پەرلەمانتارێكی كورد: ناكرێت یەك پێكهاتە پرۆسەی سیاسی عێراق بەڕێوە ببات

:: PM:04:57:16/02/2020 ‌

پەرلەمانتارێكی كورد ئاشكرای دەكات كە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پاڵپشتیكردن لە محەمەد عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراقەوە بوونەتە سێ بەش، پەرلەمانتارێكی تریش دووپاتی دەكاتەوە كە تێپەڕاندنی حكوومەتی عەلاوی دوور لە كورد و سوننەوە، كارێكی هەڵەیە و زیان بە عێراق دەگەیەنێت.
پێویستە بۆچوونی كورد و سوننە لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق وەربگیرێت
جەمال كۆچەر ئەندامی كورد لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە پەرلەمان بەسەر سێ بەش دابەش بوونە، لەوانە پاڵپشتی تەواو بۆ محەمەد عەلاوی و بەرهەڵستی تەواو بۆی و سێیەمیش دوودڵە لەوبارەوە و چاوەڕوان هەڵوێستی مەرجەعیەت دەكات.

زیاتر گوتی، هێزە بچووكە كوردییەكان لەگەڵ عەلاوی گفتوگۆیان لەبارەی پرسە هەڵپەسێردراوەكان لەنێوان هەرێم و بەغدا كردووە وەك رەوانەكردنی مووچەی فەرمانبەران و دوورخستنەوەی ئەو بابەتە لە گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەت، لەوكاتەی پێدانی متمانە بە حكوومەتی عەلاوی پێویستی بە زۆرینەی پەرلەمانی هەیە.  

لای خۆیەوە دیار بەرواری پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، پێویستە بۆچوونی كورد و سوننە لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق وەربگیرێت و ناكرێت پرۆسەی سیاسی لە عێراق یەك پێكهاتە بەڕێوەی ببات، چونكە ئێمەیش بەشێكین لەو وڵاتە و سیستەمە سیاسییەكەی.

زیاتر گوتی، فەرامۆشكردنی هەر پێكهاتەیەك و بۆچوونە سیاسییە جیاوازەكان زیان بە عێراق دەگەیەنێت و ئەگەر حكوومەتی عەلاوی بە زۆرینەی سیاسی بێتە تێپەڕكردن، ئەوكات بڕیار و رێوشوێنی خۆمان دەبێت، ئەوەیش دوای تاوتوێكردنی بابەتەكە لەلایەن سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان.

بەرواری دووپاتی كردەوە كە هێزە كوردییەكان و هێزە سیاسییەكانی تریش ئامرازی گوشاری تریان بەدەستەوەیە بۆ رێگرتن لە تێپەڕاندنی حكوومەتی عەلاوی، بۆیە پێكهێنانی حكوومەت بێ تەوافوقی هەموو پێكهاتەكان كارێكی هەڵەیە و كێشەكان زیاتر دەكات.


https://www.almaalomah.com/2020/02/16/456019/



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل