هادی عامری دەكرێتە سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی

:: PM:07:52:25/01/2020 ‌
دوای كوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، هەوڵەكان بەردەوامن بۆ دانانی هادی عامری لە جێگەی فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشد. پەرلەمانتارێك دەڵێ، لە چەند رۆژی داهاتوودا عادل عەبدولمەهدی بە فەرمی عامری دەكاتە سەرۆكی دەستەی حەشد.

ئەمڕۆ شەموو 25ی كانوونی دووەم، پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی "فەتح"، ئاشكرای كرد، هەوڵ هەیە هادی عامری لە جێگەی فالح فەیاز بكرێتە سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەو پەرلەمانتارە كە قسەی بۆ ماڵپەڕی /مەعلومە/، كردووە و ئامادە نەبووە ناوەكەی بڵاو بكرێتەوە، ئاشكرای دەكات، بەهۆی نزیكی عامری لە سەركردەكانی تری میلیشیا شیعەكان، چەند رۆژێكە لەلایەن ژمارەیەك لە سەركردەكانی میلیشیا شیعەكان، هادی عامری بۆ ئەو پۆستە كاندید كراوە.

كاندیدكردنی عامری سەركردەی رێكخراوی بەدر بۆ ئەو پۆستە، لە كاتێكدایە لە هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر قاسم سلێمانی سەركردەی سوپای قودسی پاسداران، ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی لەگەڵ سلێمانی لەو هێرشەی ئەمەریكا لە سێی ئەم مانگەدا كوژرا.

عامری سەركردەی رێكخراوی بەدر و هاوپەیمانی فەتحە

بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە بێت، پرسی دانانی هادی عامری لە جێگەی فەیاز، چەند رۆژێكە بووەتە باسی گفتوگۆ لەنێوان سەركردە سیاسییەكان گوتی، "فالح فەیاز لە پۆستەكەی خۆیدا وەك سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەمێنێتەوە و هادی عامری بەهۆی نزیكی لە سەركردەكانی تری میلیشیا شیعەكان دەكرێتە سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی"، روونی كردەوە، "پێدەچێت لە چەند رۆژی داهاتوودا عامری بە فەرمی لەلایەن عادل عەبدولمەهدی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان ئەو پۆستەی پێ بدرێت". 

هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی "فەتح"ە كە دووەم لیستی پەرلەمانی هەیە، یەكێكە لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی كە بە فەتوای عەلی سیستانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە 2014 پێكهێنرا و پاشان لە رێگەی پەرلەمانی عێراقەوە بە یاسایی كرا، وەك بەشێك لە هێزەكانی دەوڵەتی عێراق.


وشە - فه‌رمان سادق