ناجح میزان: ئێران دەیەوێ ئەزموونی سووریا لە عێراق دووبارە بكاتەوە

:: PM:06:47:25/01/2020 ‌

دوێنێ خۆپێشاندانی ملیۆنی سەدر و میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە بەغدا بەڕێوە چوو و دوای ئەوە هێزە تەناهییەكانی عێراق دەستیان كرد بە هەڵكوتانە سەر گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندان، ئەمڕۆیش باسی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران دەكەن، سیاسەتوانێكی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە پلانەكە بۆ پاڵنانی خۆپێشاندەرانە بۆ توندوتیژی و دووبارەكردنەوەی سیناریۆی سووریا.  
دەبێت خۆپێشاندەران لەو خواستەی ئێران و میلیشیاكان وریا بن
ناجح میزان، شرۆڤەكاری سیاسی عێراق دەڵێت، دوای كوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، دۆخەكە پەرەی سەند و ئەمڕۆ میلیشیاكان و سەرانی سەر بە بەری ئێران هەست بە مەترسی لەسەر ژیانیان دەكەن، بۆیە پرسەكە بووەتە تاكەكەسی و ئەوان بە بەردەوام چاویان لە فڕۆكە و ئاسمانە لەترسی مووشەك و دروونەكان، ئەوان متمانەیان بە پارێزراویان نەماوە.

زیاتر گوتی، دوای ئەوەی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گوتی ئێمە لیستێكمان بەدەستەوەیە، ئەوان هەرهەموویان دەترسن، بۆیە ئەوان لە خۆپێشاندانی ملیۆنی ئاگربەستێكی كراوەیان لەگەڵ ئەمەریكا راگەیاند و خۆیان رادەستی كرد، هاوكات ئەوان ویستیان بڵێن خۆپێشاندانی ئەوان نیشتمانییە و هی گۆڕەپانەكانیش جۆكەرییە، بۆیە ئەوەی دوێنێ رووی دا هەوڵی ئەوان بوو بۆ شوێنگرتنەوەی خۆپێشاندانێكی رادەستكراو بۆ ئێران بۆ خۆپێشاندانێكی جەماوەری.

میزانی روونی كردەوە، ئەو هەوڵانەیان بۆ نەهێشتنی خۆپێشاندانەكان بەتایبەتی لە تەحریر، پێیان وایە دەتوانن كاندیدی خۆیان بۆ سەرۆك وەزیران تێپەڕ بكەن و چیتر ناتوانن كاندیدی ئەوان رەت بكەنەوە، ئەوەیە مەبەستی ئەوان و رەنگە عادل عەبدولمەهدی بێننەوە، بەڵام دەیزانن یان نایزانن ئەوەیە كە لەناوبردنی بەوشێوەی خۆپێشاندانەكان، مانگرتووان بەرەو خەباتی چەكداری پاڵ دەدەن، ئەوەیش جێی مەترسییە، بەتاییبەتی دوای هەڵسوكەتەكەی سەدر كە بووە بەشێك لە ویلایەتی فەقێكانی ئێران.

ئەو شرۆڤەكارە روونی كردەوە كە ئەوان دەیانەوێ ئەزموونی سووریا لە عێراق دووبارە بكەنەوە و خەڵكەكە ناچاری چەكهەڵگرتن بكەن و بەدنیای بڵێن ئەوان یاخیبوو و توندوتیژن، بەوهۆیەی ئەوە لە سووریا سەری گرت، بۆیە دەبێت خۆپێشاندەران لەو خواستەی ئێران و میلیشیاكان وریا بن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل