188 تریلیۆن دۆلار قه‌رز.. ته‌نگژه‌یه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ له‌ دنیا ده‌كات

:: PM:05:36:23/01/2020 ‌
سندووقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى رای گه‌یاند، قه‌رزى گشتى و تایبه‌ت له‌ سه‌ر ئاستى دنیا ژماره‌ى پێوانه‌یى تۆمار كرد و گه‌یشته‌ 188 تریلیۆن دۆلار، ئه‌مه‌یش هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه‌ چونكه‌ 230 % قه‌واره‌ى به‌رهه‌مى ئابوورى دنیایه‌.

ئه‌مڕۆ رۆژنامه‌ى "ئیندپێندنت"ـى به‌ریتانى له‌ چاپه‌ عه‌ره‌بیه‌كه‌یدا راپۆرتێكى له‌سه‌ر ئاستى قه‌رزى دنیا بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا دوایین ئامارى له‌سه‌ر قه‌رزى دنیا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن سه‌ندووقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

له‌سه‌ره‌تاى راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى سندووقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى بڕى قه‌رز ژماره‌یه‌كى نوێى پێوانه‌یى تۆماركردووه‌، گه‌یشتووه‌ته‌ 188 تریلیۆن دۆلار، ئه‌م بڕه‌یش ده‌كاته‌ 230%ى قه‌واره‌ى به‌رهه‌مى دنیا. سندووقه‌كه‌ هۆشدارى داوه‌ له‌كه‌ڵه‌كه‌بوونى قه‌رز و زیادبوونى خزمه‌تگوزارى قه‌رز، چونكه‌ ئه‌مه‌ قه‌واره‌ ئابوورییه‌كانى دنیا رووبه‌ڕووى مه‌ترسى ده‌كاته‌وه‌، به‌هۆى توندكردنى له‌ناكاوى قه‌رزپێدان یان دره‌نگ دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان. 

له‌ هه‌مان كاتیش سندووقه‌كه‌ ده‌ڵێ قه‌رزه‌كان ده‌توانن وه‌به‌رهێنانى به‌رهه‌م زیاد بكه‌ن، سه‌رمایه‌ى پێویست بخه‌نه‌ به‌رده‌ست بۆ ئه‌وه‌ى چاكسازى و فراوانبوونى ژێرخانى ئابوورى تا گه‌شه‌ى ئابوورى به‌رده‌وام بێت.

كریستالینا جۆرجیفا به‌ڕێوه‌به‌رى كارگێرى له‌ سندووقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ڵێ قه‌رزى گشتى و تایبه‌ت گه‌یشتووه‌ته‌ به‌رزترین ئاست كه‌ هه‌رگیز به‌مشێوه‌یه‌ نه‌بووه‌. ئه‌و ژنه‌ به‌رپرسه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كات كه‌رتى تایبه‌ت هۆكارى سه‌ره‌كى بووه‌ له‌ كه‌ڵه‌كه‌بوونى قه‌رزه‌كان، سێیه‌كى ئه‌م قه‌رزه‌یش بۆ كه‌رتى تایبه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

نیوه‌ى قه‌رزه‌كان له‌لاى كۆمپانیا و زلهێزه‌كانن

سه‌باره‌ت به‌ كه‌رتى گشتیش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌رز بووه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ قه‌واره‌ ئابوورییه‌ پێشكه‌وتووه‌كان له‌ جه‌نگى جیهانى دووه‌مه‌وه‌ به‌مشێوه‌یه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ بازاڕه‌ تازه‌ پێگه‌یشتووه‌كان ئه‌وانیش له‌ ئاستێكى به‌رزن، به‌ شێوه‌یه‌ك دوایین جاریش له‌ ته‌نگژه‌ى قه‌رزه‌كانى هه‌شته‌كانى سه‌ته‌ى رابردوو، به‌مشێوه‌یه‌ بینراوه‌.

كریستالینا جۆرجیفا ئه‌و وڵاتانه‌یش له‌بیر ناكات كه‌ داهاته‌كه‌یان زۆر نزمه‌، ده‌ڵێ ئه‌وان له‌ پێنج ساڵى رابردوو كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر بارێكى قورسى قه‌رزه‌كان.

له‌ راپۆرته‌كه‌ى ئێندپێندنت هاتووه‌ به‌گوێره‌ى ئه‌و توێژینه‌وانه‌ى سندووقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى كردوویه‌تى، پاڵپشتى راسته‌وخۆى دامه‌زراوه‌ داراییه‌كان له‌سه‌روبه‌ندى ته‌نگژه‌كه‌ى 2008 گه‌یشتووه‌ته‌ 1.6 ملیار دۆلار.

سه‌باره‌ت به‌ قه‌رزى وڵاتانى تازه‌ پێگه‌یشتوو، چه‌ند هۆكارێك كاریگه‌رى خۆى هه‌بووه‌، له‌وانه‌ دابه‌زینى توندى نرخى كه‌لوپه‌له‌ سه‌ره‌كییه‌كان، كاره‌ساته‌ سروشتییه‌كان، ململانێى و شه‌ڕ، جگه‌ له‌مانه‌یش خه‌رجییه‌كى زۆر له‌ وه‌به‌رهێنانى  ئه‌و پرۆژانه‌ كه‌ به‌رهه‌میان نه‌بووه‌.  ئه‌و هۆكارانه‌ واویان كردووه‌، حكوومه‌ت و كۆمپانیا و خێزانه‌كان بكه‌ونه‌ سه‌ر قه‌رزێكى زۆر. 

