راپۆرتێك: تاكە بژارەی ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریكا چەكی ئەتۆمییە

:: PM:09:46:22/01/2020 ‌

دوای رووداوەكانی سەرەتای ئەمساڵ كە بە كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و بۆردمانێكی لاوازی ئێران بۆ هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق كۆتایی هات، دەردەكەوێ كە ئامرازە سەربازییەكانی ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەیارانی لە سەروویانەوە ئەمەریكا، ناگاتە ئاستی بەرپەرچدانەوە، ئەوەش مانای وایە چەكی ئەتۆمی تاكە بژارەی تارانە بۆ بەردەوامبوون لە سیاسەتەكانی ئێران لە ناوچەكە، وەك راپۆرتێكی رۆژنامەوانی ئاماژەی كرد.
وەڵامدانەوەی ئێران لاوازیی توانای سەربازی پێشان دا
لە راپۆرتێكی ماڵپەڕی "ناشیۆناڵ ئینترەست"ی ئەمەریكیدا هاتووە، رووبەڕووبوونەوەی دوایی نێوان ئەمەریكا و ئێران دەریخست كە تواناكانی ئێران كۆنن و ناگەنە ئاستی بەرپەرچدانەوەی نەیارەكانی وەك ئەمەریكا، بۆیە دەكرێ چەكی ئەتۆمی باشترین ئامرازی تاران بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریكا، وەك راپۆتەكە ئاماژە دەكات كە سلێمانی فەرماندەیەكی ئاسایی نەبوو بۆ تاران و باڵەكانی، دەركەوت كە واشنتن لەو بەهایەی سلێمانی تێدەگات، بۆیە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دوای هێرشە مووشەكییەكەی ئێران، پەنای بۆ پەرەسەندنی زیارتی دۆخەكە نەبرد.

لە وەڵامدانەوەی ئێران دەركەوت كە سەرەڕای كاریگەریی كوشتنی سلێمانی، بەڵام تواناكانی بۆ وەڵامدانەوە ئەوەندە نەبوو و ئەویشی كردی بۆ پاراستنی ئابڕووی بوو بە بەڵگەی ئەوەی مووشەكەكان كڵاوەی شەڕوانیان هەڵنەگرتبوو و ئەوان پێش هێرشەكە عێراقییەكانیان ئاگەدار كردبووەوە كە ئەگەری زۆرە زانیارییەكان گەیشتبنە ئەمەریكا، بۆیە دەركەوت هەڕەشەكانی تاران ئەوەندە ورد نین.

بەپێی راپۆرتەكە هێرشەكەی ئێران بۆ سەر بنكە سەربازییەكەی ئەمەریكا لە عێراق، خاڵی لاوازی ئێرانی دەرخست و دەركەوت كە هێز و توانای سەربازی ئاسایی ئێران نەیانتوانی رێگری لە ئەمەریكا بكەن لە كوشتنی سلێمانی كە دووەم كەسایەتی بەهێزی تاران بوو، بۆیە ئەو سیناریۆیەی لەبەردەم تارانە بۆ بەدەستهێنانەوەی توانای بەرپەرچدانەوە بریتییە لە چەكی ئەتۆمی، چونكە پارەی پێویستی نییە بۆ پەرەپێدانی چەكە كۆنەكانی، بەتایبەتی دوای سەپاندنەوەی سزاكانی ئەمەریكا.

راپۆرتەكە دووپاتی كردەوە كە بوون بەخاوەنی چەكی ئەتۆمی نزیكترین رێگەچارەی تارانە بۆ بەرپەرچدانەوەی نەیارانی و رەنگە هەرئەوەیش بێت وای كرد كە بەمدواییە خۆی لە پابەندبوون و جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنی ئەتۆمی بدزێتەوە، لەوانە رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم و گەڕان و پەرەپێدان لەبواری ئەتۆمی. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل