وه‌زیری ده‌وڵه‌تی سعوودیه بۆ كاروباری ده‌ره‌وه له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی ئاشكرای كرد، كه سعوودیه ئێرانی به مووشه‌ك و میلیشیا نه‌كردووه‌ته ئامانج، تا وه‌ك دوژمنی خۆی سه‌یری بكات و پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه، كه له ده‌ستووری ئێران هاتووه شۆڕشه‌كه‌یان بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه هه‌نارده بكه‌ن، كه‌واته ئێمه چۆن دانوستاندنیان له‌گه‌ڵ بكه‌ین.
عادل جوبێر وه‌زیری ده‌وڵه‌تی سعوودیه بۆ كاروباری ده‌ره‌وه له كۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌كه گوتی، ئه‌و سزایانه‌ی به‌سه‌ر تاران سه‌پێنراون، به‌هۆی جموجۆڵه‌كانی بووه له ناوچه‌كه، نه‌ك به خواست و ویستی ڕیاز، گه‌لی ئێران گه‌لێكی میانڕه‌ون و مێژوویه‌كی دێرینیان هه‌یه، به‌ڵام ڕژێمی ئێسته‌ی ئێران هه‌موو ئه‌وانه‌ی لێ بردوون.
زیاتر گوتی، له ده‌ستووری ئێران هاتووه، كه پێویسته شۆڕشی "ئیسلامی" خۆیان بۆ ته‌واوی ناوچه‌كه هه‌نارده بكه‌ن، كه‌واته ده‌مانه‌وێ بزانین چۆن دانوستاندنیان له‌گه‌ڵ بكه‌ین، له كاتێكدا ده‌ستوور به‌سه‌ری سه‌پاندوون كه شۆڕش و ئاڵۆزی له وڵاتانی تر دروست بكه‌ن.
پرسیاری ڕیاز ئه‌وه‌یه چۆن دانوستاندن له‌گه‌ڵ ئێران بكه‌ین كه ده‌ستووری وڵاته‌كه‌یان داوایان لێ ده‌كات شۆڕش و ئاڵۆزی له ناوچه‌كه دروست بكه‌ن
له به‌شێكی تری قسه‌كانی
جوبێر دووپاتی كرده‌وه، كه ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان ته‌نگژه و ململانێكانی ناوچه‌كه به هه‌ماهه‌نگی و گفتوگۆ و دانوستاندن چاره‌سه‌ر بكرێن.
له‌باره‌ی بوونی پێوه‌ندیش له نێوان سعوودیه و ئیسرائیل عادل جوبێر گوتی، هیچ پێوه‌ندییه‌كمان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل نییه و ده‌مانه‌وێ به دروستكردنی دوو ده‌وڵه‌ت به گوێره‌ی بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش كۆتایی به كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوو لا بێت.
ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی سعوودیه له كاتێكدایه له ماوه‌ی ڕابردوو به‌رپرسانی حكوومه‌تی ئێران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته دووپاتیان له‌وه كرده‌وه، كه ئاماده‌ن بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ سعوودیه و وڵاتانی تری ناوچه‌كه دابنیشن و كۆتایی به گرژی و ناكۆكییه‌كان بهێنن.