زانكۆی هەڵەبجە خۆی ئامادە دەكات بۆ كردنەوەی كۆلیژی پزیشكی و سەرۆكی زانكۆكەیش ئاماژە دەكات كە پڕۆپۆزەڵی خۆمان ئامادە كردووە بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیمان داوە وەزیری خوێندنی باڵایش پشتیوانی خۆی پێشان داوە.
هەموو پێداویستییەكانی خوێندنی پزیشكی هەیە
ئەمڕۆ شەموو هەشتی شوبات، دكتۆرە مەهاباد كامل سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، زانكۆی هەڵەبجە پێویستی بە كردنەوەی كۆلیژی پزیشكییە، بۆ ئەوەیش چەند هەنگاوێكمان ناوە و رێككەوتنێكمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەڵەبجە هەیە و ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجەیش لەسەر خەتە لەگەڵمان و ئامادەی هەمو هاوكارییەكی دەربڕیوە.
زیاتر گوتی، پڕۆپۆزەڵی كردنەوەی كۆلیژی پزیشكی زانكۆی هەڵەبجەمان نووسیوە و بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیمان بەرز كردووەتەوە و جەنابی وەزیر پاڵپشتی خۆی بۆ كردنەوەی كۆلیژەكە پێ ڕاگەیاندووین و ئاماژەی كرد كە لە یەكەم دانشتن لەگەڵ زانكۆی هەڵەبجە پاڵپشتی بیرۆكەی كردنەوەی كۆلیژی پزیشكی بووم، چەند ڕێكارێكی یاسایی هەیە دەبێت تەواو بكرێن و بگەینە ئەنجامێكی باش، بۆیە هەوڵ دەدەین بۆ ساڵی داهاتوو خوێندنی پزیشكیش لە زانكۆكەمان كارەكانی تەواو بووبێت و كرابێتەوە.
"مافی خۆیەتی زانكۆی هەڵەبجە كۆلیژی پزیشكی تێدا بكرێتەوە بەهاوشێوەی زانكۆكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و ئەو زانكۆیانەیشی لە شارۆكەكەكان كراونەتەوە، هۆڵی تایبەت بە خوێندنی قوتابیانی پزیشكی هەیە و نەخۆشخانەش هەیە، ئەوەی نەبێت تاقیگەیە و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە كار لەسەر ئەوەیش دەكرێت"، كامل وای گوت.
هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