توێژینەوەیەك لەسەر كاریگەری رێكخراوەكانی ژنان لە كوردستان ئەنجام دەدرێت

:: PM:06:32:16/02/2020 ‌
ئەمڕۆ یەكشەم 16ی شوبات، تۆڕی ئەلتەرناتیڤ بۆ پەرەپێدان و دیموكراسی، پڕۆژەی توێژینەوەیەكی راگەیاند لەسەر (هەڵسەنگاندنی كاریگەرییەكانی رێكخراوەكانی ئافرەتان و ژنان لە هەرێمی كوردستان ).

لە راگەیەنراوێكدا كە تۆڕی ئەلتەرناتیڤ بۆ "وشە"ـی ناردووە، وردەكاری چۆنیەتی ئەنجامدانی توێژینەوەكە روون كراوەتەوە، دەڵێ، توێژینەوەكە توێژینەوەیەكی (تیۆری-مەیدانی ) دەبێت لە تەواوی هەرێمی كوردستان. هاوكات دەستنیشانی بەكارهێنانی رێبازی (چۆنایەتی) كراوە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەكە لە رێگای ئەنجامدانی (چوار فۆكەس گروپ) لەشارە جیاجیاكان و ئەنجامدانی 50 دیمانە، بەكارهێنانی داتا و زانیارییە تایبەتەكانی بوارەكە.

تۆڕی ئەلتەرناتیڤ دەرفەتی تاكە كەسی رەخساندووە بۆ توێژەران و چالاكان، بەو واتایەی دەرفەتەكە بۆ رێكخراوەكان نییە و دەڵێ، تێچووی توێژینەوەكەش لە ئەستۆ دەگرین، هەر كەسێك ئارەزووی هەیە، رۆژی 21ی شوبات، دوا دەرفەتە بۆ بەشداریكردن لە ئەنجامدانی توێژینەكەوە.

توێژینەوەیەك لەسەر هەڵسەنگاندنی كاریگەرییەكانی رێكخراوەكانی ژنان لە كوردستان ئەنجام دەدرێت


ئەگەرچی تۆڕی ئەلتەرناتیڤ لە حەوت خاڵدا وردەكاری بیرۆكە و توێژینەوەكەی باس كردووە، بەڵام دەڵێ، خاوەنی باشترین بیرۆكە لەلایەن ئەلتەرناتیڤەوە پێوەندی پێوە دەكرێت بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەكە.

ئەوەی لەسەر پێشكەشكارە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەكە پێشكەشی تۆڕی ئەلتەرناتیڤ بكات، ئەم حەوت خاڵەی خوارەوەن: 
1-دەبێت لەو بوارەی كە بیرۆكەی پڕۆژەكەی تێدا پێشكەش دەكات پسپۆڕی هەبێت یان ئەزمونی پێشووتری هەبێت.
2-بیرۆكەی پڕۆژەكە نابێت لە 3 لاپەڕە زیاتر بێت.
3-بیرۆكەی پڕۆژەكە و توێژینەوەكە بە زمانی كوردی دەبێت.
4-لەگەڵ بیرۆكەی پڕۆژەكەدا دەبێت خەمڵاندنێكی سەرەتایی بۆ تێچووی پڕۆژەكە پێشكەش بكرێت.
5-لەگەڵ بیرۆكەی توێژینەوەكە كۆپییەك لە ژیاننامەی كەسی پێشكەش دەكات.
6-نابێت بیرۆكەی توێژینەوەكە پێشووتر درابێت بەلایەنێكی دیكە.
7-ئەو توێژەرەی كە بیرۆكەكەی پەسند دەكرێت دەبێت ئامادەیی تێدا بێت لە كۆنفرانسێكدا بیرۆكەكەی بخاتەڕوو، لەگەڵ تیمی تۆڕەكەشدا راسپاردە و پێشنیارەكان بدەن بە لایەنی پێوەندیدار.
بیرۆكەكان بۆ ئەم ئیمەیلە رەوانە دەكرێن:




وشە - فه‌رمان سادق