لامـارتین ده‌ڵێ: "جوانـترین هۆنـراوه له سه‌رانسه‌ری دنیادا، لایلایه‌ی دایكــــانه". لایلایه به‌شێكه له ئه‌ده‌بی منداڵان و فۆلكۆر. لایلایه‌ی دایكانى كوردیش كهلهپوورى ره‌سه‌ن و له مێژینه‌ى ئه‌ده‌ب و هونه‌رى گۆرانیى كورده‌واریمان بووه .
زۆر كه‌س لایان وایه لایلایه ته‌نیا ده‌بێ ته‌نیا دایكان بیڵێن و بۆ پیاو نه‌هاتووه ده‌ست بۆ ئه‌و هونه‌ره به‌رێت. هیچ دیمه‌نێك له دنیادا ناگاته دیمه‌نی ئه‌و دایكه میهره‌بانه‌ی جگه‌رگۆشه‌كه‌ی كردووه‌ته لانكه‌وه و به ده‌نگه شیرینه‌كه‌ی و لایلایـه ده‌یلاوێنێته‌وه، ئیتر ئاشقانه ده‌نگی تێكه‌ڵ به ته‌قه‌ته‌قی لانك و زڕه‌ی پۆیله و خڕوهۆڕی موتومووری لانكه‌كه‌ی ده‌كات.
زۆر كه‌س لایان وایه لایلایه ته‌نیا ده‌بێ ته‌نیا دایكان بیڵێن و بۆ پیاو نه‌هاتووه ده‌ست بۆ ئه‌و هونه‌ره به‌رێت
به‌ڵام ئێمه لێره‌دا به به‌ڵگه‌وه ئه‌و بۆچوونانه ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه كه پیاو بۆی نییه لایلایه بۆ منداڵان بكات. هه‌موو ده‌زانین كۆمه‌ڵگه‌ی كوردهواری زۆر جیاوازیی ره‌گه‌زى نه‌كردووه و له رووه سایكۆلۆجییهكهیشهوه ئه‌گه‌ر بڕوانین، ده‌بینین وه‌ك چۆن منداڵ به‌شێكه له رۆحی دایك، بۆ باوكیش هه‌مان شته.
بۆ نموونه، هه‌ر كه‌سێك گوێبیستى لایلایه به‌ناوبانگه‌كه‌ى هونه‌رمه‌ند حیشمه‌توڵا لوڕنه‌ژاد بێت كه چه‌ند به سۆزه‌وه گوتوویه‌تیه‌وه، هه‌رگیز ئه‌م ده‌نگه شیرینه‌ى له‌بیر ناچێته‌وه. وه‌نه‌بێ لوڕنه‌ژاد تاكه هونه‌رمه‌ندى ره‌گه‌زى نێر بێت لایلایه‌ى گوتبێت، به‌ڵكو چه‌ندان هونه‌رمه‌ندی ناسراوی تری كورد وه‌ك محه‌مه‌دی مامـلێ"2"، مه‌زهه‌ری خـالقی، حهمهجـهزا، شـڤان په‌روه‌ر، حه‌سه‌ن زیره‌ك، بیژه‌ن كامكار، لایلایه‌یان گوتووه.
جگه له ئیحسانوڵای ئه‌خه‌وان كه خاوه‌نی هۆنراوه‌ی "رۆڵه لایلایه"یه، ئه‌و شاعیره پیاوانه‌یش لایلایه‌یان هۆنیوه‌ته‌وه وه‌ك فایه‌ق بێكه‌س، ئه‌مین عالی به‌درخان، هه‌ژار موكریانی، قانیع، كامه‌ران موكری و هتد. وه‌نه‌بێ هه‌موو ئه‌مانه به‌دیار لانكێكهوه دانیشتبن و بیانه‌وێ زارۆك بخه‌وێنن، به‌ڵكو به مانا و مه‌غزایه‌كى سیاسیى قووڵ و پڕ مانا، بۆ نه‌ته‌وه سته‌ملێكراو و خاكه داگیركراوه‌كه‌یان گوتووه. هاوكات خۆیان لاواندووه‌ته‌وه و خه‌مى ده‌روونیان ره‌واندووه‌ته‌وه "3".
لایه‌لایه به‌شێكه له هونه‌رى گۆرانى و مه‌قامى ره‌سه‌نى كوردى، كه‌واته پیاو چۆن بۆی هه‌یه هه‌موو گۆرانى و مه‌قامێك بڵێنه‌وه، بۆی هه‌یه ئه‌م شێوازه‌ش بڵێنه‌وه.
ئه‌گه‌ر شرۆڤه‌یه‌كى ورد بۆ هۆنراوه‌كانیان بكه‌ین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و لایلایانهى پیاوان هۆنیویانه‌ته‌وه، بارگاوین به چه‌ندان مانا و كۆدى ته‌مومژاوى و تژین له هێما و ده‌ربڕینى كووره‌ى ناخى هه‌ڵقرچاو، واته ئاماژه‌ن بۆ خه‌مه‌كانى نه‌ته‌وه‌یه‌كى سته‌ملێكراو و هاوكات به‌دیدى فریادڕه‌س بۆ نه‌ته‌وه و كوردستان، ده‌ڕواننه جگه‌رگۆشه‌كانیان.
لایلایهكهى فایه‌ق بێكه‌سی شاعیر دیارترین نموونه‌یه كه بۆ شێركۆى كوڕى هۆنیویه‌تیه‌وه، ئومێدى ئه‌وه ده‌كات كاتێ شێركۆ گه‌وره بوو، ببێته رۆڵهیهكى به ئه‌مه‌ك و فریادڕه‌س بۆ رزگاركردنى خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌ى، به‌ڵام شێركۆ لێره‌دا ته‌نیا ئامرازێكه بۆ گه‌یاندنى ئامانج له هۆنینه‌وه‌ى شیعره‌كه‌یدا. له‌به‌رئه‌وه‌یه لایلایهكهى بێكه‌س هیچ پێویست به شیكردنه‌وه و شرۆڤه‌كردن ناكات. له چه‌ند دێڕیكی شیعره‌كه‌دا بێكه‌س ده‌ڵێ:
ڕۆڵه لایلایه شێركۆ لایلایه
یاخوا شێرانه بێیته ناو كایه
بنوو به خۆشی هه‌تا به‌یانی
خه‌وی ژێر په‌رده‌ی پاكی یه‌زدانی
بنوو به بێ ترس تا به‌ری به‌یان
تۆم داوه‌ته ده‌س خودای نیگه‌هبان
ئێشكگری تۆن په‌ری ئاسمان
هیوای دواڕۆژی بۆ قه‌ومی كوردان
بۆ زیاتر شاره‌زابوون له كار و چالاكییه هونه‌رییه‌كانى هونه‌رمه‌ند حیشمهتوڵای لوڕنه‌ژاد و دنیاى ئاواز و گۆرانییه‌كانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده مه‌زنه‌ى لوڕستان، به چاكى ده‌زانم گوزه‌رێك به ژیننامه و دنیای هونه‌ریی و به‌رهه‌مه‌كانیدا بكه‌ین.
ناوى ته‌واوى لوڕنه‌ژاد "حیشمه‌ت كوڕی حاجی فه‌تحوڵا"، ساڵی ١٩٤٧ له گه‌ڕه‌كی "ئهلافخانه” له كرماشان و له بنه‌ماڵه‌یه‌كی هونه‌ردۆست چاوی به ژیان هه‌ڵهێناوه. له‌ژێر كاریگه‌ریی باپیری كه ده‌نگخۆش بووه، ده‌ستی به گۆرانی كردووه.
له ساڵی 1964 و له ته‌مه‌نی ١٧ ساڵیدا، به چڕینی گۆرانی "نه‌چوو" له ئاوازى خۆى و شیعرى یهدوڵاى لوڕنهژادی ناسراو به "شه‌یدا كرماشانی"، له ئۆركێسترای رادیۆی كرماشان ده‌ستی به چالاكیی هونه‌ری كردووه.
ئه‌و هونه‌رمه‌نده ژینی هاوسه‌ریی پێكهێناوه و خاوه‌نی كچێك و دوو كوڕه (4). له گۆرانیگوتندا پێڕه‌وی ڕێچكه‌ی سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی، عه‌لی مه‌ردان و تایه‌ر تۆفیقی كردووه و كه‌ڵكی له ڕێنوێنییه‌كانی "حه‌سه‌ن زیره‌ك” و هه‌روه‌ها موزیكزانهكانی كرماشان وه‌ك مه‌حموود مرئاتی، مه‌سعوود زه‌نگه‌نه، محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌مه‌د و مه‌حموود بلوور، وه‌رگرتووه.
جگه له‌وه‌ی به سۆرانی و كه‌ڵهوڕی گۆرانیی گوتووه، به زمانی فارسیش چه‌ند به‌رهه‌مێكی تۆمار كردووه.
لوڕنه‌ژاد پاش شۆڕشی ئێران له ساڵی ١٩٧٩، له تۆماركردنی گۆرانی له ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنی كرماشان‌دا به‌رده‌وام بووه، له ساڵی ١٩٨٩ به‌دواوه به‌هاوكاری گرووپی "موشتاق" و به سه‌رپه‌رشتیی هونه‌رمه‌ند سیاوه‌ش نوورپوور، ژماره‌یه‌ك كۆنسێرتی له شاره‌كانی تاران و كرماشان كردووه و دوا كاریان كۆنسێرتی ساڵی ١٩٩٥ بوو له تاران.
شاره‌زایه‌كی باشی له مه‌قامدا هه‌بووه، زۆر له گۆرانییه‌كانی خۆی دایناون یا ده‌ستكاریكراوی خۆی بوون. هۆنراوه‌ی گۆرانییه‌كانی زۆرتر له شاعیر تاهیر به‌گی جاف، مه‌وله‌وی و سه‌ید یاقووبی ماهیده‌شتی و یهدوڵاى لۆڕنهژاد و ئیحسانوڵای ئهخهوانى وه‌رگرتووه.
لوڕنه‌ژاد بۆ ماوه‌ی 25 ساڵ كارمه‌ندی ده‌زگه‌ی كه‌شناسی بووه له كرماشان. هه‌وڵه‌كانی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی موزیكی كوردی و به‌تایبه‌ت زاراوه‌ی كه‌ڵهوڕی، خستووه‌ته گه‌ڕ و زیاتر له ٢٠٠ گۆرانیی به زمانی كوردی تۆمار كردووه.
نموونه‌ی گۆرانییه‌كانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده وه‌ك "عاله‌م دڵگیرم، ئه‌ڕا وه‌فا نه‌كردی، عاشقی زار، باده‌ی كامه‌رانی، بهزڕان، چاوت گریانه، دڵم زیندانه، عاشقی جاویدانی، ئه‌ی خودا، گه‌ڵاڕێزان، هه‌ر تۆنی یارم، كرماشان، قه‌سر شیرین، لایلایه، شه‌مع و په‌روانه، شۆخی كهسینهدار، یاری شیرین، ماڵئاوا ئازیزه‌كه‌م، دڵم زیندانی ده‌رده، گوڵه‌كه‌م نه‌خشانه، شینم بكهرین، ئیمشه‌و میوانم، به‌هاری من، ئه‌ی گوڵ، زاڵم زاڵم، گوڵبانگی ئاشقانه، حیكایه‌تی دڵ، كه‌مه‌ره كه‌مه‌ره" و زۆری تر.
هاوكات شاره‌زاییه‌كی ته‌واوی له زمانی كوردیدا هه‌بووه و به‌هه‌ر چوار شێوه‌زاره‌كه‌ی هه‌ورامی و كه‌ڵهوڕی و سۆرانی و كرمانجی، گۆرانیى هه‌بوو.
لۆڕنهژادی هونه‌رمه‌ند له ڕۆژی ٢٥ی گه‌لاوێژی ساڵی ١٩٩٥ كۆچی دوایی كرد.
له به‌شێكی لایلایهكهی لوڕنه‌ژاد كه له هۆنراوه‌ی ئیحسانوڵای ئهخهوانه، هاتووه:
كۆرپه‌ی شیرینم بنوه دره‌نگه(1)
شه‌وگار درێژ و دنیا بێده‌نگه
بنووه به‌رهه‌می ژینی رابردووم
ته‌نیا ئاواتی عومری بابردووم
به‌تۆوه شاده ژیانی تاڵم
بۆ تۆیه گوڵم به‌كوڵ ئه‌ناڵم
قه‌رارم تۆى بێ قه‌رارى تۆم
تۆى مه‌رهه‌مى جه‌رگى بهسۆم
بۆت فرمێسكم ئه‌ڕژێ وه‌ك چۆم
سه‌رچاوه‌كان:
1. ئاژانسی كوردپا.
2. دیوانى فایه‌ق بێكه‌س، كۆكردنه‌وه‌ى ئومێد ئاشنا ئینتیشاراتى كوردستان 2011.
3. چه‌پكێك له لایلایه‌ى دایكانى كوردـ كۆكردنه‌وه‌ى ره‌زا شوان كه‌ركووك 2019.
هه‌ر كه‌سێك گوێبیستى لایلایه به‌ناوبانگه‌كه‌ى هونه‌رمه‌ند حیشمه‌توڵا لوڕنه‌ژاد بێت كه چه‌ند به سۆزه‌وه گوتوویه‌تیه‌وه، هه‌رگیز ئه‌م ده‌نگه شیرینه‌ى له‌بیر ناچێته‌وه.
وشە/ ستار جه‌بارى