کەرکووک.. چه‌ند قوربانییه‌ك به‌ڕووداوى جۆراوجۆر گه‌یاندرانه‌ نه‌خۆشخانه‌

:: PM:11:24:23/01/2020 ‌
ئەمڕۆ بۆ شاری کەرکووک ڕۆژێکی پڕ ڕووداوی سووتان و برینداربوون و هێرشی چەکداری بووە، بەجۆرێک خراپی دۆخی تەناهی خەڵکی شارەکەی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە.

پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ تەواوی دۆسییەکان کردووەتەوە
ملازم ڕێبوار عەلی ڕەحمان لە پۆلیسی فیدڕاڵی شاری کەرکووک بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی کانوونی دووەم، لە نزیک کۆگای مالک لە گەڕەکی پەنجا عەلی شاری کەرکووک لە ئەنجامی شەڕ لە نیوانیاندا  دوو گەنج بە ناوەکانی (سوهەیل نەجم محەمەد ـ تەمەن 27 ساڵ و دلێر ستار عەلی  تەمەن 35 ساڵ)، بەسەختی برینداربوون.

زیاتر گوتی، لەلایەکی تر هەر ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیک مزگەوتی ئەمین نوری لە گەڕەکی پەنجا عەلی شارەکە بەهۆی زۆپاوە ماڵێک سووتا لە ئەنجامدا خوشک و برایەک بە ناوەکانی (ئەنەس ئيسماعیل تەمەن شەش ساڵ و ئەنیا ئيسماعیل تەمەن سێ ساڵ)، گیانیان لە دەستدا.

ڕوونی کردەوە، بەپێی زانیارییەکانمان پێمان گەیشتووە کە کەمێک پێش ئێستە لە گەڕەکی پەنجا عەلی شاری کەرکووک لەلایان کەسانی نەناسراوە تەقە لە هاووڵاتییەک بەناوی (عووسمان كاكە وەیس ساڵح تەمەن 70 ساڵ) کراوە، بە هۆیەوە بریندار بووە، دوای ڕووداوەکە بریندارەکە گەیاندراوەتە نەحۆشخانەی ئازادی شاری کەرکووک.

ئاشکرای کرد، پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ تەواوی دۆسییەکان کردووەتەوە.


وشە - محەمەد میران