هه‌رچه‌نده له رووی ژماره‌وه حاڵه‌ته‌كانی دزی له ساڵی 2019 به‌راورد به ساڵی 2018 گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه، به‌ڵام ساڵی 2019 به‌راورد به ساڵی 2018، پۆلیسی سلێمانی له ئاشكراكردنی تاوانه‌كانی دزی كه‌مته‌رخه‌متر بووه. جگه له‌مه، له سلێمانی جۆرێكی نوێی دزی په‌یدا بووه و پۆلیسیش له‌وباره‌یه‌وه هۆشداری ده‌دات.
حاڵه‌ته‌كانی تاوانی دزی و رفاندنی ئۆتۆمبێل له سلێمانی هێشتا به‌رزه، هه‌رچه‌نده زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی گیراون خه‌ڵكی ره‌سه‌نی شاره‌كه نین، به‌ڵام تێیدایه به‌هۆی بێكاری و كێشه‌ی خێزانی، روویان له دزی كردووه.
تاوانه‌كان جۆراوجۆرن، له دزینی مۆبایل له دوكانه‌كانی بازاڕه‌وه بگره تا ده‌گاته رفاندنی جانتای ژن و بڕینی گیرفان. چه‌ند باندێك گیراون ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانیان دزیوه و دواتر له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه بۆ خاوه‌نه‌كانیان گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه.
هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، هه‌ندێك له‌و تۆمه‌تبارانه‌ی له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه گیراون، پێشتر پێشه‌ی تاوانی دزییان هه‌بووه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌و دزانه به ده‌ستوه‌ردان ئازاد كراون.
به‌رزان حه‌مید سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆ له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، به"وشه"ی راگه‌یاند، زۆربه‌ی تاوانه‌كانی دزی له سلێمانی بۆ بێكاری و نه‌بوونی پاره ده‌گه‌ڕێنه‌وه، هه‌روه‌ها به‌شێكی كه‌می ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌یش خه‌ڵكی سلێمانین، ئه‌وانه‌ی تر خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمن.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی تۆمه‌تباره‌كان دوای ئه‌وه‌ی تاوانه‌كانیان له‌سه‌ر ساغ ده‌بێته‌وه، دواتر ئازاد ده‌كرێن؟ سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆ گوتی، "ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر پۆلیس و هێزه ته‌ناهییه‌كانه، گرتنی تۆمه‌تبار و ره‌وانه‌كردنی دۆسیه‌كانیانه بۆ دادگا، ئه‌وه‌ی تر ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ر دادگا كه چۆن و به چی مه‌به‌ستێك ئازادیان ده‌كه‌ن".
تاوانی دزی له هه‌ر گه‌ڕه‌ك و ناوچه‌یه‌ك روو بدات، ترس و دڵه‌ڕاوكێ ده‌خاته دڵی دانیشتووانی ئه‌و گه‌ڕه‌ك و ناوچه‌یه‌وه، به‌و پێیه‌ی هه‌ندێ جار تۆمه‌تباره‌كان له‌كاتی ئاشكرابوونیان بۆ ئه‌وه‌ی نه‌گیرێن، په‌نا بۆ كوشتنی خاوه‌ن ماڵ یان دوكانه‌كه ده‌به‌ن، بۆ ئه‌وه‌ش نموونه زۆرن و له ماوه‌ی رابردوودا له گه‌ڕه‌كی تاسڵووجه‌ی سلێمانی، له‌كاتی چوونه سه‌ر ماڵێك بۆ دزی پاره، ژنی خاوه‌ن ماڵه‌كه له‌لایه‌ن چه‌ند دزێكه‌وه به چه‌قۆ كوژراوه.
په‌یوه‌ند عه‌لی دانیشتووی گه‌ڕه‌كی سه‌روه‌ری سلێمانی، به"وشه"ی گوت، زۆربوونی حاڵه‌ته‌كانی دزی، ترس و دڵه‌ڕاوكێی لای خه‌ڵك دروست كردووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی تۆمه‌تباره‌كان خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانن، له ترسی گیانی خۆیان ئاماده‌ن هه‌موو كارێكی نامرۆڤانه بكه‌ن.
ئه‌و به‌پێویستی ده‌زانێ لایه‌نه ته‌ناهییه‌كان چاوكراوه‌تر له‌و بابه‌ته بڕوانن و هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه و دواتر بنبڕكردنی ئه‌و دیارده مه‌ترسیداره بده‌ن.
زۆرترینی تاوانه‌كانی دزی، دزیی ماڵانن، به‌راورد به دزی وڵاتان كه باندی گه‌وره له پشتیانن و زیاتر كاریان بڕینی بانك و فه‌رمانگه‌ی ده‌وڵه‌ته، ئه‌مه وایكردووه زیاتر ترس و دڵه‌ڕاوكێ لای خه‌ڵكی سلێمانی دروست ببێت.
نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د گوته‌بێژی پۆلیسی سلێمانی، به"وشه"ی راگه‌یاند، "حاڵه‌تێكی دزینی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانمان هه‌بوو كه له‌كاتی گه‌رمكردنی به‌یانیدا دزرابوو، دواتر به هه‌وڵی مه‌فره‌زه‌كانمان ئۆتۆمبێله‌كه‌مان بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه."
