شەفافیەتی نێودەوڵەتی راپۆرتی ساڵانەی راگەیاند.. عێراق 165ـەمین وڵاتە

:: PM:05:26:23/01/2020 ‌

 

رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، راپۆرتی ساڵانەی لەسەر پاكترین و گەندەڵترین وڵاتانی دنیا راگەیاند، نیوزیلەندا و دانیمارك بە هاوبەشی بە كۆكردنەوەی 91 خاڵ پلەی یەكەمیان گرتووە، ئیمارات بە 70 خاڵ پلەی یەكەمی وڵاتانی عەرەبی هەیە و عێراقیش بە 16 خاڵ پلەی 165ـەمینی دنیای گرتووە لە كۆی 180 وڵات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی كانوونی دووەم، رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ریزبەندی پاكترین و گەندەڵترین وڵاتانی دنیای بڵاوكردەوە، عێراق لە كۆی 180 وڵات و هەرێم، لە ریزبەندی 162ـەمینی دنیا دێت.

رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی كە رێكخراوێكی سەربەخۆیە و ساڵی 1993 لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دامەزراوە، ساڵانە لەسەر بنەمای كۆمەڵێك پێوەر راپۆرتی پاكترین و گەندەڵترین وڵاتانی دنیا بڵاودەكاتەوە.

لە 2012 تا ئێستە عێراق نەیتوانیوە لە ریزبەندی 160 بێتە خوارەوە


لە راپۆرتەكەی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی هاتووە، ئەو وڵاتانەی كە هەڵبژاردن كاریگەری لەسەر خاوەن بەرژەوەندییە تایبەتەكان دروست دەكات، ئەو وڵاتانەن كە كەمترین توانای رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیان هەیە.

دیلیا فیریرا رۆبیۆ سەرۆكی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی دەڵێ، نەبوونی متمانە بە دامەزراوەكانی دەوڵەت و بێهیوا بوون لە گەندەڵی حكوومەت، ئاماژەن كە وڵاتانە پێویستیان بە چاكسازی سیاسی زیاتر هەیە، گوتی "پێویستە حكوومەتەكان خێرا چارەسەری رۆڵی گەندەڵی و ئەو پارە زۆرە بكەن كە لە پشتگیری حزبە سیاسییەكان خەرج دەكرێن كە كاریگەری نا شەرعی هەیە بەسەر دامەزراوە سیاسییەكانی".

رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی 13 هەڵسەنگاندن ئەنجام دەدات بۆ ریزبەندی 180 وڵات، هاوكات ریزبەندییەكەش لەسەر بنەمای (سفڕ بۆ 100) دابەش دەكات، بەجۆرێك ئەوانەی سفڕ خاڵ دەهێنن گەندەڵترینن و ئەوانەیشی زۆرترین خاڵ كۆدەكەنەوە پاكترینن.

لەو 180 وڵاتەی لە ریزبەندی رێكخراوەكە ناویان هاتووە، دوو لەسەر سێیان خوار 50 خاڵیان كۆكردووەتەوە، تێكڕای خاڵەكانیش 43 خاڵن.

لە ساڵی 2012 تا ئێستە 22 وڵات زۆر بەخێرایی بۆ پلەكانی سەرەوە سەركەوتوون وەك ئیستۆنیا، یۆنان و غیانا، لە بەرانبەریشدا 21 وڵات بەشێوەیەكی بەرچاو پاشەكشەیان كردووە وەك ئوسترالیا، كەنەدا و نیكاراگوا.

بۆ ئەمساڵ، هەریەكە لە وڵاتانی كەنەدا چوار پلە، فڕەنسا سێ پلە، بەریتانیا سێ پلە، ئەمەریكا دوو پلە پاشەكشەیان كردووە، بەڵام ئەڵمانیا و ژاپۆن هیچ پێشكەوتنێكیان تۆمار نەكردووە و ئیتاڵیاش یەك پلە بەرەو باشتر چووە.

بەگوێرەی راپۆرتەكە بێت ئەو وڵاتانەی لە 2012 تا ئێستە پلەكانیان هەر لە پاشەكشە دەدەن، ئەو وڵاتانەن كە لایەنە سیاسییەكەی و كۆمەڵایەتی و بازرگانیەكەی زۆر پێوەندار بووە بە بڕیاری سیاسی.

بۆ ئەمساڵ رێكخراوەكە لە راپۆرتەكەیدا حەوت راسپاردەی بۆ وڵاتانی ئەندام هەیە بۆ ئەوەی دۆخی چاكسازی لە وڵاتەكانیان باشتر بكەن.

پێوەند بە عێراق، لە پلەی 165ـی نێودەوڵەتی دێت لەكۆی 180 وڵاتدا بە كۆكردنەوەی تەنیا 16 خاڵ لە كۆی 100 خاڵەكە، ئەمەیش لە كاتێكدایە لە 2012 تا ئێستە عێراق لەنێوان پلەكانی سەرووی 170 و 160 بووە.

لەسەر ئاستی دنیا، نیوزیلەندا و دانیمارك بە كۆكردنەوەی 91 خاڵ هەردووكیان پێكەوە لە پلەی یەكەم دێن، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، ئیمارات لە پلەی یەكەم دێت كە هاوكات لە پلەی 21ـی دنیایە بە كۆكردنەویە 70 خاڵ.

 



وشە - فه‌رمان سادق