گەشەی ئابووری وڵاتان بۆ ساڵانی 2020 و 2021 راگەیەنرا

:: AM:11:15:25/01/2020 ‌

سندووقی نێودەوڵەتیی دراو IMF  لە نوێترین راپۆرتیدا پێشبینی گەشەی ئابووری وڵاتانی بۆ ساڵی 2020 و 2021ی راگەیاند، بەگوێرەی راپۆرتەكە زۆرترین گەشەی ئابووری لە هەندێك وڵاتی ئاسیا روو دەدات.

لە راپۆرتەكەی سندووقی نێودەوڵەتی دراو، ئەوە خراوەتە ڕوو كە گەشەی ئابووری زیاتر لەو وڵاتانە روو دەدات كە لە گەشەسەندندان، بەڵام لە وڵاتانی گەشەسەندووی وەك ئەوروپا رێژەكە جێگیر بووە و گۆڕانكاریی كەمی بەسەردا دێت. بە ژمارە رای گەیاندووە "بەگشتی ئابووری جیهانیش 2.9% لە ساڵی 2019 بەرەو 3.3% لە ساڵی 2020 و 3.4% لە ساڵی 2021 بەرز دەبێتەوە".
گەشەی ئابووری ئەمەریکا روو لە دابەزین دەکات

سندووقەكە پێشبینی كردووە لە وڵاتانی گەشەسەندوو، گەشەی ئابووری 1.7% لە ساڵی 2019 بەرەو 1.6% لە ساڵی 2020 گۆڕانكاری بەسەردا بێت. بەپێی پێشبینییەكەی سندووقی نێودەوڵەتی دراو، گەشەی ئابووری ئەمەریكا لە ساڵانی 2020 و 2021 دادەبەزێت. رێژەكە لە ساڵی 2019 بریتی بووە لە 2.3%، بەڵام ئەمساڵ بۆ 2% و ساڵی داهاتووش بۆ 1.7% دادەبەزێت.

لە ناوچەی یۆرۆ رێژەكە 1.2% بەرەو 1.3% لە ساڵی 2020 و 1.4% لە ساڵی 2021 بەرز دەبێتەوە. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەندی ئاسیا رێژەكە لە 0.8%ەوە بەرەو 2.8% لە ساڵی 2020 و 3.2% لە ساڵی 2021 بەرز دەبێتەوە.

لە باشووری بیابانی ئەفریقا، رێژەكە 3.3% لە ساڵی 2019 بەرەو 3.5% و لە ساڵانی 2020 و 2021 بەرز دەبێتەوە. بەڵام لە ئەمەریكای لاتین رێژەكە لە هەڵكشاندایە و 0.1%ەوە بەرەو 1.6% و بۆ ساڵی 2020 و 2.3% بۆ ساڵی 2021 بەرز دەبێتەوە.

ژمارەیەك لەو وڵاتانەی ئاسیا كە لە گەشەسەندندان و بە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو ناو دەبرێن، رێژەكە لە 5.6%ەوە بۆ 5.8% لە ساڵی 2020 و 5.9% لە ساڵی 2021 بەرز دەبێتەوە. بەنگلادیش، بوتان، چین، هیندستان، ئەندەنووسیا، مالیزیا، نیپال، مەغۆلستان، فلیپین، مالدیڤ و میانمار، بەو وڵاتانەی ئاسیا هەژمار دەكرێن كە لە قۆناغی گەشەسەندندان.




وشە - سلێمان تاشان