دوای سێ دەیە كەڵەكێوی رووی لە چیاكانی شنۆ كردەوە

:: AM:11:56:23/01/2020 ‌

ئاژەڵی كەڵەكێوی و بزنەكێوی، زیاتر لە سێ دەیە بوو ماڵئاوایی لە ژینگە و چیاكانی شاری شنۆ لە رۆژهەڵاتی كوردستان كردبوو، بەڵام بۆ یەكەم جار لە چەند رۆژی رابردوودا ئەم جۆرە ئاژەڵە لە چیاكان بینراون، ئەمەش بووەتە مایەی دڵخۆشیی ژینگەپارێزانی ناوچەكە.

ئومێد یوسفی بەڕێوەبەری فەرمانگەی چاودێری ژینگە و ژیانی كێویی پارێزگای ورمێ، باسی لەوە كردووە كە نزیكەی 30 ساڵ بوو هیچ جۆرە بزن و كەڵەكێوییەك لە ناوچەكە نەبینرابوون، بەڵام ماوەیەكە لە چیاكان دەبینرێن. ئەوەیشی دركاندووە "لەگەڵ ئەمەشدا ژمارەی پشیلەی كێوی، گورگ و چەقەڵیش زیادی كردووە".

پێ دەچێت كەڵ و بزنەكێوی لە هەرێمی كوردستان یان لە باكوری كوردستانەوە بۆ چیاكانی شنۆ هاتبن
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی ژینگەی ورمێ، پێ دەچێت كەڵ و بزنەكێوی لە هەرێمی كوردستان یان لە باكوری كوردستانەوە بۆ چیاكانی شنۆ هاتبن.

كۆی ژمارەی ئەم جۆرە ئاژەڵە لە پارێزگاكە دەگاتە شەش هەزار سەر كە چوار هەزاریان لە ناوچە سنوورییەكان بەتایبەت لە سنووری نێوان ئێران و توركیا بڵاو بوونەتەوە، سەرووی دوو هەزار و 500 سەریش لە ناوچەی پارێزراوی مەراكان بڵاو بوونەتەوە.

بەگوێرەی سایتی "ئیرنا" بەپێی یاساكانی ئێران، راوكردنی ئەم ئاژەڵانە قەدەغەیە و ئەوانەی ئەو تاوانە دەكەن جگە لە سزای دارایی، سزای گرتنیشیان بۆ دەردەچێت.

كەڵەكێوی بە جۆری نێرینەی بزنەكێوی دەگوترێت كە شاخەكانی درێژ و هاوشێوەی شمشێرن، ئەم جۆرە ئاژەڵە زیاتر لە ئەوروپا، ئاسیای ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژیت.

پێویستە بگوترێ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پاراستنی ئەم جۆرە ئاژەڵە بەتایبەتی لە ناوچەی بارزان، رۆڵێكی گرنگی بینیوە و ژمارەیەكی زۆری بزن و مامز و كەڵەكێوی لە ناوچەی بارزان دەژین كە كوشتنیان بە تەواوی قەدەغەیە و ساڵ بە ساڵیش ژمارەیان زیاد دەكات. 

شنۆ لە رووی جیۆگرافییەوە لە ناوچەی بارزان نزیكە، بۆیە كاریگەریی بۆ سەر زیندووبوونەوەی ژیانی ئاژەڵی كێوی لەم ناوچەیەی رۆژهەڵاتی كوردستان هەبووە.



وشە - سلێمان تاشان