بكوژی‌ گه‌نجێك له‌ كه‌ركووك گیرا

:: PM:07:40:13/02/2020 ‌
بکوژی گەنجێکی شاری کەرکووک کە دەنگدانەوەی زۆری درووست کرد، ئەمڕۆ گیرا، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کاری بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە کردووە و لەسەر بازرگانی مادەی هۆشبەر کاری کوشتنەکەی کردووە.

ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکە لێکۆڵینەوەی پۆلیسی‌ نەهێشتنی تاوانی گەڕەکی ئازادی دەستی پێ کرد
ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی شوبات، نەقیب ئاریان نەعمان لە پۆلیسی فیدڕاڵی کەرکووک بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەرەبەیانی ڕۆژی سێی کانوونی یەکەمی ساڵی 2019 لە گەڕەکی شۆڕیجەی کەرکووک، نزیک نەخۆشخانەی شێرپەنجەی کەرکووک لەلایەن سێ کەسی چەکدار بە ئۆتۆمبێڵێکی جۆری (هۆندای مودێل کۆن - ڕەنگـ ڕەساسی - ژمارە کاتی کەرکووک) گەنجێکی تەمەن 23 ساڵان بەناوی (محەمەد عەلی شەریف) بەفیشەک کوژرا و لەدوای خۆیان تاوانباران ئۆتۆمبێڵەکەیان بەجێهێشت.

زیاتر گوتی، ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکە لێکۆڵینەوەی پۆلیسی‌ نەهێشتنی تاوانی گەڕەکی ئازادی دەستی پێ کرد، توانرا یەکێک لەبکوژەکان لە گەڕەکی ئیسکانی شاری کەرکووک بگیرێت و دوو بکوژەکەی تر هەڵهاتوون تا ئێستە  نەگیراون.

ئاشکرای کرد، بەپێی ددانپێدانانە سەرەتاییەکانی یەکەم گیراو دەرکەوتووە کێشەکه لەسەر کڕینی ماددەی هۆشبەر بووە و ئەوان بازرگانیان بەوکارەوە کردووە.

شایەنی باسە لەدوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 بەهۆی خیانەتی گرووپێکی ناو یەکێتییەوە دۆخی تەناهی شارەکە تێک چووە و چەندان گرووپی تاوانکاری لەشارەکە درووست بووە.


وشە - محەمەد میران