بەهۆی تەقینەوەیەك لە گرێ سپی چوار هاووڵاتی بوونە قوربانی

:: PM:10:50:16/02/2020 ‌

ئاژانسی هەواڵی توركیا رای گەیاند كە لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبیڵێكی بۆمبڕێژكراو لە شاری گرێ سپی لە نزیك سنووری سووریا لەگەڵ توركیا، چوار هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە.
گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا لە دۆخێكی لاوازدان
ئەو ئاژانسە توركییە هەواڵەكەی لە سەرچاوەیەكی تەناهی توركی گواستەوە و وەك هەمووجار یەكینەكانی پاراستنی گەلی بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار كرد، لەوكاتەی ئەو شێوازە و ئەو تەقینەوانە پێشتر لە چەند ناوچەیەكی ژێر دەستی گرووپەكانی سەر بە توركیا دووبارە بووەتەوە.

وەك ئاژانسی "رۆیتەرز"، بڵاوی كردەوە، تا ئێستە دیار نییە كە ئەو قوربانیانە كوژراون یان بریندار بوونە بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەكەوە، لەوكاتەی هەواڵەكان باسی كوژرانی سێ كەس و برینداربوونی ژمارەیەكی تریان دەكرد.

هێزەكانی توركیا و گرووپەكانی سەر بە توركیا لە ئۆكتۆبەری رابردوو هێرشێكی گەورەیان كردە سەر ناوچە سنوورییەكانی رۆژهەڵاتی فورات و توانیان گرێ سپی كۆنترۆڵ بكەن كە بەدەستی یەكینەكانی پاراستنی گەل بوو، لەو ساتەوە دۆخی تەناهی ئەو ناوچەیە تۆكمە نییە و تا ئێستە چەند تەقینەوەیەك رووی داوە و ژمارەیەك هاووڵاتی و چەكدارانی ئەو گرووپانە كوژراون.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل