ئەمەریكا لە عێراقدا سیستمی دژەمووشەك دادەمەزرێنێت

:: AM:10:12:23/01/2020 ‌

لە دوای ئەو هێرشە مووشەكییەی ئێران كردیە سەر بنكەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەو وڵاتە لە هەوڵی دانانی سیستمی دژەمووشەكدایە.

كەناڵی "فۆكسنیوز"ی ئەمەریكی لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ئەمەی دركاندووە، ئەگەری زۆرە ئەمەریكا بۆ پارێزگاریكردن لە بنكەكانی خۆی، سوود لە سیستمی بەرگریی ئاسمانی وەربگرێت.

ئەمەریكا كۆمەڵێك سیستمی دژەمووشەكی لە بنكەكانی خۆی لە سعوودیە دامەزراندووە، هاوكات لە ئیمارات و قەتەر و كوێتیش هەمان هەنگاوی ناوە، دەمێنێتەوە لە عێراقیش هەمان سیستم دابمەزرێنێت.

لەو هێرشەی ئێران كردیە سەر بنكەكانی ئەمەریكا لە عێراق هەرچەندە هیچ زیانێكی گیانی بەدواوە نەبوو، بەڵام لەمدواییە ئەمەریكییەكان باسیان لە برینداربوونی ژمارەیەك سەرباز كرد.
ئەمەریكا ئەو سیستمە لە هەولێریش جێگیر دەكات

پنتاگۆن بڵاوی كردووەتەوە، ژمارەیەك لە سەربازەكانی رەوانەی كوێت و ئەڵمانیا كردووە بۆ ئەوەی پشكنینیان بۆ بكرێت.

بەوپێیە ئەگەر ئەمەریكا لە عێراق سیستمەكە دابمەزرێنێت، ئەوا ئەو سیستمە لە هەولێریش جێگیر دەكات، چونكە ژمارەیەك بنكەی سەربازیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستاندا هەڵكەوتوون.

ئەمەریكا خاوەنی سیستمی زۆر پێشكەوتووی دژەمووشەكییە و بەهۆیەوە رێگری لە هەر مووشەكێك یان فڕۆكەیەك دەكات بیەوێ بنكەكانی بكاتە ئامانج، هەر لە ئاسمان دەیانتەقێنێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان