تا ئێستە ئەو سەركردانەی لەناو بزووتنەوەی گۆڕانەوە چوونەتەوە ناو یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان، هیچ پۆستێكی باڵایان پێ نەدراوە و سەركردەیەكی یەكێتیش هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات.
چالاكی موهەندیس: بەرد لەجێی خۆی سەنگینە
هەریەكە لە سالار عەزیز و سەركەوت حەسەن و عوسمان بانیمارانی، لە ماوەی رابردوودا وازیان لە بزووتنەوەی گۆڕان هێنا و گەڕانەوە ناو یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، بەڵام تا ئێستە لەلایەن یەكێتییەوە هیچ پۆستێكی باڵا و دیاریان پێ نەدراوە.
عوسمان بانیمارانی، كە پێشتر لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا بوو و گەڕایەوە ناو یەكێتی، لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی خۆی بۆ سەركردایەتی هەڵبژارد، بەڵام دەنگی پێویستی نەهێنا و نەیتوانی سەركەوێ، ئێستە زۆر ناڕازییە و چاوەڕوانی تەواوبوونی كۆنگرە دەكات بۆ ئەوەی خۆی یەكلا بكاتەوە.
بانیمارانی ئەمڕۆ شەموو 25ی كانوونی دووەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند كە چاوەڕوانی تەواوبوونی كۆنگرە دەكات و گلەیی و ناڕەزاییەتییەكانی بە هەند وەربگیرێت، ئەگەرنا هەڵوێستی خۆی یەكلا دەكاتەوە، روونی كردەوە، ئەگەر هیچم بۆ نەكرێ، لەوە تێدەگەم كە یەكێتی حزبێكە جێگەی ئەو كەسانەی تیادا نابێتەوە كە پشتیان نییە.
لای خۆیەوە چالاكی موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ئامادە نەبوو هیچ لەسەر ئەو سەركردانەی پێشووی بزووتنەوەكەی بڵێت و تەنیا ئاماژەی كرد، ئەوەندە دەڵێم بەرد لەجێی خۆی سەنگینە.
فەرید ئەسەسەر، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی ئەو بابەتەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێمە لە ڕۆژی ئەنجامدانی كۆنگرەوە لە قۆناغی ڕاگوزەرداین، بۆیە دوای دامەزراندنەوەی داوودەزگەكانی حزب و ئەنجوومەنی گشتیی سەركردایەتی و هەڵبژاردنی سكرتێری یەكێتی، دەست بەكارە ئاساییەكانی خۆمان دەكەینەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو بابەتە گفتوگۆی لەسەر دەكرێ و چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە.
سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا