جیاواز له ساڵانی رابردوو، بۆ یه‌كه‌مجار له سنووری شارۆكه‌ی پێنجوێن سه‌ربه پارێزگای سلێمانی، به چه‌ند مانگێك به‌ر له ده‌ستپێكردنی وه‌رزی كشتوكاڵ، نرخی جۆره تۆوێكی كاڵه‌ك بۆ دوو هێنده به‌رز بووه‌ته‌وه، ئه‌و به‌رهه‌مه ساڵی رابردوو پێداویستی ناوخۆی پڕ كردبووه‌وه.
جۆری جیاوازی تۆوی كاڵه‌ك له بازاڕدا بڵاو بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام جووتیار به‌دوای باشترین جۆردا ده‌گه‌ڕێن، تا به‌رهه‌مه‌كانیان له داهاتوودا ركابه‌ریی به‌رهه‌می تر بكات و باشتر ساغ بكرێته‌وه.
فاتیح حه‌سه‌ن جووتیاری شاره‌زای كاڵه‌ك و خاوه‌نی فرۆشگه‌یه‌كی به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كان له بازاڕی پێنجوێن، به"وشه"ی راگه‌یاند كه ده‌بێت هه‌ر له ئێسته‌وه له خه‌می په‌یداكردنی تۆوی كاڵه‌كی "جه‌نه" بن. به‌گوته‌ی ئه‌و "یه‌كێكه له جۆره باشه‌كانی كاڵه‌ك و خواستی زۆر له‌سه‌ره".
نرخی كیسه‌یه‌ك تۆوی جه‌نه له 50 دۆلاره‌وه به‌رز بووه‌ته بۆ 100 دۆلار
فاتیح ورده‌كاری خسته ڕوو، هه‌ر كیسه‌یه‌كی تۆوه‌كه هه‌زار دانه‌ی تێدایه، ساڵی رابردوو به 50 دۆلار بوو، به‌ڵام ئێسته نرخه‌كه‌ی به‌رز بووه‌ته‌وه بۆ 100 دۆلار.
هه‌ر دۆنمێك له زه‌ویی كشتوكاڵی پێویستی به چوار كیسه له‌و تۆوه هه‌یه، ئه‌مه‌ش بارگرانی بۆ سه‌ر جووتیار دروست ده‌كات، چونكه خه‌رجییه‌كانی تری به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵ زۆره و به‌م شێوه‌یه ناتوانن قازانجی باش بكه‌ن.
داخوازیی زۆر له‌سه‌ر ئه‌م تۆوه، وایكردووه به‌شێك له بازرگانان هه‌له‌كه بقۆزنه‌وه و جۆره لاساییكراوه‌كه "ته‌قلید"ی بخه‌نه بازاڕه‌وه، بۆیه فاتیح حه‌سه‌ن كه شاره‌زایه له‌و بواره‌دا، به پێویستی ده‌زانێ جووتیاری كوردستان به‌گشتی و پێنجوێن به‌تایبه‌تی، ئاگاداربن تۆوی كاڵه‌كی "جه‌نه" ته‌قلیده‌كه‌ی كه‌وتووه‌ته بازاڕ و نرخه‌كه‌یشی هه‌ر به‌رزه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست نه‌كرێ كه ئۆجیناڵه‌كه نییه".
فاتیح ئه‌وه‌یشی گوت كه ئه‌م ته‌قلیده به ڕواڵه‌ت هیچ جیاوازییه‌كی نییه له‌گه‌ڵ كیسه ئه‌سڵه‌كه‌دا، بۆیه پێویسته زۆر ئاگاداربن.
تۆوه‌كه جیهانییه و نه‌ك هه‌ر له پێنجوێن، له هه‌موو دنیادا ده‌كرێت و دروستكراوی ئه‌ڵمانیایه، به‌ڵام به‌هۆی زۆریی خواست له‌سه‌ری، هاوینی 2019 له رێی ئێرانه‌وه هێنراوه‌ته بازاڕی پێنجوێن، له‌وێشه‌وه براوه‌ته بازاڕی ناوچه‌كانی تری كوردستان.
به‌رهه‌می ئه‌م جۆره كاڵه‌كه له بازاڕه‌كانی كوردستان باشتر له جۆره‌كانی تر ساغ ده‌كرێته‌وه. دلێر عه‌لی كواوایی خاوه‌نی عه‌لوه‌ی پێنجوێن، بۆ "وشه" ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه ته‌نیا له عه‌لوه‌كه‌ی ئه‌وان، ساڵی رابردوو زیاتر له 700 تۆن كاڵه‌كی جۆری "جه‌نه" فرۆشراوه.
"نرخی هه‌ر كیلۆیه‌كی له نێوان 850 تا هه‌زار دینار بوو" دلێر وای گوت. ئه‌وه‌یشی راگه‌باند كه كۆی به‌رهه‌می ساڵانه‌ی ئه‌و جۆره كاڵه‌كه له سنووری پێنجوێن ده‌گاته 20 هه‌زار تۆن.
له‌لایه‌كی تره‌وه، شاڵاو جه‌مال به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی كشتوكاڵی و میوه له وه‌رزی پێگه‌یشتنیاندا جگه له برنج، توانیویانه پێداویستی ناوخۆیی پڕ بكه‌نه‌وه، به‌ڵام له دوای وه‌رزی پێگه‌یشتن، ده‌ست به هاورده‌كردنیان له ده‌ره‌وه ده‌كرێته‌وه.
به‌گوته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی سلێمانی، ساڵی رابردوو له سنووری پارێزگای سلێمانی و شارۆكه‌ی پێنجوێن، زیاتر له پێنج هه‌زار دۆنم زه‌وی كاڵه‌كی تێدا چێنراوه و خستنه‌بازاڕیشی پێوه‌ندیی به عه‌لوه‌كانه‌وه هه‌یه، بۆ ئه‌مساڵیش پێشبینی ده‌كه‌ن به‌رهه‌مه‌كه زیاتر بێت.
ئه‌م تۆوه زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه له كوردستان و به‌دواداچوون بۆ نرخه‌كه‌ی ده‌كه‌ین
حوسێن حه‌مه‌كه‌ریم گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكوومه‌تی هه‌رێم، بۆ "وشه" ئاماژه‌ی دا، "ئه‌و جۆره له تۆوی كاڵه‌ك كه ناوی "جه‌نه"یه، زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه له خاكی كوردستاندا، به تایبه‌تی له سنووری پێنجوێن، جووتیارانیش زۆر لێی رازین".
"هاورده‌كردنی ئه‌م جۆره تۆوه له ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه، سه‌ره‌تای مانگی شوباتیش بڕێكی زۆرتری لێ هاورده ده‌كرێت و ئه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ی به‌رز كردووه‌ته‌وه، بازرگان خۆیانن كه دیاره ده‌یانه‌وێ داخوازییه‌كه زیاتر بێ تا به گرانتر بیفرۆشن، بۆیه به‌دواداداچوونی بۆ ده‌كه‌ین" گوته‌بێژه‌كه وای گوت.
پێنجوێن ده‌كه‌وێته باكوری رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای سلێمانی، به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافی، یه‌كێكه له ناوچه كشتوكاڵییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ساڵانه نزیكه‌ی سێ هه‌زار جووتیار سه‌رقاڵی به‌رهه‌مهێنانی به‌رهه‌مه جیاوازه‌كانی كشتوكاڵن.
وشه/به‌دواداچوونی رێبین پێنجوێنی