شه‌وى رابردوو بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك له توركیا زیاتر له هه‌زار و 100 كه‌سى ره‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه كرد، به‌ڵام شاره‌زایان پێشبینى بوومه‌له‌رزه‌یه‌كى توندتر ده‌كه‌ن كه كاولكاریی زۆر به‌دواى خۆیدا بێنێ.
شه‌وى رابردوو بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به‌گوڕى 6.8 پله‌ى رێخته‌ر له شارى خارپێتى باكورى كوردستانى له توركیا دا و له چه‌ندان شوێنى تر هه‌ستى پێ كرا. به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییه فه‌رمییانه‌ى ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن حكوومه‌تى توركیا بڵاو كرانه‌وه، به‌هۆیه‌وه تا ئێسته هه‌زار و 100 كه‌س ره‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه كراون و 22 كه‌س گیانیان له ده‌ست داوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا 34 كه‌س له برینداره‌كان له‌ژێر چاودێریى چڕدان.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌لایه‌ن تیمه‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كاره‌سات و فریاكه‌وتنى توركیا ناسراو به "
ئافاد" راگه‌یه‌نراون، "تا ئێسته گه‌ڕان به‌دواى پاشماوه‌ى باڵه‌خانه رووخاوه‌كان به‌رده‌وامه و تا نیوه‌ڕۆ 39 كه‌س له‌ژێر داروپه‌ردووی خانووه‌كان رزگار كراون".
ئافاد گوتوویه‌تى، هه‌رچه‌نده گوڕى بوومه‌له‌رزه‌كه 6.8 پله‌ى رێخته‌ر بووه، به‌ڵام ناوچه‌كه له دواى بوومه‌له‌رزه‌كه 148 هه‌ژانى تری به‌خۆوه بینیوه. له ئه‌نجامى ئه‌مه‌یش به ده‌یان خانوو و باڵه‌خانه رووخاون.
له مێژووى توركیا ده‌یان هه‌زار كه‌س به بوومه‌له‌رزه مردوون
بوومه‌له‌رزه له توركیا، مێژوویه‌ك له كاره‌سات
توركیا یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌یه چه‌ندان جار بوومه‌له‌رزه‌ى توندى به‌خۆوه بینیوه، ته‌نانه‌ت هه‌ریه‌كه‌یان ئه‌گه‌ر به‌و بوومهلهرزهیهى شه‌وى رابردوو به‌راورد بكرێن، وێڕاى له‌به‌رچاوگرتنى قوربانییه‌كان، ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وه‌ى شه‌وى رابردوو رووداوێكى زۆر بچووكه.
له‌م راپۆرته‌دا به پشتبه‌ستن به‌و زانیارییانه‌ى له
میدیاكانى توركیا پێشتر بڵاو كراونه‌ته‌وه، ئاماژه بۆ هه‌ندێك بوومه‌له‌رزه‌ى گه‌وره ده‌كه‌ین.
-له كانوونى یه‌كه‌مى ساڵى 1939دا بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به گوڕى 7.9 پله‌ى رێخته‌ر له توركیاى داوه و 33 هه‌زار كه‌سى كوشت.
-له كانوونى دووه‌مى 1942 بوومه‌له‌رزه‌یه‌كى تر به گوڕى 7 پله‌ى رێخته‌ر له ناوچه‌كه‌ى ده‌ریاى ره‌شى داوه، سێ هه‌زار كه‌س به كوژراو و بریندار بوونه قوربانى.
-له تشرینى دووه‌می ساڵى 1943دا بوومه‌له‌رزه به پله‌ى 7.2 رێخته‌ر له ئه‌نكه‌ره‌ى پایته‌ختى داوه، جارێكى تر نزیكه‌ى سێ هه‌زار كه‌سى قوربانى لێكهوتهوه.
- له مانگى شوباتى 1944دا بوومه‌له‌رزه‌یه‌كى تر به هه‌مان پله‌ى بوومه‌له‌رزه‌كه‌ى ئه‌نكه‌ره، له توركیاى داوه و زیاتر له چوار هه‌زار كه‌سى كوشتووه.
- له مانگى ئابى ساڵى 1966دا بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك له رۆژهه‌ڵاتى توركیاى داوه، به گوڕى 6.9 پله، دوو هه‌زار و 394 كه‌سى كردووه‌ته قوربانى.
- له مانگى ئادارى ساڵى 1992دا بوومه‌له‌رزه‌یه‌كى تر له توركیاى داوه به گوڕى 6.8 پله، 653 كه‌سى كردووه‌ته قوربانى و زیاتر له چوار هه‌زار كه‌سى بریندار كردووه.
