سەنتەری ڕاهێنانی ژن و مێرد دادەمەزرێت

:: AM:10:49:25/01/2020 ‌
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەنیازی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەكە بەمەبەستی ڕاهێنانی ژن و پیاو پێش هاوسەرگیری و پشكنینی تر، جگە لە پشكنینی خوێن.

ئەمڕۆ شەموو 25ـی كانوونی دووەم، عەباس محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی تەندروستیی هەولێر، چاودێری كۆمەڵایەتی و ئەوقاف، بڕیارە پڕۆژەیەك ئامادە بكەین بۆ گرنگیدان بە پرۆسەی هاوسەرگیری.

ئامانج لەوە كەمكردنەوەی ڕێژەی جیابوونەوەیە
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر روونی كردەوە، ئەو پڕۆژەیە بریتییە لە دروستكردنی سەنتەرێكی تایبەت بە راهێنان و زانیاری لەبارەی هاوسەرگیری و یەكەمین كۆبوونەوەش بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام دراوە. بەگوتەی عەباس "ئامانج لەوە كەمكردنەوەی ڕێژەی جیابوونەوەیە". 

باسی لەوەش كرد، مەبەستمانە جگە لە پشكنینی خوێن پێش هاوسەرگیری، پشكنینی هێلكەدان بۆ ژن و پشكنینی ئەندامی نێرینە بۆ پیاو بكرێت، تا بەشێوەیەكی زانستیی دڵنیا بن ئاخۆ دەتوانن منداڵ بخەنەوە یان نا، بۆ ئەوەی لە داهاتوو تووشی كێشە نەبن.

"لەو پڕۆژەیەدا هەوڵ دەدرێت جگە لە پشكنین، دوای هاوسەرگیریش شێوازی پەروەردەكردنی منداڵ و پێوەندی هاوسەریی فێر بكرێن، بۆیە بەمنزیكانە پڕۆژەیەك دەدرێت بە ئەنجوومەنی پارێزگا تا لە دانیشتنێكدا پەسند بكرێ" ئەندامەكەی ئەنجوومەن وای گوت.

بیرۆكەی دروستكردنی ئەو سەنتەرە دوای ئەوە هات كە ژمارەی جیابوونەوە رووی لە هەڵكشان كردووە و بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی دادوەری ساڵی 2019 لە هەرێمی كوردستان هەشت هەزار و 831 جیابوونەوە تۆمار كراوە.



وشە - رامیار جەواد