له‌پێناو خزمه‌تكردنی ژینگه‌ی قوتابخانه‌كان، رێكخراوی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له ماوه‌ی ئه‌مساڵدا نه‌مامی له ته‌واوی قوتابخانه‌كانی سنووری په‌روه‌رده‌ی گه‌رمیان چاندووه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 12ی شوبات، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د به‌رپرسی لقی گه‌رمیانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان، به"وشه"ی راگه‌یاند، بۆ خزمه‌تكردن به ژینگه‌ی قوتابخانه‌كانی سنووری په‌روه‌رده‌ی گه‌رمیان، ئه‌مساڵ ده‌ستمان كرد به هه‌ڵمه‌تێكی چڕی نه‌مامچاندن له ته‌واوی قوتابخانه‌كانی سنووره‌كه.
هه‌ڵمه‌ته‌كه له قوتابخانه‌كانی شاره‌دێی شێخ ته‌ویڵ و باوه‌نووری سه‌ربه شارۆكه‌ی كه‌لار ده‌ستی پێ كرد
ئه‌وه‌یشی ڕوونی كرده‌وه كه هه‌ڵمه‌ته‌كه له قوتابخانه‌كانی شاره‌دێی شێخ ته‌ویڵ و باوه‌نووری سه‌ربه شارۆكه‌ی كه‌لار ده‌ستی پێ كرد و ته‌واوی قوتابخانه‌كانی سنووری شارۆكه‌ی كفری و شاره‌دێكانی گرته‌وه.
له هه‌رێمی كوردستان هاوشێوه‌ی زۆر ناوچه‌ی تر، مانگی شوبات و تشرینی دووه‌می هه‌موو ساڵێك كاتی چاندن و بڕینی چڵه زیاده‌كانی دره‌خت یاخۆ جوانكارییه‌كانی تایبه‌ت به باخچه و سه‌وزاییه.
لای خۆیه‌وه ئارام ره‌حیم به‌رپرسی راگه‌یاندنی په‌روه‌رده‌ی كه‌لار، بۆ "وشه" دووپاتی كرده‌وه، هاوئاهه‌نگی ته‌واو له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێكخراو و لایه‌نانه ده‌كه‌ن كه ده‌یانه‌وێ له ڕێیه‌كه‌وه خزمه‌ت به قوتابخانه‌كان بكه‌ن.
یه‌كێك له‌و كێشانه‌ی له باڵه‌خانه‌ی قوتابخانه‌كانی كوردستاندا هه‌یه، نه‌بوونی سه‌وزایی و نه‌مامه، ساڵانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تی نه‌مامچاندن له ته‌واوی ناوچه‌كانی كوردستان به‌ڕێوه ده‌چێت، به‌ڵام كه‌مترینی ناو باڵه‌خانه‌ی قوتابخانه‌كان ده‌گرێته‌وه، جگه له‌وه‌ی هێشتا له ته‌واوی كوردستان ڕێژه‌ی سه‌وزایی نه‌گه‌یشتووه‌ته ئاستی ستانده‌ری جیهانی.
گه‌رمیان/ سه‌بری هۆرێنی