-له حوزه‌یرانى ساڵى 1998دا بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به‌گوڕى 6.3 پله‌ى رێخته‌ر له شارى ئه‌ده‌نه‌ى سه‌ر ده‌ریاى ناوه‌ڕاستى داوه و 145 كه‌سى كرده قوربانى.
- له 17ى ئابى ساڵى 1999دا گه‌وره‌ترین بوومه‌له‌رزه به گوڕى 7.5 پله‌ى رێخته‌ر له توركیاى دا كه به گه‌وره‌ترین كاره‌ساتى سروشتى توركیا داده‌نرێت له سه‌ته‌ى بیسته‌م.
له ئه‌نجامى ئه‌م بوومه‌له‌رزه‌یه 17 هه‌زار و 488 كه‌س كوژران، 23 هه‌زار و 781 كه‌س بریندار بوون، هه‌روه‌ها 133 هه‌زار و 683 باڵه‌خانه رووخان.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت بوومه‌له‌رزه‌یه‌كى گه‌وره ئیستانبۆڵ بهه‌ژێنێ
بوومه‌له‌رزه‌یه‌كى گه‌وره به‌ڕێوه‌یه
له‌و ئامارانه‌ى سه‌ره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، توركیا هه‌میشه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى بوومه‌له‌رزه‌دا بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ند ساڵێكه هۆشدارى ئه‌وه ده‌درێت كه ده‌بێت له رووى فریاكه‌وتنه‌وه خه‌ڵك ئاماده بكرێت، چونكه پێشبینى بوومه‌له‌رزه‌ی گه‌وره ده‌كرێت، به‌تایبه‌تى له ئیستانبوڵ كه یه‌كێكه له شاره گه‌وره‌كانى توركیا و نزیكه‌ى پێنجیهكى خه‌ڵكى وڵاته‌كه تێیدا ده‌ژین و ژماره‌ى دانیشتووانى ده‌گات به 16 ملیۆن كه‌س.
ماڵپه‌ڕى
"تورك پرێس" له سه‌ره‌تاى مانگى ئۆكتۆبه‌رى رابردوو بابه‌تێكى بڵاو كرده‌وه به ناونیشانى "بوومه‌له‌رزه گه‌وره و چاوهڕوانكراوهكهى ئیستانبوڵ، به‌رپرسیارێتى تاكه‌كه‌سى" له‌م راپۆرته‌دا به راشكاوى دووپات له‌سه‌ر پێشبینى بوومه‌له‌رزه‌یه‌كى گه‌وره كراوه، به‌تایبه‌تى له ئیستانبوڵ.
هاوكات له ماڵپه‌ڕى "
نوون پۆست" راپۆرتێكى تر بڵاو كراوه‌ته‌وه و تێیدا هاتووه هه‌میشه ئیستانبوڵ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى بوومه‌له‌رزه‌دا بووه، ته‌نانه‌ت له ساڵى 1509 بوومه‌له‌رزه‌یه‌كى گه‌وره له‌و شاره‌ی داوه، سه‌رچاوه مێژووییه‌كان ده‌ڵێن بوومه‌له‌رزه‌كه هێنده كوشنده بووه، ده‌سه‌ڵاتدارانى عوسمانى به "كۆتایى دنیاى بچووك" وه‌سفیان كردووه.
له‌لایه‌كی تره‌وه، دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له شاری "خارپێت" كه شه‌وى رابردوو بوومه‌له‌رزه لێى دا، شاره‌زایه‌كى ژاپۆنى پێشبینى ئه‌وه‌ى كرد له‌م چه‌ند ساڵه‌دا بوومه‌له‌رزه‌ى كوشنده له توركیا بدات.
یوشینۆرى مۆریواكى كه شاره‌زایه‌كى ژاپۆنییه، له مانگى تشرینى دووه‌مى ساڵى 2018 وتارێكى له زانكۆى فوڕاتى پارێزگاى خارپێت پێشكه‌ش كردووه و گوتوویه‌تی، له 25 ساڵى داهاتوودا بوومه‌له‌رزه‌یه‌كى توند به گوڕى 7.4 پله‌ى رێخته‌ر له توركیا ده‌دات.
هه‌رچه‌نده ئه‌و شاره‌زاییه ژاپۆنییه ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه خه‌ڵك وه‌ك پێویست بۆ بوارى فریاكه‌وتن ئاماده نه‌كراون، به‌ڵام حكوومه‌تى توركیا باس له‌وه ده‌كات له‌م بواره‌دا كارى كردووه.
مۆریۆواكى باسى له‌وه‌یش كردووه، هه‌ڵكه‌وته‌ى جیۆلۆجى توركیا وایكردووه وڵاته‌كه زووزوو بوومه‌له‌رزه به‌خۆیه‌وه ببینێت.