له‌راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، بارودۆخى دارایى دنیا هێشتا ئاسانه‌ ئه‌مه‌یش هۆكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ى نرخى سوو بۆماوه‌یه‌كى درێژخایه‌ن هه‌رزانتر بێت، له‌ هه‌مان كاتدا كۆمه‌ڵێك هۆكارى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ن، كه‌ دڵنیایى نابه‌خشن، له‌وانه‌ گرژییه‌ بازرگانییه‌كانى نێوان چین و ئه‌مه‌ریكا و دۆسیه‌ى ده‌رچوونى به‌ریتانیا له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ چه‌ندان مه‌ترسى جیوسیاسى تر، هه‌موو ئه‌مانه‌ وا ده‌كه‌ن، قه‌رزداره‌كان دره‌نگ بتوانن قه‌رزه‌كانیان بده‌نه‌وه‌، له‌لایه‌كى تریش سه‌رمایه‌ى ده‌ره‌كى ده‌ڕژێته‌ ناو بازاڕه‌ تازه‌ پێگه‌یشتووه‌كان.

به‌شێكى گرنگى راپۆرته‌كه‌ى رۆژنامه‌ى ئێندپێندنت بۆ قه‌رزى ده‌ره‌وه‌ى چین ته‌رخان كراوه‌، راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ حكوومه‌تى چین گه‌وره‌تر قه‌رزده‌ر فه‌رمییه‌ له‌ دنیا، به‌شێوه‌یه‌ك قه‌رزه‌كانى ئه‌م وڵاته‌ سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى و بانكى نێوده‌وڵه‌تى و ته‌واوى  ئه‌ندامانى یانه‌ى پاریسى به‌زاندووه‌، فیتۆر گاسپه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى دارایى سندووقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ڵێ بانكه‌كانى حكوومه‌تى چین چاره‌گه‌كى قه‌رزه‌كان پێكده‌هێنن و به‌ چه‌ند وڵاتێكى تازه‌ پێگه‌یشتوویان داوه‌ و بۆیه‌ ئه‌م وڵاتانه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر بارى قه‌رزى چین.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى سندووقى دراوى  نێوده‌وڵه‌تى ده‌ڵێ قه‌رزه‌ بازرگانییه‌كانى چین له‌ ساڵى 2018 گه‌یشتووه‌ته‌ 750 ملیار، چه‌ندان وڵاتى خاوه‌ن داهاتى به‌رز و مامناوه‌ند كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر قه‌رزى چین، بۆیه‌ چین گه‌وره‌ترین قه‌رزده‌رى فه‌رمییه‌ له‌ دنیا. گاسپه‌ر دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌یش ده‌كاته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى زانیاریه‌كانى چین به‌ ته‌واوى دیار نییه‌، هه‌میشه‌ ئه‌م وڵاته‌ قه‌رزى راسته‌قینه‌ى شاردووه‌ته‌وه‌ و كه‌مترى نیشان داوه‌.
چین گه‌وره‌ترین قه‌رزده‌ره‌ و 105 وڵات قه‌رزارییه‌تى

چین شێوازى پاره‌داركردنى له‌سه‌ر ئاستى دنیا گۆڕیوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵێك زانیارى له‌سه‌ر شێوازى چین هه‌یه‌، له‌وانه‌ 400 ملیار دۆلار به‌ 106 قه‌واره‌ى ئابوورى تازه‌ پێگه‌یشتوو دراوه‌،  50% قه‌رزه‌كانى تر دیار نیین، گوایه‌ به‌ 50 وڵات دراون. 

له‌ كۆتایى راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌ به‌رده‌ستبوونى قه‌رزى فه‌رمى وا ده‌كات ئاستى قه‌رزه‌كان به‌رز بێته‌وه‌، له‌ لایه‌ك قه‌رز هاوكار ده‌بێت حكوومه‌ت له‌سه‌ر به‌كاربردن به‌رده‌وام بێت و له‌لایه‌كى تریش به‌رزبوونه‌وه‌ى قه‌رز له‌سه‌ر ئاستى دنیا وا ده‌كات سه‌رچاوه‌ى نیگه‌رانییه‌كى گه‌وره‌ بێت وه‌به‌رهێنه‌ران. ئابووریناسان ده‌ڵێ لێره‌وه‌ خاڵى داڕمان ده‌ست پێ ده‌كات. چونكه‌ ئه‌م قه‌رزه‌ى هه‌یه‌ قه‌واره‌ ئابوورییه‌ پێشكه‌وتووه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌، له‌ نموونه‌ى كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان كه‌ له‌ چین و ئه‌مه‌ریكا و ژاپۆن و به‌ریتانیا و فڕه‌نسا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا هه‌ن، 40% قه‌رزه‌كان له‌لاى ئه‌وانه‌ كه‌ به‌ 19 تریلیۆن دۆلار ده‌خه‌مه‌نلێنرێت.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل