تا ئێسته چاره‌نووسى ململانێیه‌كانى ئیدلب دیار نییه، چاودێرانى سیاسى ماوه‌ى دوو ساڵه دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، ئیدلب ئه‌و شوێنه ده‌بێت كه دواجار هه‌موو لایه‌نه شه‌ڕه‌كه‌ر و ركابه‌ره‌كانى جه‌نگى سووریا له‌خۆى كۆده‌كاته‌وه و پاراستنى به‌رژوه‌ندى هیچ لایه‌نێكیش له‌م شه‌ڕه‌دا مسۆگه‌ر نییه.
ئیدلب ده‌كه‌وێته باكورى خۆرئاواى سووریا، ئه‌و شاره‌ى كه ده‌یان گرووپى توندڕه‌و و تیرۆریستى تێدایه، له رواڵه‌تدا ململانێیه‌كانى ئه‌م شاره ته‌نیا له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، حكوومه‌تى سووریا ده‌یه‌وێت دوایین پێگه كه به‌ده‌ست ئۆپۆزسیۆنى توندڕه‌وى سووریایه كۆنتڕۆڵى بكاته‌وه، به‌ڵام كه ناوه‌ڕۆكى ململانێیه‌كه لێك ده‌درێته‌وه، ئه‌وا ده‌زانرێت كۆى لایه‌نه شه‌ڕه‌كه‌ره‌كانى سووریا له‌م شاره‌دا دواجار به یه‌كه‌وه كۆده‌كرێنه‌وه و ئیدلب ده‌بێته گۆڕه‌پانییه‌كى گه‌وره بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان.
توركیا دۆسیه‌ى كورد تێكه‌ڵ به ته‌نگژه‌ى ئیدلب ده‌كات
به‌گوێره‌ى ئه‌و رووداوانه‌ى كه له ساڵانى جه‌نگى سووریا روویداوه، پێناچێ كورد له‌م هاوكێشه‌یه دوور بێت، بۆ ئه‌مه‌یش چه‌ندان هۆكار هه‌یه. دوو ساڵ زیاتره رژێمى سووریا باس له كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ى ئیدلب ده‌كات، به تایبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى به هاوكارى رووسیا تواناى ده‌سه‌ڵاتى خۆى بۆ ته‌واوى باشوورى سووریا بگێڕێته‌وه و هه‌سه‌ده‌یش له رۆژهه‌ڵات تواناى ته‌واو ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى رێكخراوى تیرۆریستى داعش رزگار بكات. ئه‌و كات باس له‌وه كرا كورد له ئۆپراسیۆنى كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ى ئیدلب شان به‌شانى رووسیا و سووریا به‌شدار ده‌بن، كه‌چى هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات ناسراو به "هه‌سه‌ده" ره‌تى كرده‌وه ئه‌و كاره بكات و دووپاتی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه ئه‌وان سه‌رقاڵى شه‌ڕى داعش ده‌بن و ناوچه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى سووریا و رۆژئاواى سووریا له تیرۆریستان پاك ده‌كه‌نه‌وه.
له مانگى ئابى رابردوودا رژێمى ئه‌سه‌د ئۆپراسیۆنێكى سه‌ربازى بۆ سه‌ر ئیدلب ئه‌نجام دا، له‌و كاته‌دا توركیا ناڕه‌زایى ده‌ربڕى و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا پێوه‌ندى به رووسیاوه كرد و له دانوستاندنه‌كانى ئه‌و كاتى نێوان توركیا و رووسیا دوو بابه‌ت خرانه گفتوگۆ یه‌كه‌میان ئیدلب بوو، دووه‌میان رۆژئاواى كوردستان بوو. دواتر ده‌ركه‌وت رێككه‌وتنێكى ته‌كتیكى له‌نێوان ئه‌نكه‌ره و مۆسكۆ كراوه، به‌وه‌ى له ئیدلب بۆ ماوه‌یه‌كى كاتى توركیا له هێرشه‌كانى ئه‌سه‌د بێده‌نگ ده‌بێت و له‌به‌رانبه‌ردا خۆى هێرش ده‌كاته سه‌ر رۆژئاواى كوردستان.
ئه‌وه بوو له مانگى ئۆكتۆبه‌ر توركیا هێرشى كرده سه‌ر رۆژئاواى كوردستان چه‌ندان شوێنى داگیركرد، به‌ڵام دوو هه‌فته دواى هێرشه‌كه مۆسكۆ جارێكى تر رێككه‌وتنێكى تر‌ى له‌باره‌ى رۆژئاواى كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا كرد و به رێككه‌وتنى"ئاگربه‌ست" ناوبرا و به‌گوێره‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات له رووبه‌رێكى فراوان ده‌كێشێنه‌وه و هێزى گه‌ڕۆكى توركیا و رووسیا چاودێرانى ناوچه سنوورییه‌كان ده‌كه‌ن.
به‌ڵام هێنده به‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه تێپه‌ڕ نه‌بوو، جارێكى تر هێزه‌كانى حكوومه‌تى سووریا له ئیدلب هێرشیان ده‌ست پێ كرده‌وه، به‌ڵام هێرشه‌كه‌ى ئه‌م جاره‌یان دوو جیاوازى هه‌بوو، یه‌كه‌میان پێشڕه‌وییه‌كى زۆریان كردووه چه‌ندان شوێنى ستراتیجییان له ناوچه‌كه كۆنتڕۆڵ كردووه، دووه‌م جیاوازى ئه‌وه‌یه له هێرشه‌كه‌یان ئه‌م جاره سوپاى ئه‌سه‌د ته‌قه‌یان له هێزه‌كانى توركیا كرد و تا ئێسته 13 كه‌سیان له سه‌ربازانى تورك كوشتووه.
ماڵپه‌ڕى
ئه‌لعه‌ره‌بییه و روانگه‌ى سووری بۆ مافه‌كانى مرۆڤ ئه‌مڕۆ بڵاویان كردووه‌ته‌وه، هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ناردنى هێزى زیاتر بۆ ئیدلب، چه‌كدارانى سه‌ر به توركیا و هێزه‌كانى توركیا شه‌وى رابردوو هێرشیان كردووه‌ته چه‌ند ناوچه‌یه‌كى ژێر ده‌سه‌ڵاتى هه‌سه‌ده له رۆژئاواى كوردستان، ئه‌مه‌یش وه‌ك ئاماژه‌ییه‌كه بۆئه‌وه‌ى له‌وانه‌یه توركیا جارێكى تر كارته‌كانى شه‌ڕى سووریا تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر بكاته‌وه، بۆئه‌وه‌ى له ته‌نگژه‌ى ئیدلب ده‌ربچێت.
دژایه‌تى كورد پاڵنه‌رێك بووه تا توركیا بكه‌وێته جه‌نگى سووریاوه، تا ئێسته له دژى كورد توركیا سێ ئۆپراسیۆنى سه‌ربازى له‌ناو خاكى سووریا كردووه. جیا له‌مه‌یش توركیا هه‌وڵ ده‌دات هه‌نگاوه‌كانى له سووریا له دژى كورد بێت. له‌لایه‌كى تر له‌وه‌ته‌ى توركیا دواجار هێرشى كردووه‌ته سه‌ر رۆژئاواى كوردستان له مانگى ئۆكتۆبه‌رى رابردوو، بابه‌تى دانوستاندنى نێوان ئه‌سه‌د و هێزه كوردییه‌كان له ئارادایه و له ماوه‌ى رابردوویشدا چه‌ندان جار به‌رپرسانى هه‌ردوو لا ئاشكرایان كردووه كۆبوونه‌وه‌یان كردووه، به‌ڵام هێشتا ئاسۆى هیچ رێككه‌وتنێك دیار نییه.
هیچ گره‌نتییه‌ك نییه ئیدلب ده‌رگه‌ى شه‌ڕێك له‌سه‌ر كورد نه‌كاته‌وه
جگه له‌مه‌یش له ماوه‌ى رابردوودا چه‌ندان گرژى له نێوان هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا- رووسیا و پێكدادان له‌نێوان هێزه‌كانى ئه‌سه‌د و ئه‌مه‌ریكا له رۆژئاواى كوردستان بووه، ئه‌مه‌یش ئاماژه‌یه‌كه بۆئه‌وه‌ى كۆى ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ى له رابردوو له‌سه‌ر رۆژئاوا كراون فشۆڵن.
جیا له ئاڵۆزییه‌كانى دۆسیه‌ى ئیدلب، شانۆى جه‌نگى سووریا له دوژمنایه‌تى ره‌هاى توركیا بۆ كورد و دڵنیانه‌بوون له هاوپه‌یمانانى وه‌ك ئه‌مه‌ریكا و رووسیا و نه‌بوونى پێوه‌ندییه‌كى رۆشن له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د، هیچ گره‌نتییه‌ك بۆ كورد نییه ئیدلب ده‌رگه‌ی شه‌ڕێكى تر بۆ كورد نه‌كاته‌وه.