شێوەکارێکى پارێزگاى دهۆک بە ناوى زیاد شینۆ لەگەڵ خانمە شێوەکارێکى ئێرانى پێشانگایەکى هاوبەشى تابلۆى شێوەکارى و خۆشنووسى لە شارى بەرلین دەکەنەوە.
لەسەر تابلۆکان پیتەکانى کوردى لاتینى و عەرەبى بە شێوەیەکى هونەرى ڕيزکراون
زیاد شینۆ کە شێوەکار و خوشنووسێکى ناودارى شارى دهۆکە و ئێسته لە شارى بەرلینى پایتەختى ئەڵمانیا دەژیت بۆ "وشه" گوتى، "من و خانمە شێوەکارێکى ئێرانى بە ناوى (مەنسورە یەکتا) پێشانگایەکى هاوبەش لە تابلۆى شێوەکارى و خۆشنووسیمان لە ژێر ناوى هەست لە بەرلینى پایتەختى ئەڵمانیا کردەوە."
شێوەکارەکە گوتى، "لەسەر تابلۆکان پیتەکانى کوردى لاتینى و عەرەبى بە شێوەیەکى هونەرى ڕيزکراون لەگەڵ پەندى پێشینانى کوردى کە لەگەڵیدا وەرگێراوى زمانى ئەڵمانیش هەیە بۆ ئەوەى سەردانکەرانى ئەلمان بە ئاسانى تێبگەن."
پێشانگەکە لە سى و پێنچ تابلۆ پێک دێت کە 18 یان هى خۆیەتى ئەوانى ترى هى خانمە شێوەکارەکەیە. تابلۆکان لە گەلەرى (گرین هێل)دانراون و بۆ ماوەى دوو مانگ له نامیشكردن بەردەوام دەبێت.
دهۆک/ دێژین سدقى