وێنه‌ى كورد له "هه‌زار و یه‌ك شه‌وه"
زۆرن ئه‌و سه‌رچاوه عه‌ره‌بى و ئیسلامییانه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى زۆر دزێو وێنه‌ى كوردیان شێواندووه، یه‌كێك له‌و كتێبانه كه وێنه‌ى كوردى به‌وپه‌ڕى دزێوى تێدا پێشان دراوه، چیرۆكه‌كانى "هه‌زار و یه‌ك شه‌وه"یه.
هه‌موومان ده‌زانین له تێكسته كۆنه‌كانى عه‌ره‌بى و ئیسلامى، وێنه‌ى كورد شێواوه، به‌و مانایه نا كه وه‌سفى ره‌چه‌ڵه‌ك و زمان و كولتوورى كوردى وه‌ك خۆى نه‌گه‌یشتووه، به‌ڵكو سته‌مه‌كه زیاتر له‌وه تێپه‌ڕى كردووه و به‌وه گه‌یشتووه گومان له مرۆڤبوونى كورد كراوه. بۆ نموونه وه‌ها باسى كورد كراوه كه رهچهڵهكهكهى بۆ سه‌ر جنۆكه ده‌گه‌ڕێته‌وه، یان به ده‌یان جۆرى تر كورد وه‌ك جۆرێك له شه‌یتان دزێو كراوه.
ئه‌م بابه‌ته له كتێبه مێژووییه‌كان زۆر زه‌ق ده‌ركه‌وتووه، به‌ڵام ئه‌مه‌یش ماناى ئه‌وه نییه ئه‌م دیارده‌یه ته‌نیا له كتێبه مێژووییه‌كان قه‌تیس بووبێت، به‌ڵكو له كتێبه ئه‌ده‌بییه‌كانیش به هه‌مانشێوه‌یه. یه‌كێك له‌و كتێبانه‌ى كه ئێمه لێره‌دا باسى ده‌كه‌ین، كتێبى "هه‌زار و یه‌ك شه‌وه"یه.
ئه‌و كتێبه خاوه‌نى راسته‌قینه‌ى دیار نییه، زۆر له سه‌رچاوه مێژووییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن، كتێبه‌كه سه‌رچاوه‌یه‌كى فارسى و هیندى كۆنى هه‌بووه، دواتر كاتێك گه‌یشتووه‌ته لاى عه‌ره‌ب، هه‌ندێك چیرۆكى تر‌ى تێكه‌ڵ كراوه، دواجار به‌م فۆرمه‌ى ئێسته له‌لایه‌ن عه‌ره‌ب جێگیر بووه و ئێسته‌یش هه‌ر به‌م شێوه‌یه بۆ ده‌یان زمانى دنیا هاتووه‌ته وه‌رگێڕان.
ده‌یان توێژینه‌وه له‌سه‌ر "هه‌زار و یه‌ك شه‌وه" كراون، هه‌ر یه‌كێك له‌و توێژینه‌وانه لایه‌نێكى كتێبه‌كه‌ى وه‌رگرتووه، بۆ نموونه "سێكس له هه‌زار و یه‌ك شه‌وه"، "ژن له هه‌زار و یه‌ك شه‌وه"، له‌گه‌ڵ ده‌یان دیوى تر‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و مێژوویی و ئه‌فسانه‌یى. بۆیه ره‌نگه لێره‌دا پێویست بێت به كورتى ئاماژه‌یه‌ك به پوخته‌یه‌كى هه‌زار و یه‌ك شه‌وه بكه‌ین.
شه‌هریار كه فه‌رمانڕه‌واى شارێكه، به‌هۆى ناپاكى ژنه‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زى ژن تووشى حاڵه‌تێكى ده‌روونى ده‌بێت و ده‌یه‌وێ له ناویان به‌رێت، بۆ ئه‌مه‌یش هه‌ر شه‌وه و ژنێك ده‌خوازێت و دواتر له ناوى ده‌بات.
كاتێك شه‌هره‌زاد كه كچى وهزیرهكهیهتى به‌وه ده‌زانێ، پێى ده‌ڵێ منى پێ بده، با له منه‌وه ده‌ست پێ بكات، به‌ڵام كه شه‌و دادێت ئیتر به‌هۆى زمانزانى شه‌هره‌زاد، ده‌توانێ پاشا سه‌رگه‌رم بكات و ده‌ست ده‌كات به گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ت و تا هه‌زار و یه‌ك شه‌و خه‌ریكى ده‌كات، به‌م شێوه‌یه زیاتر له 500 چیرۆكى بۆ ده‌گێڕێته‌وه.
هه‌ر چیرۆكێك له‌وانه ناوى خۆى هه‌یه، چه‌ند چیرۆكێكیان به ئاشكرا باس له كورد ده‌كه‌ن، له‌وانه چیرۆكى "زه‌مروود و جوان كوردى"، له‌گه‌ڵ چیرۆكى "هاروون ره‌شید و عه‌لى عهجهمى".
