پۆمپیۆ: رێگە بەهێرشكردنە سەر ئەمەریكییەكان و زیانپێگەیاندنیان نادەین

:: PM:07:55:16/02/2020 ‌

مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە ئەوان پابەندن بە رێگرتن لە خۆپڕچەككردنی ئێران و سەپاندنی ئەوپەڕی گوشار لەسەری، بەتایبەتی دوای كوشتنی قاسم سلێمانی و دووپاتی كردەوە كە بەرانبەر ئەو هێرشانەی زیان بە ئەمەریكییەكان دەگەیەنن، لێخۆشبوونمان نابێت.
ئەمەریكا بەشێوازی خۆی جەنگی ئێران دەكات
بڕیارە لەم هەفتەیە پۆمپیۆ سەردانی سعوودیە بكات، هاوكات لەگەڵ بوونی ژمارەیەك دۆسیەی گەرم لە ناوچەكە وەك دۆسییەكانی ئێران و عێراق و سووریا، بەتایبەتی هەوڵەكانی بۆ نوێكردنەوەی كۆتی سەر خۆچەكداریكردنی ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایش كە ئەمساڵ كۆتای دێت، بۆیە وڵاتانی ناوچەكە ترسیان لەوە هەیە كە ئێران دەتوانێت تانك و مووشەك بكڕێت و بفرۆشێت، بەوەیش ناوچەكە دەكەوێتە ناو كێبەركێی خۆپڕچەككردنەوە.

وەك لە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"، هاتووە پۆمپیۆ لەبارەی عێراقەوە گوتی، بە كوشتنی قاسم سلێمانی گیانی چەندان ئەمەریكیمان رزگار كرد و سەروەریی عێراقمان پاراست، ئەو بەرپرس بوو لە كوشتنی زیاتر لە 600 ئەمەریكی و عەرەب لە سووریا و عێراق و تا ساتی كوشتنیشی كاری بۆ كوشتنی زیاتریش دەكرد، وەك سەرۆك ترەمپ ئاماژەی كرد كە لێخۆشبوونمان بۆ ئەوانە نابێت كە زیان بە ئەمەریكییەكان دەگەیەنن. 

لەبارەی فرەوانكردنی ئەركەكانی هاوپەیمانی ناتۆ لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی، سەرۆك ترەمپ گرنگی بە زیادكردنی ئەركەكانی هاوپەیمانی ناتۆ دەدات لە پاراستنی ئاستی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەهێشتنی ململانێكان و نەهێشتنی تیرۆر.

پۆمپۆ لەبارەی ئێرانەوە گوتی، لەسەپاندنی ئەوپەڕی گوشار بۆ سەر ئەو وڵاتە و دابڕانی لەرووی دیپلۆماسییەوە و گوشاری ئابووری و بەرپەرچدانەوەی سەربازی بۆ گۆڕینی رەفتارەكانی بەردەوام دەبین، هاوكات پاڵپشتی لە گەلانی ئێرانیش دەكەین.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل