لێدوانێكی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە نرخی نەوتی دابەزاند

:: PM:02:23:22/01/2020 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە دابەزیندایە و نوێترین لێدوانی بەرپرسێكی باڵای ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، نرخی نەوتی زیاتر دابەزاند.

ئەمڕۆ چوارشەم 21/1/2020 فاتیح بیرۆل سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بڵاوی كردەوە، لە شەش مانگی نیوەی یەكەمی ئەمساڵ خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە سەرووی ئاستی داخوازی دەبێت.

بازاڕەكانی نەوت خەریك بوو لە ژێر كاریگەریی رووداوەكانی لیبیا كەمێك بەرز دەبوونەوە، بەڵام لێدوانەكەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە هۆكاری رەوینەوەی نیگەرانیی بەشێك لە كڕیاران بوو، بۆیە نرخەكەی زیاتر دابەزاند.
بەرمیلی نەوتی برێنت بە 64 دۆلار و 40 سەنت دەفرۆشرێت

بەگوێرەی livechart هەر ئێستە بەرمیلی نەوتی برێنت بە 64 دۆلار و 40 سەنت دەفرۆشرێت، لە كاتێكدا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆرسە،  نرخی هەر بەرمیلێكی نەوت لە سەرووی 65 دۆلار و 60 سەنت دەفرۆشرا.

نرخی نەوت بە بڕی خستنەڕوو بەرانبەر داخوازی گرێ دراوە و هەرە جۆرە زیادەیەك لە خستنەڕوو نرخەكەی كەم دەكاتەوە، پێچەوانەكەشی نرخی نەوت بەرز دەكاتەوە.

زۆری خستنەڕوو لە سەرەتای ساڵی 2015 نرخی نەوتی بۆ خوارووی 30 دۆلار دابەزاند كە بووە هۆی دروستبوونی تەنگژەی دارایی لە زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت.

لە ساڵی 2016وە وڵاتانی ئۆپێك و رووسیا رێوشوێنی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوتیان گرتووەتەوە. ئەوان لانی كەم  هەر شەش مانگ جارێك  رێككەوتنەكەیان نوێ كردووەتەوە. لە دواین رێككەوتنی ئەم وڵاتانە كە مانگی رابردوو ئەنجامیان دا، بڕیاریان دا نیو ملیۆن بەرمیلی تر لە بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە بۆ ئەوەی رێ لە زیاتر دابەزینی نرخی نەوت بگرن.

بڕیارە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ ئەو وڵاتانە دووبارە كۆ ببنەوە و لەبارەی خستنەڕووی ئەم بەرهەمە راوێژ بكەن.



وشە - سلێمان تاشان