نەتەوە یەكگرتووەكان: دەبێت خۆپێشاندەرانی عێراق بپارێزرێن

:: PM:07:06:25/01/2020 ‌

دوای ئەوەی خۆپێشاندەرانی سەر بە موقتەدا سەدر لە گۆڕەپانەكانی مانگرتن لە بەغدا و شارەكانیتری عێراق پاشەكشەیان كرد، هێزە تەناهییەكانی عێراق دەستیان بە هەڵكوتانە سەر خۆپێشاندەران كرد، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق داوای پاراستنی خۆپێشاندەران دەكات.
بلاسخارت: ژمارەی كوژراو و برینداران لە هەڵكشانە
جانین هینیس بلاسخارت، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئەمڕۆ شەموو لە تویتێك تووڕەیی خۆی لە دۆخی عێراق پێشان دا و نووسیویەتی، لێپرسینەوە نەكردن لەگەڵ ئەوانەی لە كوشتنی عێراقییەكان تێوەگلاون و ئاسانكاری نەكردن لەگەڵ ئەوانی ئازایانە و بۆ ماوەی چوار مانگە رای خۆیان دەردەبڕن، ئەوە نایەننە دی كە عێراقییەكان هیوای بۆ دەخوازن، لەوكاتەی ژمارەی كوژراو و برینداران لە هەڵكشاندایە.

زیاتر گوتی، ئەو هەنگاوانەی تا ئێستە هاوێژراون بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە تەواو نین، بۆیە پێویستە خزمەتی خەڵك بكرێت و بپارێزرێن نەوەك سەركوتكاری و توندوتیژیان لەبەرانبەردا پێڕەو بكرێت.

بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ ئەمڕۆ شەموو ئاستی رووبەڕووبوونەوەی هێزە تەناهییەكانی عێراق و خۆپێشاندەران لە بەغدا و پارێزگا شیعەكان زیادی كردووە بەهۆی هێرشی هێزە تەناهییەكان بۆ سەر گۆڕەپانەكانی ناڕەزایەتی كە سێ كەس كوژراون و 20 تریش بریندارن، جگە لە سووتاندنی خێوەتی خۆپێشاندەران و چۆڵكردنی چەند گۆڕەپان و شەقامێك لێیان و گرتنیان.
    




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل