ناوەڕۆكی رێككەوتنی سەدە ئاشكرا بوو

:: PM:04:07:27/01/2020 ‌
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە جیا رێككەوتنی سەدە لەگەڵ ناتنیاهۆ و بیتی گانتس تاوتوێ دەكات. بەگوێرەی زانیاریە دزە پێكراوەكانیش بێت، 30%ـی خاكی بەرەی رۆژئاوای فەڵەستین دەبێتە خاكی ئیسڕائیل، بەرانبەر دداننان بە دەوڵەتی فەڵەستینی، ئەوا دەبێت بزووتنەوەی حەماس و جیهاد لە چەك دابماڵدرێن.

ئەمڕۆ دووشەم 27ی كانوونی دووەم، لەگەڵ ئەوەی چەندجارێك راگەیاندنی پلانی ئاشتی كۆشكی سپی لەنێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین دواخرا، بەڵام ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ بنیامین ناتنیاهۆ سەرۆك وەزیران و بیتی گانتیس ركابەری ناتنیاهۆ لە كۆشكی سپی بە جیا كۆدەبێتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی گۆڤاری "پۆلیتیكۆ"تی ئەمەریكی لەسەر پلانەكەی كۆشكی سپی ئاشكرای كردووە، ئەوا دابەشی سەر چەند قۆناغێك بووە كە قۆناغی راگواستنەكەی چوار ساڵە و وەستاوەتەوە سەر گۆڕانكاری لە هەڵوێستی سیاسی سەركردایەتی فەڵەستینی كە پێشوەختە پلانەكەیان رەت كردووەتەوە. 

بەگوێرەی رێككەوتنەكە بێت فەڵەستین لە چەك دادەماڵدرێت و رێگای ئاسمانی و دەریایی و وشكانی ئیسڕائیل كۆنتڕۆڵی دەكات


لە قۆناغی راگواستندا ئیسڕائیل دەست دەگرێت بەسەر 30%ـی بەرەی رۆژئاوای خاكی فەڵەستین كە بە ناوچەی (ج) ناسراوە، پێشتریش لە ساڵی 1993 رێككەوتنامەی ئۆسڵۆی لەسەر كراوە. 

 بەڵام قودس كێشە گەورەكەیە، بەگوێرەی زانیارییە دزە پێكراوەكان قودس وەك شارێكی یەكگرتوو دەمێنێتەوە و بەسەر ئیسڕائیل و فەڵەستین دابەش نابێت، بەڵام لەژێر سەروەری ئیسڕائیل دەبێت و ئیدارەیەكی هاوبەشی ئیسڕائیلی و فەڵەستینی بەڕێوەی دەبەن و شارۆكەی شعفاتی باكوری قودس دەكرێتە پایتەختی دەوڵەتی فەڵەستینی نەك قودسی رۆژهەڵات. 

یەكێك لە مەرجەكانی رازی بوونی ئیسڕائیل بە دەوڵەتی فەڵەستینی ئەوەیە، ئەو دەوڵەت نابێت چەكی هەبێت و ئیسڕائیل كۆنتڕۆڵی سنووری ئاوی و وشكانی و ئاسمانی دەكات، جگە لەمەش دەبێت دەوڵەتی فەڵەستینی دان بە كۆمەڵگە نیشتەجێبووەكانی ئیسڕائیل بكات.

هەر بەپێی پلانی رێككەوتنەكەی كۆشكی سپی بێت كە بە گرێبەستی سەدە ناسراوە، دەبێت دەوڵەتی فەڵەستین دەست بەسەر كەرتی غەززە بگرێت و لە چەك دایبماڵێت و نابێت چیتر هەردوو بزووتنەوەی حەماس و جیهاد، چەكیان بە دەست بێت. 
 
كۆشكی سپی پێداگیرە لەسەر ئەوەی دەبێت قەڵەستینیەكان بە هەموو بەندەكانی رێككەوتنەكە رازی ببن و ددان بە دەوڵەتی ئیسڕائیل بنێن. 
 
جێی باسیە جارید كۆشنەر زاوا و گەورە راوێژكاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، ماوەی سێ ساڵە سەرقاڵی ئامادەكاریی پلانەكەیە. 

 ئاشكراكردنی بەشێكی كەمی رێككەوتنەكە، لە كاتێكدایە هەر ئەمڕۆ دووشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ بنیامین ناتنیاهۆ و بینی گانتس ركابەری ناتنیاهۆ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسڕائیل، بە جیا كۆدەبێتەوە و وردەكاری رێككەوتنی سەدە تاوتوێ دەكەن، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ هیچ بەرپرسێكی فەڵەستینی كۆبوونەوەی نابێت.  



وشە - فه‌رمان سادق