قۆناغى حزبایه‌تى له هه‌رێمى كوردستان به ته‌واوى گۆڕانكاریى به‌سه‌ردا هاتووه، ئه‌و حزبانه‌ى ئێسته هه‌ن و به‌شێكیان له په‌رله‌مانى كوردستان خاوه‌نى كورسى نین، گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕواى كه هیچ ئومێدێك بۆ دروستبوونى حزب نه‌ماوه و له‌وه زیاتر گه‌شه ناكه‌ن، ته‌نانه‌ت چه‌ند نموونه‌یه‌كى زیندوویش بۆ ئه‌وه هه‌یه.
چاودێرانى سیاسیی پێیان وایه جگه له پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، زۆربه‌ى ئه‌و حزبانه‌ى له‌و قۆناغه‌ى ئێسته كار ده‌كه‌ن، ڕووبه‌ڕووى ئینشیقاق و لێكترازان بوونه‌ته‌وه.
یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان كه مێژوویه‌كى زۆرى له‌گه‌ڵ ململانێ و جیابوونه‌وه هه‌یه تا ده‌گاته ئه‌و قۆناغه‌ى ئێسته‌ى، یه‌كێكه له نموونه دیاره‌كان. هاوكات ئه‌و حزبانه‌یشى ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه دروست بوون، ئێسته له‌ناو ململانێیه‌كى سه‌ختدان، له كاتێكدایه هێشتا په‌یامه‌كانیان نه‌گه‌یشتووه‌ته ده‌ره‌وه‌ى باره‌گا و ئۆفیسه‌كانى خۆیان.
له كوردستان ئومێدی حزبی نوێ نه‌ماوه و جگه له پارتی ئه‌وانی تر شكستیان هێناوه
نه‌وه‌ى نوێ و هاوپه‌یمانى نیشتمانى جیاواز له یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، دوو حزبى نوێن، به‌ڵام له سه‌ره‌تاكانى ته‌مه‌نیان ڕووبه‌ڕووى چه‌ندان جیابوونه‌وه و كێشه بوونه‌ته‌وه. هاوكات حزبه ئیسلامییه‌كان له‌ناویاندا بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى و كۆمه‌ڵى ئیسلامى، پشكى شێریان له ناڕه‌زایه‌تیى ناوخۆیى به‌ركه‌وتووه.
هه‌موو ئه‌وانه سه‌لمێنه‌رى ئه‌وه‌ن كه دروستبوونى حزبى نوێ له كوردستان هیچ ئومێدێكى نییه. بۆیه به‌رپرسێكى سیاسی ده‌ڵێت، نه‌ك ئومێد بۆ دروستبوونى حزب نه‌ماوه، به‌ڵكو ئه‌ندامى باڵاى حزب هه‌یه كه كورسیى له په‌رله‌مان نییه، ئێسته ئێواران سه‌رقاڵى كاسبییه و ئومێدى به سیاسه‌ت نه‌ماوه.
ئه‌گه‌ر به‌مێژووى به‌شێك له حزبه سیاسییه‌كانى كوردستاندا تێپه‌ڕى، ده‌رده‌كه‌وێ زۆرینه‌ی ئه‌و حزبانه له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕق یان كاردانه‌وه، دامه‌زراون و دواتر ڕووبه‌ڕووى لێكترازانى گه‌وره بوونه‌ته‌وه، تا ئه‌وكاته‌ى ده‌گه‌نه قۆناغى پووكانه‌وه، ئه‌وه‌یش به‌هۆى نه‌بوونى به‌رنامه‌یه‌كى تۆكمه‌ى نه‌ته‌وه‌یی و پرۆژه‌ی سیاسیی جێگیر، ڕه‌نگه له دوو قۆناغى جیاوازدا نه‌وه‌ى نوێ و یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان باشترین نموونه بن.
