ماوه به‌سه‌ر بچن، ته‌نیا ئاگاداریان كردوونه‌ته‌وه كه ئه‌مشه‌و تا به‌یانی هه‌رچه‌ندی لێ فرۆشرا باشه، دواتر كه سبه‌ی ماوه‌كه‌یان به‌سه‌ر ده‌چێت، پێویسته له ناوی ببه‌ن و فڕێی بده‌ن.
"بۆمان دیاری كراوه و ئه‌وانه‌ی له ڕابردوو كاربه‌ده‌ست بوون، پێش ئێمه ئه‌وه‌یان داناوه، هه‌ر خۆراكێك تا ڕۆژی به‌سه‌رچوونی، بۆمان نییه ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرین و له ناوی به‌رین، به‌ڵام وه‌ك وشیاركردنه‌وه‌یه‌ك داوامان ئه‌وه‌یه هاووڵاتییان بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان ته‌ندروست بن و دوور بن له نه‌خۆشی، ئه‌و خۆراكانه نه‌كڕن كه چه‌ند ڕۆژێكی كه‌میان ماوه و به‌سه‌ر ده‌چن." سۆران غه‌فوور وای گوت.
هاوكات گۆران قادر سه‌رۆكی لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قایمقامییه‌تی سلێمانی به هه‌مانشێوه باسی له‌وه كرد، ئه‌وان ناتوانن ده‌ستبه‌سه‌ر ئه‌و خۆراكانه بگرن كه هێشتا مێژووی به‌سه‌رچوونیان ته‌واو نه‌بووه و ماوه‌یان ماوه، ته‌نیا ده‌توانن ئه‌و خۆراكانه ده‌ستبه‌سه‌ر بكه‌ن كه ماوه‌یان به‌سه‌رچووه.
له‌باره‌ی گومانی ساخته‌كردنی مێژوویی به‌سه‌رچوونی ئه‌و خۆراكانه، یان نوێكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی به‌سه‌رچوونه‌كه‌یان، ئه‌و به‌رپرسه‌ی قایمقامییه‌تی سلێمانی باسی له‌وه‌ش كرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی گومان له‌هه‌ر خۆراك و ماده‌یه‌ك هه‌بێت پشكنینی بۆ ده‌كه‌ن، هاوكات هاووڵاتییان ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه گومانیان له هه‌ر خۆراكێك بوو، پێوه‌ندی به لیژنه‌كانی قایمقامییه‌ت یان سه‌ردانی بینای قایمقامییه‌ت بكه‌ن.
به‌پێی ئامارێك كه ده‌ستی "وشه" كه‌وتووه، ته‌نیا له ماوه‌ی 11 مانگی ئه‌مساڵدا لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قایمقامییه‌تی سلێمانی، توانیویانه سه‌رووی 250 تۆن خۆراك و كه‌لوپه‌ل و خواردنه‌وه‌ی خراپ و ماوه‌به‌سه‌رچوو ده‌ستبه‌سه‌ردا بگرن و سه‌رووی 100 ملیۆن دینار سزای سه‌رپێچیكاران بده‌ن و به ده‌یان شوێنیش به‌هۆی سه‌رپێچی دابخه‌ن.
هێرش سه‌لیم جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی سلێمانی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌و خۆراكانه‌ی كه ده‌فرۆشرێن، تا ڕۆژی به‌سه‌رچوون ئاساییه مامه‌ڵه و كڕین و فرۆشتنیان پێوه بكرێت، به‌ڵام هاووڵاتی بۆ ته‌ندروستی خۆی ئه‌گه‌ر چه‌ند ڕۆژێكی بمێنێ به‌كاری نه‌هێنێت.
ئه‌و گوتی، ئه‌وه‌ی گرفتی ته‌ندروستیی دروست كردووه ئه‌وه‌یه، ئه‌و خۆراكانه شێوازی هه‌ڵگرتنه‌كه‌یان ته‌ندروست و باش نییه، خۆراك و شیرین و خواردنه‌وه گازییه‌كان و موعه‌له‌باته‌كان ئه‌گه‌ر كاتیشیان به‌سه‌ر نه‌چووبێت، شوێنی هه‌ڵگرتنیان گونجاو نه‌بێت، ئه‌وا بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ مه‌ترسیدارن، به‌گشتیش قسه هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌ستكاری كاتی به‌سه‌رچوونی ئه‌و خۆراكانه بكرێت به‌وپێیه‌ی له ڕابردوو چه‌ندان جار لیژنه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و خۆراكانه گرتووه كه كاتی به‌سه‌رچوونی ساخته‌یان بۆ كراوه.
وشه/به‌دواداچوونی هۆشیار عه‌لی