تا ئێسته باس له وێنه‌ى كورد له هه‌زار و یه‌ك شه‌وه نه‌كراوه، به‌ڵام له ساڵانى نه‌وه‌ته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو، نووسه‌رى كورد تاریق جامباز توێژینه‌وه‌یه‌كى له‌سه‌ر زمانى كورد له هه‌زار و یه‌ك شه‌وه بڵاو كرده‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه چه‌ندان وشه‌ى كوردى تێكه‌وتووه.
وه‌ك ئه‌مانه‌تێك ئاماژه‌م بۆ توێژینه‌وه‌ى تاریق جامباز كردووه، ئه‌گه‌رنا توێژینه‌وه‌كه‌م له به‌رده‌ست نه‌ماوه تا به دڵنیایى بزانم چه‌ند وشه‌ى كوردى له هه‌زار و یه‌ك شه‌وه ده‌رهێناوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێك وشه به زه‌قى له كتێبه‌كه‌دا هه‌ن، وه‌ك وشه‌ى "شار" و "خوشك".
له‌و چیرۆكانه‌ى كاره‌كته‌رى كوردى تێدا ده‌ركه‌وتووه، كورد وه‌ك چه‌ته و فێڵباز و قۆڵبڕ پێشان دراون، ئێمه لێره‌دا وه‌ك نموونه‌یه‌ك چیرۆكى هاڕوون ره‌شید و عه‌لى عهجهمى ده‌گێڕینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى بزانین چۆن باسى كاره‌كته‌رى كورد ده‌كات.
له شه‌وى "295"دا شه‌هره‌زاد چیرۆكى "عه‌لى عه‌جه‌می" بۆ شه‌هریار ده‌گێڕێته‌وه، له چیرۆكه‌كه‌دا هاتووه: شه‌وێكیان هاروون ره‌شیدى خه‌لیفه‌ى به‌ناوبانگى عه‌باسییه‌كان، دڵته‌نگ و نیگه‌ران ده‌بێت، به‌دواى وه‌زیره‌كه‌ى ده‌نێرێ كه ناوى جه‌عفه‌ر بووه، پێى ده‌ڵێ دڵى ته‌نگه و ده‌یه‌وێ كارێكى واى بۆ بكات خه‌یاڵى ئاسووده بكات و دڵى بكاته‌وه.
جه‌عفه‌ر به خه‌لیفه ده‌ڵێ، عه‌لى عهجهمیت دێنم تا قسه‌ى خۆشت بۆ بكات. گوایه عه‌لى عهجهمى كه‌سێكى قسه‌خۆش بووه و به‌سه‌رهاتى سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ى لا بووه. بۆیه به‌دوایدا ده‌نێرێ و ئه‌ویش له‌لاى خه‌لیفه ئاماده ده‌بێت، به‌سه‌رهاتێكى بۆ ده‌گێڕێته‌وه كه به‌سه‌ر خۆى هاتووه.
ئه‌ى مسوڵمانان وه‌رن له ده‌ست بێ ئابڕووترین سته‌مكار رزگارم بكه‌ن
عه‌لى عهجهمى باس له‌وه ده‌كات كه چه‌ند ساڵێك پێشتر له‌گه‌ڵ كوڕێكى غوڵام له به‌غداوه بۆ شارێكى تر رۆیشتوون تا كڕین و فرۆشتن بكه‌ن، ئه‌و ناوى شاره‌كه ناهێنێ. به‌ڵام ده‌ڵێ كه تورهكهیهكیان لا بووه، له شاره‌كه‌دا گه‌ڕاون تا ئه‌وكاته‌ى پیاوێكى كوردى سته‌مكاریان لێ په‌یدا ده‌بێت و ده‌ڵێ، "ئه‌و تورهكهیه هی منه، هه‌موو شته‌كانى ناویشى هی منه".
عه‌لى عه‌جه‌م هاوار ده‌كات "ئه‌ى مسوڵمانان وه‌رن له ده‌ست بێ ئابڕووترین سته‌مكار رزگارم بكه‌ن"، دواجار خه‌ڵكه‌كه دێن و پێشنیارى ئه‌وه ده‌كه‌ن بچنه لاى قازى تا كێشه‌كه‌یان بۆ یه‌كلا بكاته‌وه.
سه‌ره‌تا قازى لێیان ده‌پرسێ كێشه‌تان چییه، كورده‌كه ده‌ڵێ ئه‌م توڕهكهیه هی منه و له‌لای ئه‌و پیاوه دۆزیومه‌ته‌وه. قازى بۆ ئه‌وه‌ى بزانێت هى كێیه، داوا ده‌كات به‌ڵگه‌ى بده‌نێ. كورده‌كه وه‌سفى شته‌كانى ناو توڕهكهكه ده‌كات. سه‌ره‌تا له كلى چاو ده‌ست پێ ده‌كات و دواتر ده‌گات به گامێش و بزن و وشتر و خانوو و ته‌نانه‌ت زیاتر له 20 شت ده‌ژمێرێ گوایه له ناو توڕهكهكهدا هه‌ن، هه‌ڵبه‌ته ئه‌و شتانه هیچیان له‌ناو ئه‌و توڕه‌كه بچووكه جێیان نابێته‌وه. دواجاریش ده‌ڵێ كورده‌كان شایه‌تن ئه‌وه هى منه.
عه‌لى عهجهمى سه‌رى سوڕ ده‌مێنێ و له رقى كورده‌كه ده‌ست ده‌كات به ژماردنى شته‌كانى ناو توڕهكهكه، ئه‌ویش وه‌ك گاڵته‌كردنێك به كورده‌كه، باسى چه‌ندان شتى سه‌یروسه‌مه‌ره ده‌كات گوایه له‌ناو توڕهكهكهدا هه‌یه. ئینجا كورده‌كه ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه و دواتریش عه‌لى عهجهمى.
قازى بێزار ده‌بێت و ده‌ڵێ ئێوه گاڵته به دادوه‌ر ده‌كه‌ن، بۆیه فه‌رمان ده‌كات توڕهكهكه بكرێته‌وه كه ته‌نیا كه‌مێك نان و زه‌یتوون و په‌نیر و لیمۆى تێدایه.
عه‌لى عهجهمى ده‌ڵێ تورهكهكهم فڕێ دایه به‌رده‌م كورده‌كه و هاتمه ده‌ره‌وه. هاروون ره‌شید به بیستنى ئه‌م چیرۆكه ده‌كه‌وێته سه‌رپشت ئه‌وه‌نده پێده‌كه‌نێ.
چیرۆكێكى ساده‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ره‌هه‌ندێكى كۆمه‌ڵایه‌تى و ده‌روونییه‌وه سه‌یر بكرێت، ده‌زانرێ چۆن وێنه‌ى كورد به ناشیرینى و دزێوى پێشان دراوه. ئه‌مه‌یش دیارده‌یه‌كه هه‌بووه، به‌شێوه‌یه‌ك زۆر له رۆشنبیر و نووسه‌رانى عه‌ره‌ب ناتوانن نكۆڵى لێ بكه‌ن.
بۆ تێگه‌یشتن له هۆكاره‌كانى دزێوكردنى كورد له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌وه، ده‌توانین په‌نا بۆ كتێبى "وێنه‌ى كورد له سه‌رچاوه‌كانى كولتوورى ئیسلامى" ببه‌ین كه له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د مه‌حموود خه‌لیل نووسراوه و له ساڵى 2011 به زمانى عه‌ره‌بى له ده‌زگه‌ى ئاراس چاپ كراوه.
نووسه‌ر له‌م كتێبه‌دا ده‌ڵێ، "دیارده‌ى دزێوكردنى كورد گریمانه نییه، به‌ڵكو راستییه، ده‌یان به‌ڵگه‌ى سه‌لمێنراو هه‌ن، بۆیه ناكرێ ئه‌م دیارده‌یه فه‌رامۆش بكرێت یان شه‌رمنانه و به مه‌رایى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت".
ره‌نگه زۆربه‌مان كاتێك ئه‌و وێنانه‌ى كوردمان له كولتوورى عه‌ره‌بى به‌رچاو ده‌كه‌وێت، به شتێكى ساكارى بزانین، كه‌چى ئه‌حمه‌د مه‌حموود له كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێ، "دواى ئه‌وه‌ى ئه‌م دیارده‌یه خراوه‌ته به‌ر توێژینه‌وه‌ى زانستى، ده‌ركه‌وتووه ئه‌مه دیارده‌یه‌كى هه‌ڕه‌مه‌كى و راگوزه‌ر نه‌بووه، به‌ڵكو پڕۆژه‌یه‌ك بووه سه‌تان ساڵ نووسه‌ر و ده‌سته‌بژێرى عه‌ره‌ب كاریان له‌سه‌ر كردووه".
به‌ڵام كاتێك توێژینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م دیارده‌یه ده‌كه‌ین، ده‌بێ وریاى ئه‌وه بین كورد كاتێك دزێو كراوه، له‌لایه‌ن گه‌لان و كه‌سانى ساده‌وه ئه‌م سته‌مه‌ى ده‌رهه‌ق نه‌كراوه، به‌ڵكو ده‌سته‌بژێر و ده‌سه‌ڵاتدارانى عه‌ره‌ب ئه‌م كاره‌یان كردووه، ره‌نگه چه‌ندان هۆى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئاینى له پشت ئه‌و دیارده‌یه‌وه هه‌بووبن، وه‌ك توێژه‌ران باسى ده‌كه‌ن یه‌كێك له بابهتهكان پێوه‌ندى به ناوچه‌ى جیۆگرافییه‌وه هه‌بووه، كورد له چیا ژیاوه و عه‌ره‌ب له بیابان، بۆیه ململانێیه‌ك له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته هه‌بووه.
خراپتریش له‌وه، ئه‌و وێنه‌یه‌ى عه‌ره‌ب دروستى كردووه، كاریگه‌رى به‌سه‌ر هه‌ندێك له رۆژهه‌ڵاتناس و نووسه‌رى رۆژئاوایى هه‌بووه.