به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ چه‌ند ساڵى ڕابردوو و خوێندنه‌وه بۆ ڕه‌وشى حزبایه‌تى، به جۆرێكه ئه‌و سیاسییانه‌ى له حزبه‌كان جیا ده‌بنه‌وه، ڕق به‌رانبه‌ر سیاسه‌ت و حزبایه‌تى هه‌ڵده‌گرن، زۆربه‌ی ئه‌وانه له به‌یاننامه‌ى جیابوونه‌وه‌یاندا باس له نه‌گونجان له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ى حزبه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، به‌ڵام دواتر هه‌مان گوتار و په‌یامى ئه‌و حزبه هه‌ڵده‌گرنه‌وه كه لێى جیا بوونه‌ته‌وه، له‌و حاڵه‌ته‌یشدا ئارام قادر سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى نیشتمانى نموونه‌یه‌كى تره كه دواى جیابوونه‌وه‌ى له كۆمه‌ڵى ئیسلامى، ئێسته سه‌رۆكایه‌تى هاوپه‌یمانى نیشتمانى ده‌كات و به‌پێى زانیارییه‌كانى "وشه"، زۆرترین كارى له‌سه‌ر ڕاكێشانى كادرانى كۆمه‌ڵى ئیسلامییه تا كۆمه‌ڵ له به‌رگێكى تردا زیندوو بكاته‌وه.
هاوكات بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان یه‌كێكى تره له‌و حزبانه‌ی مێژووى دروستبوونه‌كه‌ى له ئه‌نجامى تووڕه‌یی گرووپێك له‌ناو یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان دروست بوو به‌رانبه‌ر سیاسه‌ت و كاركردنی یه‌كێتی، له كاتێكدا ئه‌و ڕق و تووڕه‌ییه له‌ناو به‌شێك له سه‌ركرده‌كانى مایه‌وه تا ئه‌وكاته‌ى ئێسته چه‌ندان سه‌ركرده‌ى تری گۆڕانیش وازهێنانیان ڕاگه‌یاند و ده‌ڵێن، پڕۆژه‌ى سیاسیمان هه‌یه.
هیچ ئومێدێك نییه له قۆناغى داهاتوو حزبى نوێ به هێزێكى نوێ و گه‌وره‌وه دروست بێ
جه‌لال محه‌مه‌د ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى سیاسیی هاوپه‌یمانى نیشتمانی كه ماوه‌ى ساڵێكه مۆڵه‌تیان هه‌یه، بۆ "وشه" ده‌ڵێت، حزب به گشتیی له عێراق و هه‌رێمى كوردستان له بچووكبوونه‌وه‌دایه، له كوردستان دروستبوونى حزب كارێكى قورسه.
ڕوونى كرده‌وه "خه‌ڵك هه‌موو ئه‌و ته‌نگژانه‌ى هه‌ن له چاره‌نووسى حزبه‌كانى ده‌بینن، بۆیه هیچ ئومێدێك نییه له قۆناغى داهاتوو حزبى نوێ به هێزێكى نوێ و گه‌وره‌وه دروست بێ". دووپاتی ده‌كاته‌وه، "به‌شێك له سیاسییه‌كانیش بێ ئومێد بوون له كاركردن و ئێسته ته‌نگژه‌ى بێ متمانه‌یى له‌ناو حزبه‌كان هه‌یه".
جیابوونه‌وه و كێشه‌ى چه‌ند حزبێكى دیارى گۆڕه‌پانى سیاسى كوردستان ده‌كه‌ین:
یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان له مێژووى دروستبوونیه‌وه تا ئه‌مڕۆ، به‌هۆى نه‌بوونى به‌رنامه‌یه‌كى گونجاوى كاركردن و نه‌ته‌وه‌یی، ده‌یان باڵى له‌ناو دروست بووه و چه‌ندان گرووپى لێ جیا بووه‌ته‌وه، گه‌وره‌ترینیان بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان بوو له ساڵى 2009، له‌وكاته‌وه ئه‌و حزبه به‌ده‌ست ده‌یان كێشه‌وه ده‌ناڵێنێ، ته‌نانه‌ت به‌هۆى جیابوونه‌وه‌ى گۆڕانه‌وه، به‌شێكى سه‌ره‌كى ئیداره‌ى سنووره‌كه‌ى خۆى له ده‌ست داوه.
هاوكات بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان تا كۆچی دوایى نه‌وشیروان مسته‌فا ڕێكخه‌رى گشتیی بزووتنه‌وه‌كه له ساڵى 2017، به ئاستێكى زۆر بێ كێشه هه‌نگاوى نا، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى حزبه‌كه له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕق دروست بوو، دواى كۆچی دوایى نه‌وشیروان مسته‌فا، تووشى ده‌یان كێشه بوو و "پڕۆگۆڕان" و چه‌ندان گرووپى ترێ لێ جیا بووه‌وه، تا ئه‌وكاته‌ى له 25 كورسیی په‌رله‌مانییه‌وه پووكایه‌وه و له دوا هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان 12 كورسیی به‌ده‌ست هێنا.
گۆڕان ئێسته چه‌ندان دامه‌زرێنه‌ر و سه‌ركرده‌ى لێ جیا بووه‌ته‌وه و حزبه‌كه له ته‌نگژه‌یه‌كى قووڵى ململانێدا سیاسه‌ت ده‌كات. جیا له‌وه‌ی به‌شێك له‌و به‌رپرسانه‌ی متمانه‌ی پێدان له حكوومه‌ت و په‌رله‌ماندا، دوای ده‌وڵه‌مه‌ندبوون وازیان له بزووتنه‌وه‌كه هێنا.
یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان كه ته‌مه‌نێكى زۆرى له دامه‌زراندنى نییه، تا ئێسته ڕووبه‌ڕووى ئینشقاق و جیابوونه‌وه‌ى گه‌وره نه‌بووه، به‌ڵام گه‌شه‌كردنی به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه و به‌رپرسى گه‌وره و كاریگه‌ریشى لێ جیا بووه‌ته‌وه. عه‌بدولڕه‌حمان سدیق و دیندار دۆسكی و محه‌مه‌د ڕه‌ئووف نموونه‌ی دیار و دامه‌زرێنه‌رن كه ئه‌مه‌ی دوایی له‌ناو هاوپه‌یمانى نیشتمانی گیرسایه‌وه.
یه‌كگرتوو ساڵانه ڕووبه‌ڕووى ململانێى سیاسیی ده‌بێته‌وه، به‌ڵام سیاسه‌تى په‌روه‌رده‌ی حزبه‌كه به جۆرێكه ئه‌وانه‌ى لێى جیا ده‌بنه‌وه، ناتوانن حزب و ڕێكخراوى سه‌ربه‌خۆ دابنێن.
كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان، هه‌رچه‌نده به‌كێكه له‌و حزبانه‌ى له‌سه‌ر بنه‌ماى جیاوازی به‌رژه‌وه‌ندی و بڕیار، له بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى جیا بوونه‌وه، به‌ڵام به‌هۆى ناڕه‌زایی و كێشه‌ى ناوخۆییه‌وه ئه‌و حزبه پشوو نادات، ساڵى ڕابردوو زیاتر له 200 كادرى باڵاى وازیان هێنا و پێشتریش ئارام قادر كه ئێسته سه‌رۆكایه‌تى هاوپه‌یمانى نیشتمانى ده‌كات.
كۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى گیرۆده‌ى ده‌ستى ئه‌مینداره‌كه‌یه‌تى، هاوكات پێوه‌ندى سیاسیی و حزبایه‌تیشى له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى سسته، به‌و جۆره‌ى هه‌یه ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵ بمێنێته‌وه، ئه‌وه له داهاتوویه‌كى نزیكدا ڕووبه‌ڕووى پووكانه‌وه‌یه‌كى گه‌وره ده‌بێت به‌تایبه‌تی كه خۆى له‌گه‌ڵ هیچ حزبێكى سیاسى تردا ناگونجێنێ.
هه‌ریه‌كه له حزبه‌كانى تر‌ى وه‌ك سۆسیالیست و شیوعى و بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى و زه‌حمه‌تكێشان، له مێژووى سیاسی و حزبییان ڕووبه‌ڕووى كێشه بوونه‌ته‌وه، ئه‌و حزبانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى پێڕه‌و و پڕۆژه‌ى ناوخۆییان هه‌یه، به‌ڵام ناتوانن له‌وه‌ى ئێسته هه‌ن، زیاتر گه‌شه بكه‌ن.
ئێسته باشترین به‌ڵگه بۆ دروست نه‌بوونى حزبى سیاسیی له كوردستان و ئومێد نه‌بوون بۆ ئه‌و كاره، هه‌ریه‌كه له نه‌وه‌ى نوێ و هاوپه‌یمانى نیشتمانین.
نه‌وه‌ى نوێ كه ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه دروست بووه و حه‌وت كورسى له په‌رله‌مانى كوردستان هه‌بوو، به‌و ماوه كه‌مه به‌هۆى فه‌شه‌لى شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆكى جووڵانه‌وه‌كه، تووشى شكستى گه‌وره هات، نه‌ك ته‌نیا حزبه‌كه، به‌ڵكو فراكسیۆنه‌كه‌یشى له په‌رله‌مانى كوردستان و په‌رله‌مانى عێراق بوونه سێ پارچه.
نه‌وه‌ى نوێ وا لێكدانه‌وه‌ى بۆ ده‌كرێ حزبێكى كاتى بێ و له داهاتوویه‌كى نزیك ئه‌و گڵۆپه‌ى بكوژێته‌وه كه ئێسته كردوویه‌تى به لۆگۆكه‌ى.
هاوپه‌یمانى نیشتمانی كه به‌رهه‌م ساڵح ئومێدى سیاسیی تێدا نه‌هێشت و بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمارى حزبه‌كه‌ى جێهێشت، ئێسته به ده‌ست ئارام قادر سه‌رۆك و ئا‌ڤێستا محه‌مه‌د یاریده‌ده‌رى، تووشى كێشه بووه. حزبه‌كه ساڵێكه مۆڵه‌تى فه‌رمى وه‌رگرتووه، به‌ڵام سه‌رۆك و یاریده‌ده‌ر نایانه‌وێ یه‌كتریش ببینن.
سه‌ركرده‌ى یه‌كێك له‌و حزبانه‌ى له‌م ڕاپۆرته‌دا ناوى هێنراوه، پێى باش نه‌بوو ناوى بڵاو بكرێته‌وه، به"وشه"ى گوت، به‌رهه‌م ساڵح هۆى سه‌ره‌كى بێ ئومێدكردنى حزبه‌كان بوو له سیاسه‌ت، به‌تایبه‌ت ئه‌و حزبه‌ى خۆی دروستی كرد و جێى هێشت.
سه‌ركرده‌كه ده‌ڵێ، "ئێسته نه‌ك حزبه‌كان، به‌رپرسى باڵاى ناو حزبه‌كانیش له سیاسه‌ت بێ ئومێد بوون، به‌رپرسى سیاسیی ناو حزبه‌كان هه‌یه ئێواران له بازاڕ كاسبى ده‌كات".
وه‌ك چۆن ژن له سك ده‌كه‌وێ، كوردستانیش له دروستكردنی حزب كه‌وتووه
مه‌سعوود عه‌بدولخالق چاودێرى سیاسیی، بۆ "وشه" ده‌ڵێت، ئه‌و مۆدێله حزبییه‌ى له كوردستان هه‌یه، له دنیادا مۆدێلى نه‌ماوه، چونكه حزب نابێ خه‌رجیى لێ بكرێ و به‌و شێوه‌یه پارێزگارى لێ بكرێ بۆ مانه‌وه. ڕوونی كرده‌وه "به گشتیی حزب له كوردستان بارگرانى دروست كردووه، دۆخى ئێسته له‌گه‌ڵ حزبایه‌تییه‌كه‌ی ئێسته ناكۆكه".
عه‌بدولخالق له به‌شێكى تر‌ى قسه‌كانیدا گوتى، سه‌ته‌ى 21 كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى تواناى به‌رهه‌مهێنانى حزبى نوێى نه‌ماوه، وه‌ك چۆن ژن له سك ده‌كه‌وێ، كوردستانیش له دروستكردنی حزب كه‌وتووه و تواناى نه‌ماوه، بۆیه له‌وه‌ى هه‌یه كارى حزبایه‌تى زیاتر گه‌شه ناكات و حزبى نوێ دروست نابێ.
ئه‌و حزبانه‌ى هه‌ن ده‌سته‌مۆ كراون و گه‌شه ناكه‌ن
لای خۆیه‌وه محه‌مه‌د بازیانى سه‌رۆكى بزاڤى چاكسازى و گه‌شه كه ده‌یه‌وێ حزب دابمه‌زرێنێ و مۆڵه‌تى پێ نادرێ، بۆ "وشه" ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه ئه‌و حزبانه‌ى له كوردستان بیانه‌وێ دروست بن، به دڵى خۆیان نابن و ئه‌وانه‌یشى هه‌ن له‌وه زیاتر گه‌شه ناكه‌ن.
وه‌ك بازیانی ده‌ڵێ، "چه‌ند حزبێك هه‌ن چه‌ند كورسییه‌كى په‌رله‌مانیان هه‌یه، ده‌سته‌مۆ كراون و ناتوانن گه‌شه‌ى زیاتر بكه‌ن، به‌ڵام قۆناغه‌كه ئه‌وه قبووڵ ناكات و له داهاتوو ده‌پووكێنه‌وه".