پەرلەمانی عێراق لە سازكردنی دانیشتنی ئاسایی شكستی هێنا

:: PM:03:59:22/01/2020 ‌

بڕیاربوو ئەمڕۆ چوارشەم پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی ئاسایی ساز بكات و ژمارەیەك پڕۆژە و پێشنیازی یاسا تاوتوێ بكات، بەڵام بەهۆی ناتەواوی نیسابی یاسایی ئامادەبوونی ئەندامانی، نەیتوانی كۆ ببێتەوە و دانیشتنەكەی كردە گفتوگۆ و راوێژكاری.
دووەم دانیشتنی دوای یەكی پەرلەمانی عێراقە نیساب تەواو نابێت
سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە بڕیار بوو دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەعات 1 پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی ئاسایی ساز بكات و چەند پڕۆژەیاسایەك بەپێی كارنامەی راگەیەندراوی دانیشتنی ئەمڕۆ تاوتوێ بكات، بەڵام ژمارەی ئەندامانی ئامادەبوو گەیشتە 138 پەرلەمانتار، بەوەش نەگەیشتە نیسابی یاسایی پێویست بۆ سازكردنی دانیشتنەكە، بۆیە ئەو دانیشتنە بووە گفتوگۆ و راوێژكاری.

بڕیار بوو لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان خوێندنەوە و دەنگدان بۆ پێنج یاسا و پڕۆژە یاسا ئەنجام بدات، لەوانە یەكەم خوێندنەوەی پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەكان و تاوتوێكردنی پێشنیازی یاسای دەستەی عێراقی بۆ دڵنیایی و یەكەم خوێندنەوەی پێشنیازی یاسای یەكەم هەمواری یاسای دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری و یەكەم خوێندنەوەی پێشنیازی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی شۆڕشی هەڵوەشاوە و یەكەم خوێندنەوە بۆ پێشنیازی یاسای یەكەم هەمواری یاسای ناوەندی پلاندانانی شارستانی و هەرێمایەتی ژمارە 16ی ساڵی 1971. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل