ئاكپارتی بەنیازە پڕۆژە یاسایەك بباتە پەرلەمانی توركیا كە پیاوان بەهۆیەوە رزگاریان دەبێت لە سزای گرتن بەرانبەر بە دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر كچانی خوار 18 ساڵی، بە مەرجی هاوسەرگیری كردن لەگەڵیان.
ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی كانوونی دووەم، چاوەڕوان دەكرێت ئاكپارتی دەسەڵاتدار لە توركیا، لە رێگەی پڕۆژەیاسایەك ئەو پیاوانەی دەستدرێژیی سێكسی دەكەنە سەر كچانی خوار تەمەن 18 ساڵی لە سزای گرتن رزگاریان بكات بە مەرجی ئەنجامدانی هاوسەرگیری لەگەڵیان.
ئەو پڕۆژەیە لە ناوەندەكانی توركیا توڕەیی و مشتومڕێكی زۆری لەناو رێكخراوەكانی ژنان و مافناسان دروستكردووە كە بڕیارە كۆتایی ئەم مانگە پێشكەشی پەرلەمان بكرێت.
ناڕازییەكانی ئەو پڕۆژەیاساییە پێیان وایە بە بوونی ئەو یاسایە ئەوا شەرعیەت بە پیاوان دەدات هاوسەرگیری لەگەڵ كچانی هەرزەكار بكەن و دەستدرێژی سێكسیش بۆ سەر كچانی خوار تەمەنی یاسایی زیاتر ببێت.
نەك هەر تەنیا رێكخراوەكانی ژنان و مافناسانی توركی، بەڵكو نەتەوە یەكگرتووەكانیش هۆشداری لە دەرچوواندنی وەها یاسایەك داوە، پێی وایە بوونی وەها یاسایەك وا دەكات پیاوان لە سزا پارێزراو بن، ئەمەش لێكەوتەی دەروونی و كۆمەڵایەتی خراپ لەسەر كچانی قوربانی دروست دەكات.
بەو یاسایە پیاوان بەرانبەر بە دەستدرێژی بۆ سەر كچانی خوار تەمەن 18 ساڵی نەك هەر سزا نادرێن بەڵكو دەرفەتی هاوسەرگیریشیان دەبێت
سەعادەت ئەبو دیە چالاكی نێودەوڵەتی لە بواری مافەكانی ژنان دەڵێ، سیاسەتمەندارانی دەسەڵاتدار دەیانەوێت ئەو پڕۆژەیە تێپەڕێنرێت كە تێیدا هاتووە بكەری دەستدرێژیكەر بۆ سەر كچانی خوار تەمەنی یاسایی لە سزایەكە خۆی دەرباز دەكات بە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو كچانە.
زیاتر گوتی "چالاكانی مافەكانی ژنان زۆر بە بوێری دژی ئەو یاسایە وەستاونەتەوە و هەوڵدەدەن لە رێگەی یاساییەوە ژیانی كچانی خوار تەمەن 18 ساڵی بپارێزن".
پڕۆژەكە لە كاتێكدایە لە توركیا كچان بۆیان هەیە پاش تەمەنی 18 ساڵی كە تەمەنی یاساییە هاوسەرگیری بكەن، بەڵام راپۆرتە فەرمییەكانی دەوڵەت دەڵێ، نیو ملیۆن كچانی خوار تەمەن 18 ساڵی لە 10 ساڵی رابردوودا هاوسەرگیریان كردووە.
هاوكات بەگوێرەی راپۆرتی چالاكانی ژنان تەنیا لە 2017 نزیكەی 409 ژن لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە یان یەكێك لە خانەوادەكەی كوژراون، بەمەش ژمارەی كوژرانی ژنان بەرێژەیەكی زۆر زیادی كردووە كە لە ساڵی 2013 ژمارەكە تەنیا 237 ژن بووە.