سەدرییەكان داوا دەكەن میلیشیا گێرەشێوێنەكان لە خۆپێشاندانی هەینی دوور بن

:: PM:06:03:22/01/2020 ‌

دوای ئەوەی موقتەدا سەدر داوای سازكردنی خۆپێشاندانێكی ملیۆن كەسی كرد لەدژی بوونی ئەمەریكا لە عێراق و هەینی داهاتووی بۆ سازكردنی دیاری كرد، هێزەكانی حەشدی شەعبی پاڵپشتیان كرد و بڕیارە بەشداری تیادا بكەن، ئەمڕۆ كەسایەتییەكی نزیك لە سەدر رای گەیاند كە ئەوان نایانەوێ میلیشیا گێرەشێوێنەكان بەشداری لە خۆپێشاندانەكە بكەن.
لەبارەی خۆپێشاندانی ملیۆنییەوە ناكۆكی دەكەوێتە نێوان هێزە شیعەكان
ساڵح محەمەد عێراقی، كەسایەتی نزیك لە موقتەدا سەدر لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، خۆپێشاندەران نابێت دەستدرێژی بكرێتە سەر خۆپێشاندەرانی تشرین، وەك ئاماژەیەك بۆ خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریری بەغدا، كەسیش دەستدرێژی نەكاتە سەر موڵكوماڵی تایبەت و گشتی و كەسیش چەك هەڵنەگرێت.

زیاتر گوتی، كەس لایەنگریی خۆی دیار نەخات و كەس دەستدرێژی نەكاتە سەر هێزە تەناهییەكان و میلیشیا گیرەشێوێنەكان لەئێمە نین و نامانەوێ بەشداری خۆپێشاندانی ئێمە بكەن.

لای خۆیەوە قەیس خزعەلی، ئەمینداری گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق رای گەیاند، عێراق لەژێر داگیركاریدایە و ئەگەر ئەمەریكا گوێ بە بڕیاری سیاسی بۆ دەركردنی نەدات، ئەوكات گرووپەكانی بەرگریكار ئامادەن بۆ دەركردنی، ئەو خۆپێشاندانی هەینی سەدری بە شۆرشێكی تری بیست وەسف كرد، بۆیە داوای كرد كە ئەندامانی حەشدی شەعبی بەشداری لە خۆپێشاندانی هەینی داهاتوو بكەن.

تا ئێستە دیار نییە ئەو خۆپێشاندانە گەورەی سەدر داوای كردووە لەكوێی بەغدا ساز دەكرێت و رێككەوتنی كۆتایی لەسەر نەكراوە، بەڵام چوند شوێنێك هەن و ئەگەری هەیە لەوێ ساز بكرێت، لەوانە گۆڕەپانی مەوال و گۆڕەپانی حورییە و گۆڕەپانی واسق و گۆڕەپانی فیردۆس، بەڵام ئەوەی دووپاتكراوەیە لە گۆڕەپانی تەحریر نابێت.     




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل