لە دوو ڕووداوی جیاوازدا، هێزەکانی پۆلیس پێنج مێرمنداڵی خوار تەمەنی 18 ساڵیان گرت، بەپێی زانیارییەکان یەکێکیان لەلایەن دایکییەوە سکاڵای لێ کرابوو.
ئەمڕۆ پێنجشەم13ــی شوبات، عهقید هیشام ئیسماعیل بهڕێوهبهری پۆلیسی خانهقین بە "وشه"ی ڕاگەیاند، لەسەر سکاڵای دایکێک، هێزەکانی پۆلیس مێرمنداڵێکی 16 ساڵیان گرتووە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکەن.
ئەو مێرمنداڵە بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر بووە و خێزانەکەی بێزار کردووە
ڕوونی کردەوە، ئەو مێرمنداڵە بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر بووە، ئەمەش خێزانەکەی بێزار کردووە و مەترسیی لەسەر ژیانی خۆی هەبووە، هەر بۆیە لەلایەن دایکییەوە سکاڵای لەسەر تۆمار کرا و گیرا.
لەلایەکی ترەوە، موقهدهم عهلی جهمال قهدوری گوتهبێژی بهڕێوهبهرایهتیی پۆلیسی گهرمیان به "وشه" ڕاگهیاند، شەوی ڕابردوو، هێزەکانی پۆلیسی گەرمیان لەگەڵ لێژنەی قایمقامیەتی کەلار، چەند کافتریایەکی کەلاریان بەسەر کردووەتەوە، لەو بەسەرکردنەوەیەشدا چوار مێرمنداڵی خوار تەمەنی 18 ساڵییان گرتووە.
موقەدەم عەلی ڕوونی کردووەتەوە، ئەو مێرمنداڵانە خەریکی نێرگەلەکێشان بوو، ئەمەش بەپێی یاسا بۆ خوار تەمەنی 18 ساڵ قەدەغەیە، لەگەڵ ئەوەشدا چەقۆیان هەڵگرتبوو.
شیرین مهحموود، چالاكی بواری منداڵان له گهرمیان، لەم بارەیەوە بە "وشه"ی گوت: دراما دۆبلاژکراوە نەگونجاوەکانی کەناڵە ئاسمانییەکان، هۆکاری پەرەسەندن و بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردە نامۆیانەن لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا. داواشی کرد، خێزانەکان زیاتر چاودێریی مێرمنداڵەکانیان بکەن، بۆ ئەوەی ئەو کێشە کۆمەڵایەتییانە لەوە زیاتر پەرەنەسێنن.
گهرمیان/ سهبری هۆرێنی