ماڵپەڕێكی بەریتانی ئاماژە دەكات كە كۆبوونەوەیەكی نهێنی لەنێوان چەند فەرماندەیەكی سوپای ئەمەریكا و سوپای عێراق لە ئوردن كراوە و ئەمەریكییەكان چەند پێشنیازێكیان كردووە، لەوانە پاشەكشەكردنی لە ناوچە شیعەنشینەكان.
بەپێچەوانەی هەواڵەكانی باسی ئەوە دەكەن كە ئەمەریكا دەیەوێ دەسەڵاتی خۆی و ئەندامانی هاوپەیمانی ناتۆ لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بكات لەرووی سەربازییەوە، بەشێك لە میدیاكان بەو ئاراستەیە دۆخەكە دەبەن كە ئەمەریكا دۆخی لە عێراق شلۆقە و چاوەڕوانی بڕیاری عێراقە بۆ دەركردنی، لەكاتەی پێشتر ئەمەریكا بەراشكاوانە بە عێراقی راگەیاند كە لە ئەگەری كشانەوەیان، سزایەكی توندتر لەوەی ئێران دەخەنە سەر ئەو وڵاتە.
ماڵپەڕی
"میدڵ ئیست ئای"ی بەریتانی لە راپۆرتێكی باسی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەیەكی نهێنی هەفتەی رابردووی نێوان فەرماندەكانی سوپای ئەمەریكا و عێراق لە عەمان دەكات و ئاماژە دەكات كە ئەمەریكا چەند پێشنیازێكی خستووەتە بەردەم عێراقییەكان بۆ پاشەكشەكردنی بەشێك لە هێزەكانی لە ناوچەكانی شیعە وەك بنكەی سەربازیی بەلەد لە باكوری بەغدا، هاوكات بە عێراقییەكانیان راگەیاندووە كە رەنگە ئەمەریكا بیر لە كەمكردنەوەی هێزەكانی لە بەغدایش بكاتەوە.
لەلایەكی تر لایەنی ئەمەریكی بەدووری زانی و رەتی كردەوە كە لە بنكەی عەین ئەسەدی ئاسمانی لە پارێزگای ئەنبار پاشەكشە بكەن و ئەوە هیڵی سوورە بۆ ئەوان، نوێنەری ئەمەریكا لە كۆبوونەوەكە گوتوویەتی ناتوانم باس لەو بابەتە بكەم و پاشەكشەكردن لەو بنكە جێی باسكردن نییە.