باڵیۆزی سعوودیە لە واشنتن هەواڵێکی رۆژنامەی گاردیەن کە تیایدا باس لەوە کرابوو بن سەلمان مۆبایلی خاوەنی دامەزراوەی ئامازۆنی هاک کردووە و زانیاری لێ هەڵگرتووە، بە گاڵتەجاڕ وەسف کرد.
هەواڵەکەی رۆژنامەی گاردیەن لە گاڵتەجاڕ دەچێت
ئەمڕۆ چوارشەم 22ی کانوونی دووە، ئاژانسی هەواڵی "
دویچەڤێلە" ئاشکرای کردووە، باڵیۆزخانەی سعوودیە لە راگەیەنراوێکدا هاک کردنی مۆبایلی جێف بیزۆس، خاوەنی دامەزراوەی ئامازۆنی بە گاڵتەجاڕ وەسف کرد و داوای روونکردنەوە لە رۆژنامەی گاردیەن دەکات.
گاردیەن شەوی رابردوو بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەک کە ناوی ئاشکرا نەکردووە نووسیویەتی، بیزۆس لە ئایاری ساڵی 2018 کۆمەڵێک پەیامی لە واتساپەوە بۆ هاتووە کە کۆدیان لەسەر بووە، ئەو پەیامانە لەلایەن جێنشینی سعوودیەوە نێردراون.
دوای لێکۆڵینەوە لە پەیامەکە، دەرکەوتووە ڤیدیۆیەک چووەتە ناو مۆبایلەکەی خاوەنی دامەزراوەی ئامازۆنەوە و مۆبایلەکەی پڕ کردووە لە ڤایرۆس.
گاردیەن دەڵێ، بن سەلمان و بیزۆس کەمێک پێش ئەو پەیامە بە واتساپ پێوەندییان بەیەکەوە گرتووە و لەدوای چەند سەعاتێک هەندێک لە زانیارییەکانی ناو مۆبایلەکەی جیف بیزۆس هەڵگیراوە، ئەو رۆژنامەیە هیچ ئاماژەیەکی بە جۆری زانیارییەکان نەکردووە.
جیف بیزۆس دەوڵەمەندترین کەسی دنیایە و دامەزرینەری ئامازۆنە و خاوەنی دەزگای میدیایی واشنتن پۆستە، باڵیۆزی سعوودی لەبارەی ئەو هەواڵەی گاردیەن داوای لە بەرپرسانی ئەمەریکا کردووە لێکۆڵینەوەی ورد بکەن بۆ دەرخستنی راستییەکانی ئەو رووداوە.