وەزارەتی تەندروستی لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا: كوردستان لە ناوچەی سەلامەت دایە

:: PM:06:08:25/01/2020 ‌
هاوكاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 12 وڵات زیاتر و گیان لەدەست دانی سەرووی 40 كەس، وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ، هەرێمی كوردستان لە ناوچەی سەلامەت دایە و رێكاری پێویستیش بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا گیراوەتەبەر.

ئەمڕۆ شەموو 25ی كانوونی دووەم، محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بۆ "وشە" گوتی، بەپێی رێكخراوی تەندروستی جیهانی بێت، تا ئێستە هەرێمی كوردستان هاوشانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوچەی ئارام دایە و هیچ مەترسییەكی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسەی لێ ناكرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی روونی كردەوە، ئامادەكاری كراوە لەناو نەخۆشخانەكان بە دابینكردنی شوێنی تایبەت، پشكنینەكانیش لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن، ئەگەر پشكنینێكیش نەبێت ئەوا رەوانەی بەغدا دەكرێت، گوتی "تا ئێستە بەپێی رێكخراوی تەندروستی جیهانی پێویست ناكات هیچ پشكنینێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگیردرێتەبەر و وڵاتانی ئەو ناوچەیە سەلامەتن".

بەپێی رێكخراوی تەندروستی جیهانی پێویست ناكات هیچ پشكنینێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگیردرێتەبەر و وڵاتانی ئەو ناوچەیە سەلامەتن


هاوكات ئاماژەی بە دوا زانیاری سەنتەری (CBC) بۆ كۆنتڕۆڵكردنی پەتاكان كرد كە ناوەندەكەی لە ئەمەریكایە، بەپێی داتاكانی ئەو ناوەندەش بێت تەنیا یەك حالەت لە ئەمەریكا تۆمار كراوە و لە چینیش تەنیا لەو ناوچەیە خەڵك دووچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە كە پەتایەكەی لێ بڵاوبووەتەوە، گوتی "تا ئێستە ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتووەتە 11 وڵات، ئەوانەیشی دووچاری هاتوون، ئەوانەن كە سەردانی ئەو شارەی چینیان كردووە و لەوێوە بۆیان گوازراوەتەوە".

قسەكانی محەمەد قادر لە كاتێكدایە شارەزایانی تەندروستی لە ناوەندی جۆنز هۆبكنز دەڵێن، ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ماوەی شەش مانگدا لە تەواوی دنیا بڵاودەبێتەوە و لە ماوەی 18 مانگیشدا 65 ملیۆن كەس بەهۆیەوە گیان لەدەست دەدەن. بەڵام گوتەبێژەكەی وەزارەتی تەندروستی دەڵێ، ئێمە زیاتر پشت بە رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەبەستین، گوتی "ئەگەر ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتە كوردستان ئەوە تاكە رێگە بۆ خۆپارێزی بریتییە لە بەستنی دەمامكی پزیشكی و شووشتنی دەست و پەنجە بە سابوون و دوور كەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ و بەركەوتن، چونكە هێشتا هیچ دژە ڤایرۆسێكی كۆرۆنا دروست نەكراوە تا بەكار بهێنرێت".


وشە - فه‌رمان سادق