ئێران و حزبوڵا هانی میلیشیا شیعەكانی عێراق دەدەن بۆ پەلاماردانی ئەمەریكا

:: PM:06:35:16/02/2020 ‌

دوای ئەوەی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە تۆڵەسەندنەوەی عێراقییەكان لە ئەمەریكا بەهۆی كوشتنی ئەبو مەهدی موهەندیس پێویست بە رەزامەندیی ئێران ناكات، ئەمڕۆ حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لبنانی ئاماژەی كرد، گەلی عێراق خۆی بەرپرسە لە وەڵامدانەوەی كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس و ئەوە ئەركی ئەوە.
ئێران كار بۆ ناچاركردنی حكوومەتی عەلاوی بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا دەكات
دوای كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران، پێ دەچێت تەكتیكی ئێران و شێوازی مامەڵەكردنی، گۆڕانكاریی گەورەی بەسەردا هاتبێت، بەتایبەتی دوای كۆبوونەوەی سەرانی حزب و میلیشیا شیعەكان لە ئێران لەگەڵ فەرماندەی نوێی فەیلەقی قودس و محەمەد كەوسەرانی شوێنگرەوەی مەیدانی موهەندیس.

ئێستە ئەوان لەلایەك گوشار دەخەنە سەر خۆپێشاندەران هەوڵی دەستەمۆكردن و بەكارهێنانیان دەدەن، لەلایەكتر كاریگەریی كورد و سوننە بەسەر بڕیاری سیاسی عێراق كەم دەكەنەوە بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكان و لەكۆتاییشدا كردنی عێراق بە گۆڕەپانی بەوەكالەتی رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریكا و كارتێكردن بۆ سەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە و شكستهێنان بە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكەكەی.

نەسروڵا لە وتەیەكی لە كەرنەڤاڵێك بەناوی سەركردە شەهیدەكان، ئەمڕۆ یەكشەم گوتی، گەلی عێراق بەرپرسە لە وەڵامدانەوەی كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فویلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی، بۆیە تۆڵەسندنەوە دەكەوێتە ئەستۆی گەلی عێراق و وەك برایەك رێنوێنیان دەكەم كە پارێزگاری لە حەشدی شەعبی بكەن، چونكە ئەمەریكا نایەوێت ئەوان بمێنن.

زیاتر گوتی، هەروەها پێویستە وەك وەفادارییەك بۆ خوێنی شەهیدان، هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەربكەن، روونی كردەوە، سلێمانی دەیویست عێراقێكی سەركەش و خاوەن شارستانی لە ناوچەكە ببینێت و ئەوەیش خەمی ئەو بوو لە ساڵانی دواییدا.

نەسروڵا دانی بەوەدا نا كە كوشتنی سلێمانی و موهەندیس هێزەكانی بەرگری، میلیشیا شیعەكان، و ئێرانیان خستە ناو قۆناغێكی نوێ و هەستیار و چارەنووسسازەوە و پێویستە ئەمەریكا وا نەزانێت بەتەنیا فەرمانڕەوایی دنیا دەكات.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل