لە ئێرانەوە كەسێك ویستوویەتی 20 كیلۆگرام زێڕ بە قاچاخ بۆ هەرێمی كوردستان بگوازێتەوە، بەڵام بەر لە گەیشتنی بە دەروازەی باشماخ، دەست بەسەر زێڕەكەدا دەگیرێت.
دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ یەكێك لە گرنگترین ئەو دەروازانەیە كە رۆژانە باریكی زۆری لێ ئاڵوگۆڕ دەكرێت و زۆر كاڵا و شتومەكی پێدا دەگوازرێتەوە، لەگەڵ ئەمەدا هەندێك كاڵاش بە قاچاخ ئاودیو دەكرێن كە هەندێك جار بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و هەندێك جاریش لە ئێران دەستی بەسەردا دەگرن.
لە نوێترین حاڵەتدا كە میدیاكانی ئێران بڵاویان كردووەتەوە، دەست بەسەرداگرتنی 20 كیلۆگرام شمشی زێڕ بووە كە لە ئێرانەوە ویستراوە بۆ هەرێمی كوردستان بگوازرێتەوە و عەیارەكەی 24 بووە.
20 كیلۆ زێڕی لە ناو تانكی بەنزینەكەی حەشار داوە
بەگوێرەی "
تابناك" بەرپرسانی پۆلیسی دەروازەكە باسیان لەوە كردووە كە گومانیان لە ئۆتۆمبێلێك هەبووە بڕێكی زۆری زێڕ بۆ هەرێمی كوردستان بگوازێتەوە، كاتێك پشكنینیان بۆ كردووە، بۆیان دەركەوتووە 20 كیلۆ زێڕی لە ناو تانكی بەنزینەكەی حەشار داوە كە بەهاكەی دەگاتە 135 ملیار ریال بووە كە زیاترە لە یەك ملیۆن دۆلار.