لە شەوی رابردووەوە هێزە تەناهییەكانی عێراق بەرەو گۆڕەپانەكانی ناڕەزایەتی لە بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوی دەكەن و ئەوان هەوڵ دەدەن بەزەبری هێز خۆپێشاندەران لەو ناوچانە وەدەرنێن و كۆتایی بەو جموجۆڵە ناڕەزایەتییە بێنن كە نزیكەی چوار مانگە بەردەوامە.
هەڵمەتی نەهێشتنی خۆپێشاندانەكان دەستی پێ كرد
دوێنێ هەینی خۆپێشاندانی ملیۆنی سەدرییەكان و میلیشیاكان لە بەغدا بەڕێوە چوو كە موقتەدا سەدر لە ئێرانەوە بانگەشەی سازكردنی لەدژی بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق كرد و دوێنێس پەیامێكی سەدر خوێندرایەوە بەوەی دەبێت هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بچنە دەرەوە.
شەوی رابردوو دوای پەیامەكەی سەدر لایەنگرانی سەدر لە گۆڕەپانی خۆپێشاندانەكان پاشەكشەیان كرد و هەر ئەوشەوە هێزە تەناهییەكانی عێراق لە بەسڕە و كەربەلا و بەغدا و سەماوە و هیتریش دەستیان بە چۆڵكردنی بەزۆری گۆڕەپانەكانی ناڕەزایەتی كرد و و ئەمڕۆ هێزە تەناهییەكان بەرەو گۆڕەپانی تەحریر هێرشیان كرد و گازی فرمێسكڕێژ و گولەی راستەقینەیان بۆ دوورخستنەوەی خۆپێشاندەران بەكارهێنا و لەوەوە رووبەڕووبوونەوە دروست بوو.
هێزەكانی نەهێشتنی توندوتیژی لە دەوروبەری گۆڕەپانی تەحریر بڵاوبوونەوە و هەوڵی هەڵكوتانە سەر گۆڕەپانەكەیان دا، هاوكات لە گۆڕەپانی خلانی و پردی سنەك پێشڕەویان كرد و چەندان خێوەتی خۆپێشاندەرانیان سووتاند، لەوكاتەی خۆپێشاندەران بەردبارانی ئەوانیان كرد و لەو ناوەدا 14 كەس بریندار بوون.
ئەمڕۆ هێزە تەناهییەكانی عێراق بەزەبری هێز چەندان گۆڕەپان و شەقام یان لە بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق كردەوە و ئەوەیش مەترسی لای خۆپێشاندەران دروست كرد بەوەی حكوومەتی دەستی بە هەڵمەتی كۆتاهێنانی بە خۆپێشاندانەكان دەست پێ كردووە، كاتێك ئەوان گۆڕەپانی تەیەران و رێگەی خێرای محەمەد قاسمیان لە بەغدا لە خۆپێشاندانەكان چۆڵ كرد و لە بەسڕە لە دوێنێ شەوەوە هەڵمەتەكە بەچڕی دەستی پێ كردووە.