سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیری به‌رگریی عێراق كۆ بوونه‌وه و له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دووپات له هاوئاهه‌نگی و هاوكاری نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمه‌رگه كرایه‌وه
پێویسته هاوئاهه‌نگییه‌كی باشتر له نێوان سوپای عێراق و پێشمه‌رگه‌دا هه‌بێت
ئه‌مڕۆ شه‌موو 25ی كانوونی دووه‌م، ماڵپه‌ڕی فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كردووه‌ته‌وه، مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له نه‌جاح ئه‌لشه‌مه‌ری وه‌زیری به‌رگریی عێراق كرد.
زیاتر روون كراوه‌ته‌وه، له دیداره‌كه‌دا دوا په‌ره‌سه‌ندن و پێشهاته‌كانی بارودۆخی عێراق تاوتوێ كران و دووپات له گرنگی هاوئاهه‌نگی و هاوكاری نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمه‌رگه كرایه‌وه، به‌تایبه‌تی له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم.
"سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه دا كه تیرۆریستانی داعش ئێسته له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراق بوونه‌ته مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی رژد بۆ سه‌ر دانیشتووان، پێویسته هاوئاهه‌نگییه‌كی باشتر له نێوان سوپای عێراق و پێشمه‌رگه‌دا هه‌بێت و به‌شێوه‌یه‌كی هاوبه‌ش رووبه‌ڕووی ئه‌و مه‌ترسییانه ببنه‌وه، به‌تایبه‌تی له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم". له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی حكوومه‌تدا وا نووسراوه.
ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی حكوومه‌تی هه‌رێم دووپاتی كردووه‌ته‌وه، وه‌زیری به‌رگریی عێراقیش وێڕای ستایشكردنی هێزی پێشمه‌رگه وه‌ك به‌شێك له سیستمی به‌رگریی عێراق كه رۆڵێكی كاریگه‌ری له تێكشكاندنی داعشدا هه‌بووه، ئاماده‌ییشی بۆ هاوئاهه‌نگی زیاتر له‌و بواره‌دا ده‌ربڕی.