تره‌مپ: سه‌ربازانمان له‌ عێراق به‌رده‌وام ده‌بن

:: PM:02:57:22/01/2020 ‌
دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا راى گه‌یاند، بوونى سه‌ربازى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌مه‌یش به‌ هاوكارى عێراق ده‌بێت.

ئه‌مڕۆ له‌ په‌راوێزى كۆڕبه‌ندى ئابوورى جیهان له‌ داڤۆس، دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا و به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق كۆ بوونه‌وه‌.

له‌ كۆنگره‌یه‌كى هاوبه‌شدا دۆناڵد تره‌مپ گوتى، "ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ هاوكارى سه‌ربازیى عێراق وه‌ك رابردوو به‌رده‌وام ده‌بێت".
تره‌مپ: پێوه‌ندیى دووقۆڵیى نێوانمان له‌ باشترین حاڵه‌تدایه‌

له‌باره‌ی پێوه‌ندیى ئێسته‌ى ئه‌م دوو وڵاته‌یش گوتى، "پێوه‌ندیى دووقۆڵیى نێوانمان له‌ باشترین حاڵه‌تدایه‌".
 
به‌رهه‌م ساڵحیش به‌ هه‌مانشێوه‌ى تره‌مپ گوتى، "هاوپه‌یمانى نێوان ئه‌مه‌ریكا و عێراق له‌ جه‌نگى داعش گرنگه‌ و ده‌بێت به‌رده‌وام بێت".
 
به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌ سێى ئه‌م مانگه‌ له‌ ناو به‌غدا هێرشى كرده‌ سه‌ر قاسم سلێمانى، دوو رۆژ دواتر په‌رله‌مانى عێراق بڕیارى دا هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ده‌ربكرێن، كه‌چى دۆناڵد تره‌مپ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ى په‌رله‌مانى عێراق هه‌ڕه‌شه‌ى سزادانى كرد و دووپاتى كرده‌وه‌، هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ناكشێنه‌وه‌ تا ئه‌م وڵاته‌ خه‌رجییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا نه‌داته‌وه‌.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل