سەدر مەرجی پاڵپشتیكردنەوەی لە خۆپێشاندەران رادەگەیەنێت

:: PM:08:51:26/01/2020 ‌

بەم دواییە موقتەدا سەدر لە قومەوە بانگەشەی خۆپێشاندانێكی ملیۆن كەسی لەدژی ئەمەریكا كرد و هەینی رابردوو لایەنگرانی بە پاڵپشتیی گرووپەكانی حەشدی شەعبی سازیان كرد، دواتر لایەنگرانی لە خۆپێشاندانەكان كشاندەوە، ئێستەیش مەرجەكانی بۆ پاڵپشتیكردنەوەی خۆپێشاندەران رادەگەیەنێت.
خۆتان لە ئەمەریكا بێبەری كەن و نابێ دوژمنداری وڵاتانی دراوسێ بكەن
وەك لە بڵاوكراوەیەكی محەمەد ساڵح عێراقی كەسایەتی نزیك لە سەدر هاتووە كە بریتییە لە چەند رێنوێنی و راسپاردەیەكی موقتەدا سەدر بۆ خۆپێشاندەران و تیایدا ئاماژە دەكات، نابێت گەندەڵی بە گەندەڵی چاك بكرێتەوە و شۆڕش لەلایەن خاوەن ئەجیندای دەرەكی بەلاڕێدا ببرێت، بۆیە پێویستە ئەوانە بكەن.

پاراستنی ئاشتیانەی خۆپێشاندانەكان و دەركردنی خراپەكاران و زیان نەگەیاندن بە سامانی گشتی و تایبەت و كردنەوەی رێگە و چوونەوە سەر دەوام و بێبەریبوونی بەپەلە و بەئاشكرا لە داگیركار (ئەمەریكا)، قبووڵكراو نییە دوژمداری لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ بێتە راگەیاندن، دەبێت سنوور بۆ دەستوەردانی لایەنە سیاسییە گەندەڵەكان لە خۆپێشاندانەكان دابنرێت، قبووڵ ناكەین شۆڕش لەلایەن كەسانێكی گوماناوی بەڕێوە بچێت. 

دەبێت سەرۆك كۆماری عێراق بەپەلە و بۆ لەباربردنی پلانی دەرەكی، كەسایەتییەكی بێ مشتومڕ لەسەر بۆ سەرۆك وەزیران رابسپێرێت، رازیش نابم وێنەكانم لە خۆپێشاندانەكان بەرز بكرێتەوە یان هوتافم بۆ لێبدەن و ئەگەر نەیكەن بێزار نابم، بەڵكو ئەوەی بێزارم دەكات هەندێكتان هەوڵی ترازانی ریزی شیعە دەدەن، بۆیە ئەگەر ئەوانە بكەن، ئەوكات رەوایە خۆم و هەموو گەلی عێراق پاڵپشتی شۆڕش بكەین و ئەگەریش نەیكەن ئەوە دەڵێم شۆڕشەكەتان بەلاڕێدا براوە یان دزراوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل