دوای كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لەلایەن ئەمەریكا، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی پەرلەمانتارانی شیعە بڕیارێكی سەبارەت بە دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق تێپەڕاند، دوور لە بۆچوونی كورد و سوننە و پێكهاتەكان، پەرلەمانتارێكی شیعە ئاماژە دەكات ئەمجارەیش هێزە شیعەكان بەزۆرینە حكوومەتی محەمەد عەلاوی تێدەپەڕێنن.
شیعە بۆ پاراستنی حكوومەتە لاوازەكەیان رۆڵ و كاریگەریی سوننە و كورد كەم دەكەنەوە
كەریم محەمەداوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "فەتح"، لەوبارەوە دەڵێت، هێزە سیاسییە شیعەكان رێككەوتوون لەسەر متمانەبەخشین بە حكوومەتی محەمەد عەلاوی سەرەڕای ناڕەزایەتیی كورد و سوننە لەسەر ئەو كارە بێ ئەوەی بەشی خۆیان لە وەزارەتەكان ببەن.
زیاتر گوتی، بۆیە رێككەوتن و ئەگەر هەیە بەوەی حكوومەتی عەلاوی تێپەڕ بكرێت، چونكە زۆرینەیەكی سیاسی شیعە هەیە و دەتوانن لەناو پەرلەمان متمانە بە عەلاوی و حكوومەتەكەی بدەن، وەك چۆن لەكاتی دەنگدان و تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای دەركردنی هێزە بیانییەكان رووی دا، بۆیە هەردوو هاوپەیمانی "فەتح" و "سائیروون"، و هێزی تری سیاسی لەسەر تێپەڕاندنی كابینەی حكوومەتەكەی عەلاوی رێككەوتوون بە زۆرینەی شیعە و ئەو توانایەشمان هەیە.
لای خۆیەوە نەدا جەودەت پەرلەمانتارێكی تری عێراق ئاشكرای كرد كە بڕیارە محەمەد عەلاوی سبەی ناوی ئەندامانی كابینەی حكوومەتەكەی رەوانەی پەرلەمان بكات و لە دانیشتنێكی پەرلەمانی لە رۆژی سێشەم دەنگ لەسەر كابینەی حكوومەتەكەی دەدرێت.
ریاز مەسعوودی پەرلەمانتاری "سائیروون"، گوتی، دیاریكردنی دانیشتنی متمانەدان بە حكوومەتی عەلاوی لەلایەن محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان و بەشیر حەدادی جێگری دووەمی بەربەستی تێ دەخرێت، بەهۆی هەڵوێستی هێزە سوننە و كوردییەكان بەرانبەر بە حكوومەتی عەلاوی و دیاریكردنی وادەی دانیشتن پێویست بە رەزامەندیی سەرۆكی پەرلەمان یان دەستەی سەرۆكایەتی دەكات، بۆیە دیاریكردنی دانیشتن بووەتە ئامرازێكی تری گوشاری سوننە و كورد بۆ سەر عەلاوی.