دیاریكردن و راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو

:: PM:04:43:22/01/2020 ‌

ئەم هەفتەیەش هێزە سیاسییەكانی عێراق نەیانتوانی لەنێوان خۆیاندا لەسەر كاندیدێك بۆ سەرۆكی حكوومەتی كاتی رێك بكەون، هاوكات ئەوان لەكاتی رێككەوتنیان ناتوانن رەزامەندیی خۆپێشاندەران بەدەست بێنن، بۆیە ئەو پرسە بەهۆی گەشتەكەی سەرۆك كۆمار و رێكنەكەوتنی هێزە سیاسییەكان بۆ هەفتەی داهاتوو هاتە دواخستن.
هەفتەی داهاتوو یەكلاكەرەوە دەبێت
كەریم نووری، سەركردە لە رێكخراوی بەدر دووپاتی كردەوە كە كەلەڕەقی هێزە سیاسییەكان و خۆپێشاندەران هۆكاری دواكەوتنی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران و راسپاردنیەتی، كاتێك خۆپێشاندەران هەر كاندیدێكی حزبەكان رەت دەكەنەوە، هاوكات بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار چەندان دەستپێشخەری رەت كردووەتەوە بەهۆی ئەوەی تەنگژەی گەورەتری دروست دەكرد. 

زیاتر گوتی، بۆیە ئەو پرسە كەوتە هەفتەی داهاتوو كە سەرۆك كۆمار دوای گفتوگۆكردن لەگەڵ هێزە سیاسییەكان كاندیدێكی بێ مشتومڕ بۆ پۆستەكە رادەسپێرێت.

لای خۆیەوە عەبدولخالق عەزاوی پەرلەمانتاری عێراق ئاماژەی كرد كە هەموو هێزە سیاسییەكانی عێراق لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە كۆكن، وەك باشترین چارەسەر بۆ دەرچوون لەو تەنگژەی هەیە بەپێی مەرجی رێككاری دیاریكراو لەوانە رەخساندنی كەشوهەوا بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە لەڕووی تەناهی و كاری كۆمسیۆن و نووسنگەكانی و و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ پارێزگاكانیان. 

شایەنی باسە ئێستە باسی چوار كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق دەكرێت ئەوانیش هەریەك لە عەلی شوكری و مستەفا كازمی و محەمەد تۆفیق عەلاوی و عەلی عەبدولئەمیر عەلاوین.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل