گوڵبه‌هار سه‌رمه‌شقى ژنه هونه‌رمه‌نده‌كانی كورد و ده‌ركه‌وتووى سه‌رده‌مى خۆى بووه كه له نیوه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى بیستدا ناسرایه‌وه. ئه‌و خاتوونه هه‌موو به‌یانییه‌ك له رادیۆى كوردى به‌غداوه گوێبیستى ده‌نگه به‌سۆز و گۆرانییه‌كانى ئه‌م ژنه هونه‌رمه‌نده ده‌بووین به‌تایبه‌تى گۆرانیى (كه‌وا سپێدێ بخوینه)، به‌هۆى خۆشخوانیى ئه‌م گۆرانییه‌وه بوو كه به فه‌یرووزى كورد ناوزه‌د كرا.
له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیستدا كه ئه‌وكات گۆرانیبێژی ژن زۆر كه‌م بوون، گوڵبه‌هار توانی هه‌ندێك له‌و بۆشاییه پڕ بكاته‌وه و خزمه‌تێكى زۆری ئه‌م بواره‌ى كرد. جیاواز له ژنه هونه‌رمه‌نده‌كانى پێش خۆى وه‌ك دایكى جه‌مال، نه‌سرین شێروان، مه‌نیج حه‌یران، مریه‌م خان، نازدار و ئه‌سمه‌ر فه‌رهاد و فه‌وزیه محه‌مه‌د كه ته‌نیا حه‌یران و لاوك و گۆرانییه فۆلكلۆرییه‌كانیان ده‌گوته‌وه.
گوڵبه‌هار نوێگه‌ریى له گۆرانیی كوردی و رچه‌شكێنی له‌و بواره‌دا كرد. یه‌كه‌م ژنه گۆرانیبێژى كورد بوو كه به ئاواز و شیعرى نوێوه كۆمه‌ڵێك گۆرانیی نوێ و هه‌مه‌چه‌شنه‌ى تۆمار كرد، به‌مه‌ش بوو به پێشه‌نگى ژنه گۆرانیبێژه نوێگه‌ره‌كانى باشوورى كوردستان.
زۆربه‌ى گۆرانییه‌كانى گوڵبه‌هار له شیعرى دكتۆر به‌درخان سندى، فه‌یسه‌ڵ مسته‌فا، عه‌بدولحافز مایی، سه‌برى بۆتانى، مه‌حفووز مایی، محه‌مه‌د ئه‌مین ئوسمان، فه‌خره‌دین دۆسكى و سه‌گڤان عه‌بدولحه‌كیم بوون.
ژماره‌یه‌ك هونه‌رمه‌ندیش ئاوازیان بۆ گۆرانییه‌كانى داناوه وه‌ك ئه‌حمه‌د ئه‌لخه‌لیل، سه‌میر زاخۆیی، نازم نه‌عیم، یاسین ئه‌لشێخلی، محه‌مه‌د قه‌درى، جه‌مال جه‌لال و به‌شار زاخۆیی.
هه‌روه‌ها گوڵبه‌هار له‌گه‌ڵ چه‌ندان هونه‌رمه‌ندی تر به دووقۆڵى گۆرانى گوتووه، وه‌ك گۆرانیى "ئه‌ز كچم كچا كوردانم" له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی، گۆرانیى "زه‌مبیلفرۆش" له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند عیسا به‌روارى، گۆرانیى "خالخالۆكى" له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها، گۆرانیى "ماسیفرۆش" له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند فه‌خرى بامه‌ڕنى.
هاوكات چه‌ند گۆرانییه‌كیشی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان عه‌بدوڵا زێڕین، فوئاد ئه‌حمه‌د، جه‌مال جه‌لال، محه‌مه‌د ته‌یب تاهیر و محه‌مه‌د قه‌درى گوتووه‌ته‌وه.
له پاش كۆچى دوایی بارزانى نه‌مر، به دووقۆڵى له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا زێڕین، گۆرانییه‌كیان به‌ناونیشانى "رۆژا تو چووى ته‌لمه‌كر تازى" تۆمار كرد كه ده‌ڵێ، "ئه‌ی دلێ من پر برینه، توچووی مه خودان نینه)". "1".
گوڵبه‌هار یه‌كه‌م ژنه گۆرانیبێژى كوردبوو كه له وڵاتانى ده‌ره‌وه كۆنسێرت و ئاهه‌نگى تایبه‌تى گێڕاوه، سه‌ره‌تا له‌سه‌ر شانۆى گه‌وره‌ترین هۆڵه‌كانى لبنان شانبه‌شانى هونه‌رمه‌ندان محه‌مه‌د عارف جه‌زراوى و عیسا به‌روارى گۆرانى گوتووه.
له ساڵانى 1977 و 1978 گه‌شتى هونه‌ریى بۆ وڵاتانی به‌ریتانیا و نه‌مسا و سوید كردووه، له ساڵى 1981 چووه‌ته ئه‌مه‌ریكا و له‌وێ چه‌ندان كۆنسێرت و ئاهه‌نگى بۆ كوردانى تاراوگه گێڕاوه. به‌مه‌ش نازناوى باڵوێزى گۆرانیى كوردى وه‌ده‌ست هێناوه. تا كاتی دووركه‌وتنه‌وه‌ى له گۆرانیگوتن، به‌رهه‌مه‌كانى گه‌یشته 275 گۆرانى "2" و دوایه‌مینیان گۆرانیى "دلۆ دلۆ ته ئه‌ز هێلام" له هۆنراوه‌ى دكتۆر به‌درخان سندى بوو.
گوڵبه‌هار ناوى ته‌واوى "فاتیمه محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د عه‌لى"یه و له بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكى شارۆكه‌ى ئامێدییه، به‌هۆى كێشه‌ى خێزانى كۆچ ده‌كه‌ن بۆ ده‌ڤه‌رى جۆله‌مێرگ له باكورى كوردستان، دواتر دێنه‌وه ئامێدى و پاش ماوه‌یه‌كى كه‌م باوكى كۆچی دوایی ده‌كات.
ئیتر ماڵیان ده‌گوازنه‌وه بۆ مووسڵ و له‌وێ قوتابخانه‌ى سه‌ره‌تایی له ساڵى 1949 ته‌واو ده‌كات، دواتر ده‌چێته به‌غدا و له‌گه‌ڵ كوڕێكى به‌غدایی ده‌رچووى زانكۆى ئه‌مه‌ریكى هاوسه‌رگیرى ده‌كات، به‌رهه‌مى ئه‌و هاوسه‌رگیرییه كچێكه به‌ناوى "بێریڤان".
سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ كۆراڵى رادیۆى به‌غدا به‌شى عه‌ره‌بى ده‌ستى به كارى هونه‌رى كردووه و دواتر له‌گه‌ڵ تیپى شانۆى 14ى ته‌مووزى هونه‌رى به‌شداریی له چه‌ندان كارى شانۆیی و دراماى ته‌له‌ڤزیۆنى كردووه، به‌مه‌ش ده‌بێته یه‌ك له ژنه پێشه‌نگه‌كانى شانۆى عێراقى. له چه‌ندان فلیمى سینه‌مایی وه‌ك "گوڵى سوور" و "بووكى فورات" به‌شداری ده‌كات.
گوڵبه‌هار پاش ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ زۆربه‌ى هونه‌رمه‌نده كورده‌كان ئاشنایه‌تى په‌یدا ده‌كات، هانی ده‌ده‌ن به زمانى دایك گۆرانى بڵێت. ئه‌وه‌بوو له سه‌ره‌تاى ساڵانى شه‌سته‌كان له هۆنراوه‌ى محه‌مه‌د ئه‌مین ئوسمان و ئاوازى ئه‌حمه‌د ئه‌لخه‌لیل، گۆرانییه‌ك به‌ناونیشانى "كورێ گوندی به‌ژن دارێ حه‌یزه‌ران" تۆمار ده‌كات.
گوڵبه‌هار له 17/3/2005 له پاداشتى خزمه‌ت و ماندووبوونى بۆ هونه‌رى كوردى، له هۆڵى هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزیرى له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى رۆشنبیریى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه فێستیڤاڵێكى تایبه‌ت و رێزلێنانى شایسته‌ى له دهۆك بۆ ساز كرا.
ئه‌و خاتوونه خاوه‌نى چه‌ندان ده‌سپێشخه‌رى و رچه‌شكێنی بوو له بوارى هونه‌ردا، بۆیه چه‌ندان نازناوى وه‌ك نوێخواز، باڵوێزى گۆرانیى كوردى و فه‌یرووزى كورد، به‌ده‌ست هێناوه.
له‌به‌رئه‌وه‌ى ئاماده نه‌بووه له هیچ چاوپێكه‌وتنێكى میدیایى و دانیشتنى تایبه‌تیشدا باس له ژیانى خۆى و بنه‌ماڵه‌كه‌ى و هۆى هاتنى بۆ به‌غدا بكات "3"، چیرۆكه‌كانى ژیان و مردنى زۆر ته‌مومژاوین.
سه‌رچاوه‌كان به‌یه‌ك جۆر له ژیانى نادوێن، ته‌نانه‌ت له شوێن و ساڵى له‌دایكبوونه‌كه‌یدا یه‌ك ناگرنه‌وه و جیاوازى له نێوانیاندا هه‌یه. هه‌ندێ سه‌رچاوه ده‌ڵێن له گوندێكى مه‌سیحینشین به‌ناوى "مار شه‌معونا" له ده‌ڤه‌رى جۆله‌مێرگی باكورى كوردستان له ساڵى 1929 له دایك بووه. به‌ڵام هه‌ندێ سه‌رچاوه ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه له ساڵى 1932 له ئامێدى له دایك بووه.
شێوازى مردنه‌كه‌یشى جێی سه‌رسوڕمانه، هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی ده‌ڵێ، گوڵبه‌هار لاى من گوتى ئه‌گه‌ر مردم له كوردستان و له زاخۆ به خاكم بسپێرن، كه‌چى كاتێ له به‌غدا و له 23/2/2010 كۆچی دوایی ده‌كات، له گۆڕستانى نه‌جه‌ف به‌خاك دێته سپاردن.
چه‌ند وێسته‌گه‌یه‌ك له ژیانى گوڵبه‌هار
*ده‌ڵێن هونه‌رمه‌ندى كورد ئه‌حمه‌د ئه‌لخه‌لیل نازناوى گوڵبه‌هاری داناوه.
* هونه‌رمه‌ندێكى به‌هه‌ڵوێست بووه و گۆرانیى به‌سه‌ر رژێمى به‌عس نه‌گوتووه.
*حافز مایی كه پتر له 40 هه‌ڵبه‌ستى له‌لایه‌ن گوڵبه‌هاره‌وه كراوه‌ته گۆرانى، ده‌ڵێ، له ساڵى 1961 قوتابیی زانكۆ و هاوكات بێژه‌ری رادیۆى كوردی به‌غدا بووم، سه‌ره‌تا شیعره‌كانم له رۆژنامه و گۆڤار بڵاو ده‌كرده‌وه و دواتر كه گوڵبه‌هارم ناسى كه هۆنراوه‌كانمی كرده گۆرانی.
له‌باره‌ى به‌ناوبانگترین گورانیى گوڵبه‌هار "كه‌وا سپێدێ بخوینه"یه، ده‌ڵێ، رۆژێكیان له قاوه‌خانه‌ى به‌رازیلى له شه‌قامى ره‌شیدی به‌غدا به ته‌نیا دانشتبووم. ئه‌ندێشه‌م چووه سه‌ر دیمه‌نه دڵفڕێنه‌كانى گونده‌كه‌مان و خه‌یاڵ بردمیه‌وه كه سبه‌ینان گوێمان له قاسپه‌ی كه‌و ده‌بوو، ئه‌وه‌بوو ئه‌م هه‌ڵبه‌سته‌م نووسی "كه‌وا سپێدێ بخوینه".
* ژنه هونه‌رمه‌ند فه‌وزیه محه‌مه‌د "4" پێش گوڵبه‌هارى خوشكى هاته ناو دنیاى گۆرانیى كوردى، له سه‌ره‌تاى ساڵانى په‌نجاكان شووى كرد و له دنیاى هونه‌ر دوور كه‌وته‌وه، ئه‌وه‌بوو له ساڵى 1992 كۆچى دوایی كرد.
هونه‌رمه‌ندى ناودارى عێراق "غه‌زوه ئه‌لخالدى" كچى فه‌وزیه‌یه كه ده‌كاته خوشكه‌زاى گوڵبه‌هاره.
سه‌رچاوه:
1.رۆژنامه‌ى "ئه‌لته‌ئاخى" ژماره 6798 رێكه‌وتى 3/3/2014 .
2. ماڵپه‌ڕى برایه‌تى، جه‌مال به‌روارى، "وێستگه‌كانى یاده‌وه‌ریم له‌باره‌ى گوڵبه‌هار" 20/9/2016 .
3. ئه‌حمه‌د زاوێتى "گوڵبه‌هار هاته‌وه كوردستان". كه‌ناڵى ئه‌لجه‌زیره..22/3/2005.
وشه/كه‌ركووك- ستار جه‌بارى