مایك پێنس: دەبێت دنیا بە توندی دژی ئێران بوەستێتەوە

:: PM:07:36:23/01/2020 ‌
لە ساڵوەگەری هۆلۆكۆست، سەركردەكانی دنیا لە ئیسڕائیل داوای رێگری دەكەن لە دووبارە بوونەوەی وەها هۆلۆكۆستێك. مایك پێنس دەڵێ، رێگە نادەین هۆلۆكۆستێكی تر روو بداتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی كانوونی دووەم، مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، پێویستە دنیا بە توندی و بە بەهێزییەوە دژ بە ئێران بوەستێتەوە.

لە ساڵوەگەڕی 75 ساڵەی هۆلۆكۆست سەركۆنەی هەڕەشەكانی ئێران دژ بە ئیسڕائیل كرا

پێنس كە بەشداری 75 ساڵەی ساڵوەگەری هۆلۆكۆستی گرتووخانەی ئوشفیتزی كرد لە قودس، ئاماژەی بەوەدا پێویستە ئامادەبین بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی دژایەتی و ئەو توندوتیژییە قێزەونەی هەیە، گوتی "تەنانەت ئەو وڵاتانەی هێشتا هۆلۆكۆست رەت دەكەنەوە و هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسڕائیل دەكەن لەسەر نەخشەی جیهانی، وەكو ئێران".

زیاتر گوتی "رێگە نادەین هیچ كات هۆلۆكۆستێكی تر رووبدات، بەیەك دەنگییەوە دەیڵێین ئەو هۆلۆكۆستەی روویدا دووبارە نابێتەوە".
 
 قسەكانی پێنس لە 75 ساڵەی ساڵوەگەری هۆلۆكۆستی گروتووخانەی ناو سەربازگەی ئوشفیتز بوو كە ئەمڕۆ پێنجشەم بە بەشداری 40 سەركردەی وڵاتانی جیهان لە ئیسڕائیل بەڕێوەچوو.

سەربازگەی ئۆشفیتز دەكەوێتە پۆڵەندا و نازییەكان لە جەنگی جیهانی دووەم زیاتر لە ملیۆنێك و 100 هەزار كەسیان لەو گرتووخانەیە سووتاند.

 هاوكات بنیامین ناتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل لە گوتاری بەخێرهاتنی بەشدارانی ساڵوەگەڕەكە، داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە رێكاری خێرا دژ بە سەركوتكاری ئێران بگرنەبەر بۆ رێگرتن لە هۆلۆكۆستێكی تر بەسەر ئیسڕائیل. 


وشە - فه‌رمان سادق