ئیڤانا كاوه |27 ساڵ| خه‌ڵكی هه‌ولێره و ئێسته له سوید ده‌ژیی، ماوه‌ی پێنج ساڵه له‌و وڵاته كاری "مه‌یكه‌پ ئارتێست" ده‌كات، ئه‌ویش له دوای ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی بۆ ئه‌م بواره خوێندی و بڕوانامه‌ی هێنا. ئه‌و له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا باس له‌وه ده‌كات كه له پاڵ كاره‌كه‌یدا زۆر حه‌ز به كاری نواندن ده‌كات و ده‌یه‌وێ وه‌ك ئه‌كته‌ریش ده‌ربكه‌وێ.
به‌نیاز نیت بێیته‌وه كوردستان و ئه‌م كاره لێره بكه‌ی؟
وه‌ك حه‌ز زۆرم پێخۆشه بگه‌ڕێمه‌وه كوردستان و كاره‌كانم له‌وێ بكه‌م ئه‌گه‌ر بۆم بگونجێت، به‌ڵام جارێ له سویدم و ده‌مه‌وێ لێره گرنگی به كاره‌كانم بده‌م و دڵی خه‌ڵك خۆش بكه‌م.
ده‌ڵێن ژنانی ئه‌وروپا ئه‌وه‌نده‌ی ژنانی كورد حه‌ز به ماكیاج ناكه‌ن، ئه‌م بۆچوونه تا چه‌ند ڕاسته؟
ئه‌م جۆره قسانه‌ی له‌باره‌ی ئه‌وروپییه‌كانه‌وه ده‌كرێت تایبه‌ت به به‌كارهێنانی ماكیاج به كه‌می یان هه‌ر به‌كاری ناهێنن، دووره له ڕاستییه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌یكه‌پ ئێسته له‌لای ئه‌وروپاییه‌كان زۆر بووه و ئه‌وان له ئێمه زیاتر به‌كاری دێنن، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی سۆشیال میدیا له ئه‌وروپا كاریگه‌ری زۆری هه‌یه و به‌هۆیه‌وه ماكیاج تۆخ ده‌كه‌ن، به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌ی ئه‌وان ئه‌وه‌یه ڕه‌نگی سارد به‌كار دێنن، بۆ نموونه ڕه‌نگی "سه‌وز و شین و په‌مه‌یی" زیاتر به‌كار دێنن.
چۆن هاوسه‌نگی له نێوان كولتووری خۆت و ئه‌وروپا ڕاده‌گری؟
هه‌میشه هه‌وڵ ده‌ده‌م پارێزگاری له كولتوور و داونه‌ریتی كورده‌واری بكه‌م، به‌تایبه‌تی له ماڵه‌وه، هه‌میشه بۆ هاوڕێكانم باس له پاراستنی كولتووری كوردی ده‌كه‌م و پێشانی ئه‌وانه‌یشی ده‌ده‌م كه ئه‌وروپی یان سویدین، بۆیه پارێزگاریم له كولتوور و جلوبه‌رگی كوردی كردووه و تا ئێسته‌یش له‌وێ هیچ قورساییه‌كی بۆ دروست نه‌كردووم، به‌ڵام هه‌ندێك جاریش شتی وا هه‌یه به‌هۆی كولتووره‌وه بۆ ئێمه ناگونجێ.
تۆ بۆ پارێزگاری له پێستی خۆت چی به‌كار دێنیت؟
له مه‌یكه‌پ زیاتر كرێم به‌كار دێنم، به‌تایبه‌تی كرێمی شه‌وان و ڕۆژانه و تونێر و ماسك ئه‌گاف، تا پێستی رووخسارم جوانتر ده‌ربكه‌وێ، واته هه‌رگیز به مه‌یكه‌په‌وه ناخه‌وم و پێش نوستن ده‌موچاوم ده‌شۆم ئینجا كرێمی شه‌وان به‌كار دێنم.
جگه له كاری مه‌یكه‌پ ئارتێست حه‌زی چ كارێكی ترت هه‌یه؟
جگه له‌و كاره‌ی كه ئێسته ده‌یكه‌م، زۆر حه‌ز له كاری نواندن ده‌كه‌م و ده‌مه‌وێ ئه‌و خه‌ونه‌م ببێت به ڕاستی و وه‌ك ئه‌كته‌ر به‌شداریی فیلم و دراما بكه‌م ئه‌گه‌ر بۆم بگونجێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێسته ئه‌م ده‌رفه‌ته‌م بۆ نه‌ڕه‌خساوه.