گوته‌بێژ داوا له هاووڵاتییان ده‌كات له كاتی به‌یانیان كه ئۆتۆمبێل گه‌رم ده‌كه‌ن، به ئیشپێكردوویی جێی نه‌ه‌هێڵن و ناكرێ جانتا و پێداویستییه‌كانی تێبكه‌ن و خۆیان له ژووره‌وه بن.
له‌باره‌ی جۆره‌كانی تری دزی، نه‌قیب سه‌ركه‌وت روونی كرده‌وه، "تا بێكاری زۆر بێت، تاوانه‌كانی دزییش زۆر ده‌بن، چونكه ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی گرتوومانن، هه‌موویان له ددانپێدانانه‌كاندا هۆی تاوانه‌كه بۆ بێكاری و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و جیابوونه‌وه له هاوسه‌ره‌كانیان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه".
تاوانی دزی وه‌ك تاوانی تر نییه، بۆ نموونه كه‌سێك كه كه‌سێكی تر ده‌كوژێت، كاتێك دێته گرتن، له ددانپێدانانه‌كه‌یدا هۆی تاوانه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه ئه‌ویش برایه‌كی كوشتووه، بۆیه كوشتوویه‌تییه‌وه، به‌ڵام حاڵه‌ته‌كانی دزی به‌گوته‌ی ئه‌م به‌رپرسه‌ی پۆلیس، "بۆ ته‌نگژه‌ی دارایی و بێكاری و كێشه‌ی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه".
گوته‌بێژه‌كه‌ی پۆلیسی سلێمانی به گومان بوو له به‌شێك له ددانپێدانانه‌كان كه هه‌موویان باسی ته‌نگژه‌ی دارایی و بێكاری ده‌كه‌ن، چونكه وه‌ك خۆی گوتی، "به‌شێك له دزه‌كان پێشینه‌یان هه‌یه و دووباره و سێباره‌یان كردووه‌ته‌وه و باندیان دروست كردووه".
له‌باره‌ی ره‌گه‌زی دزه‌كانه‌وه نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، دزه‌كان هه‌موو جۆرێكیان تێدایه، له كوردی خۆمانه‌وه بگره تا ده‌گاته ئێرانی و عه‌ره‌ب و ته‌نانه‌ت توركمانیشی تێدایه.
"حاڵه‌ته‌كانی دزی له بازاڕه‌كاندا به زۆری مۆبایله، له ماڵان‌دا پاره‌یه، زێڕه، ماتۆڕسكیله، دزینی ئۆتۆمبێله، به‌ڵام هیچ حاڵه‌تێكی دزی رێكخراو نییه وه‌ك بڕینی بانك و هه‌ڵكوتانه سه‌ر فه‌رمانگه خزمه‌تگوزارییه‌كان" گوته‌بێژی پۆلیسی سلێمانی وای گوت.
ساڵی 2019 به‌راورد به ساڵی 2018 پۆلیسی سلێمانی له ئاشكراكردنی تاوانه‌كانی دزی كه‌مته‌رخه‌متر بووه
له‌باره‌ی ئاماری دزییه‌كان و ئاشكرابوونیان له دوو ساڵی رابردوودا، به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی پۆلیسی سلێمانی خستیه‌ڕوو، له ساڵی 2018دا 295 حاڵه‌تی دزی هه‌بووه كه هه‌موو جۆره‌كانی تێدا بووه، له‌و ژماره‌یه‌ش 276یان ئاشكرا بوون و تۆمه‌تباره‌كانیان گیراون.
به‌ڵام له ساڵی 2019دا 289 حاڵه‌تی دزی هه‌بووه، 179 حاڵه‌تیان تا ئێسته له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسه‌وه ئاشكرا كراون و تۆمه‌تباره‌كانیان گیراون، بۆ ئه‌وانی تریش لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوون به‌رده‌وامه.
وه‌ك له ئاماره‌كه‌ی پۆلیسی سلێمانیدا ده‌رده‌كه‌وێت، ساڵی 2018 زۆرترینی دزییه‌كان ئاشكرا بوون، به‌ڵام له ساڵی 2019دا كه‌مترینی ئاشكرا كراون و ئه‌وانی تر هێشتا تۆمه‌تباره‌كانیان نه‌گیراون.
له كوردستان دیارده‌یه‌ك هه‌یه كه پێوه‌ندی به دڵنیایی فه‌رمانبه‌ر له ژیان و موڵكه‌كانی هه‌یه، ئه‌ویش له به‌یانیاندا كاتێك خۆیان ئاماده ده‌كه‌ن بۆ ده‌وام، زووتر ئۆتۆمبیل پێده‌كه‌ن و ده‌چنه‌وه ژووره‌وه خه‌ریكی خۆڕێكخستن ده‌بن، به‌وه‌یش كاتێك دێنه ده‌ره‌وه بۆ رۆشتن به‌ره‌و ده‌وام ئۆتۆمبیل گه‌رم بووه و یه‌كسه‌ر ده‌ڕۆن، به‌ڵام ئه‌مه تیكه‌یه‌كی چه‌وره بۆ دز و ده‌توانێ یه‌كسه‌ر بیڕفێنێت.
وشه/ سلێمانی- هه‌ستیار عه‌بدوڵا