لەسەر بڵاوبوونەوەی وێنە ڕووتەكان شێخ جەعفەر بۆ "وشە" دەدوێ‌

:: PM:04:05:15/02/2020 ‌
لە شەوی ڕابردووەوە لە چەند پەیجێك، ژمارەیەك وێنە بڵاوكراونەتەوە و ناوی "شێخ جەعفەر شێخ مستەفا" ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خراوەتە سەر. بەڵام خۆی خۆی دووپاتی دەكاتەوە كە ئەوە دوورە لە راستییەوە.

لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەو وێنانە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی یەكێتی رای دەگەیەنێت، "ئەو وێنانەی بڵاو كراونەتەوە دوورن لە راستی، خەڵكانێكن دەیانەوێت من لەكەدار بكەن".

لەگەڵ خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر كۆدەبنەوە و ئەوانەیش لای یەكێتی هەر بە خیانەتكار حسابن

شیخ جەعفەر لە لێدوانێكدا تایبەت بۆ "وشە" گوتی، "سەردەمی پێشكەوتنی تەكنەلۆجیایە و ئەگەر كەسێك بیەوێت كەسێكی تر بشكێنێت، بەهۆی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتییەوە بە هەزار شێوە لە كەداری دەكەن".

ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە بەهۆی ململانێی ناو یەكێتی لەلایەن پەیجەكانی سەربە گرووپی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، لە فەیسبووك ئەو وێنانەی شێخ جەعفەر بڵاو كرابێتەوە، شێخ جەعفەر ئەوە ڕەت ناكاتەوە و دەڵێت، پێویستە ئەوانە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە كە ناویان بە خیانەتكار ڕۆیشتووە.

بڵاوبوونەوەی ئەو وێنانە رۆژێك دوای لێدوانێكی شێخ جەعفەر هات بۆ "دەنگی ئەمەریكا" كە لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی سەردانی شاندی ئێرانی بۆ لای كۆسرەت رەسوڵ و بافڵ و لاهوور تاڵەبانی، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی یەكێتی، لە وەڵامدا شێخ جەعفەر گوتی، ئێرانییەكان پێوەندییان لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ پچڕاندووە لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، بۆیە راست نییە و سەردانی ئەوانیان نەكردووە، بەڵام لەگەڵ خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر كۆدەبنەوە و ئەوانەیش لای یەكێتی هەر بە خیانەتكار حسابن.

گەشەسەندنی ئەو كێشانەی ناو یەكێتی پێوەندی بە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی حزبەكە هەیە لەبارەی پێڕەوی ناوخۆ و تێیدا بڕیار درا هاوسەرۆك لە یەكێتیدا جێگیر بكرێت.

بەپێی ئەو قسانەی لەسەر بڵاوكردنەوەی وێنەكان لەو پەیجانەدا دانراون، رقێكی حزبی دەردەكەوێت كە لەناو یەكێتییەوە ئاراستەی سەركردەیەكی تری یەكێتی بكرێت. بەڵام وێنەكان رەش و سپی و تا ئێستە هیچ تیمێكی تەكنیكی یاخۆ ناوەندێكی ئەلیكترۆنی نەیسەلماندوون كە ئەوە شێخ جەعفەر مستەفایە یا نا.





وشە - زریان تەها